ئیحسان عوسمان ئەكتەرانی چوار وڵات لە شانۆگەرییەكـی نیشتمانیی ئەڵمانیدا كۆدەكەینەوە
ئیحسان عوسمان لەم بارەوە دەڵێ: حكومەتی ئەڵمانیا و شانۆی نیشتمانیی ئەڵمانیا 400 هەزار یورۆی بۆ ئەم شانۆگەرییە دابین كردووە و بە نیازین لە ناوەڕاستی مانگی ئاب هەموو ئەكتەران و ستافی ئەم شانۆگەرییە لە ئەستەنبوڵ كۆببنەوە بۆ دەستپێكردن بە پرۆڤەكان.یەكەم نمایشی شانۆگەرییەكە، رۆژی 13/9/2017 لە بەرلین دەبێت، دواتریش لە ئیسرائیل، توركیا و فەلەستین. بەڵام خەونی ئیحسان ئەوەیە هەمان شانۆگەری لە كوردستانیش نمایش بكات.
پەیامی ئەم شانۆگەرییە مژارێكی گەرمی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپایە. ئیحسان عوسمان دەڵێت: «شانۆگەرییە باس لە كۆچبەران دەكات. دەمانەوێت بە هەموو ئەو وڵاتانەی بەرهەمهێنەری چەكن بڵێین، كاتێك ئێوە چەك بە وڵاتە دیكتاتۆرەكان دەدەن، ئەوە لەبەرامبەر ئەوەدا ئاوارە و كۆچبەر رووتان تێدەكات، واتە ئەگەر چەك بچێنی، ئاوارە و كۆچبەر دەدووریتەوە، بۆیە پێویستە وڵاتە زلهێزەكان بەچاوێكی باشتر لە كۆچبەران بڕوانن».
ئەم دەرهێنەر و شانۆكارە كوردەی دانیشتووی ئەڵمانیا، بڕیارە بەشداری لە كارێكی دەرهێنەری ناوداری ئەمریكی رۆبەرت وێڵسن بكات، ئیحسان دەڵێت « جگە لە دەرهێنان هەندێ جاریش وەكو ئەكتەر بەشداری لە شانۆگەریدا دەكەم، وەكو ئەكتەر بەشداریم لە كارێكی دەرهێنەری ناوداری جیهانی رۆبەرت وێڵسندا كردووە كە بەناوی بورجی بابلە و بڕیارە لە مانگی نۆڤەمبەری داهاتوو لە فرانكفۆرت نمایش بكرێت».
رۆبەرت وێڵسن یەكێكە لە دەرهێنەرە ناودارەكانی جیهان، هەمیشە كارەكانی بەچاوێكی بەرز سەیر دەكرێت و دەنگدانەوەی جیهانی دەبێت، ئیحسان لەبارەی رۆبەرت دەڵێت «رۆبەرت باشترین دەرهێنەری جیهانە، هەموو كارەكانی ئەو پێشوازییەكی باشیان لە ئەمریكا و ئەوروپا لێدەكرێ».
ئەوە دوا كاری ئیحسان نابێ لەگەڵ ئەو دەرهێنەرە ئەمریكییە، ئیحسان دەڵێت :»لەگەڵ ئەو دەرهێنەرە لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی كارێكی شانۆیی لەسەر كورد بكەین كە نزیكەی 500 هەزار دۆلاری دەوێت، بۆیە لەوانەیە لەگەڵ شانۆی نەتەوەیی ئەڵمانیا ئەم شانۆگەرییە پێشكەش بكەین».
رۆبەرت وێلسن ساڵی 1941 لە ئەمریكا لەدایك بووە، یەكێكە لە شانۆكار و دەرهێنەرە ناودارەكانی ئەمریكا، هاوكات وەكو راهێنەرێكی سەما لەگەڵ چەندین گۆرانیبێژ و ئەكتەری هۆڵیوود كاری كردووە، لەیدی گاگا یەكێكە لەو گۆرانیبێژانەی كە لەسەر دەستی رۆبەرت سەما فێر بووە.
ئیحسان عوسمان، خەڵكی شاری دهۆكە و لەساڵی 1991ەوە لە ئەڵمانیا دەژی، بەهۆی ئەو كارانەی لەماوەی رابردوودا پێشكەشی شانۆی ئەڵمانیی كردووە، بووەتە هەڵبژێردراوی شانۆی نەتەوەیی ئەڵمانیا، بەتایبەتی دوای ئەو ئۆپێرایەی لەسەر شانۆكانی ئەڵمانیا پێشكەشی كرد كە لە رۆمانەكانی سەلمان روشدی وەریگرتوون و چەندین ئەكتەری كوڕ و كچی ئەڵمانی بەشدارییان تێدا كردووە.
ئیحسان هەر بە ئەندامبوون لە شانۆی نیشتیمانی ئەڵمانیا نەوەستا، بەڵكو توانی ببێتە ئەندامی پەیمانگەی شانۆی جیهانی (iTi) كە سەر بە رێكخراوی یونسكۆیە. ئیحسان رەزامەندی پەیمانگەكەی وەرگرتووە كە شانۆكارانی دیكەی كوردیش ببنە ئەندامی.
ئیحسان عوسمان دەڵێت: «هەرچەندە لە پەیڕەو و پرۆگرامی ئەو رێكخراوەی یونسكۆدا هاتووە كە تەنیا دەوڵەتی سەربەخۆ دەتوانن ببن بە ئەندام، بەڵام توانیمان بە پشتگیری وڵاتانی رۆژئاوا وەك ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، نەمسا، هۆڵەندا و لۆكسەمبۆرگ و چەندین وڵاتی دیكە، هەروەها بە پشتگیریی راستەوخۆی سەرۆكی ئای تی ئای بەڕێز بیانكونە، سەرەڕای دژایەتیكردنی توركیا و سووریا و ئێران، بەڵام كوردیان بە ئەندامی كارا وەرگرت».
پەیمانگەی جیهانی بۆ شانۆ « International Theatre Institute ITI» رێكخراوێكی جیهانییە بۆ شانۆكاران، سەر بە رێكخراوی یونسكۆیە، لە ساڵی 1948 دامەزراوە، تاوەكو ئێستا زیاتر لە 90 وڵات تێیدا ئەندامن، ساڵانە كەسایەتییەكی شانۆكاری دیاری دونیا، پەیامی ساڵ دەنووسێت. رێكخراوەكە ساڵانە دەیان فێستیڤاڵی جیهانی سازدەكات.
ئیحسان هەروەها دەڵێت: «بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزی ئەمساڵ لە ئیسپانیا كۆنفرانسی پەیمانگەی شانۆی جیهانی بەڕێوەبچێ، كورد وەك هەموو ئەندامانی دیكە بانگهێشت كراوە و ئاڵای كوردستان هاوشانی ئاڵای وڵاتانی بەشداربوو دادەنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا شانۆكارانی كورد مافیان هەیە خۆیان بۆ سەرۆكایەتی ئای تی ئای، كە سەر بە رێكخراوی یونسكۆیە كاندید بكەن».