ئەو ساتانەی ناسڕێنەوە ((بەرەو وەزارەت)) ئەحمەد سالار 2

ئەو ساتانەی ناسڕێنەوە ((بەرەو وەزارەت)) ئەحمەد سالار 2
وا رێكەوت لەو رۆژانەدا «كۆلۆنێل وڵسن» گەورە بەرپرسی ئەمریكی دەستبەرداری ئەركەكەی بوو، بەر لەوەی بگەڕێتەوە ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاری ئاهەنگێكی ماڵئاوایی لێكردنیان دا و، دەستنیشانی (جوندیان)یان بۆ ئەو مەبەستە كرد، بڕیاریان دا وەزیران و جێگرانیان ئامادەبن، رێوڕەسمەكە بە شێوازێكی زۆر جوانی كوردانە بەڕێوەچوو، نایابترین جۆری خواردنەكانی (هەولێر)یان ئامادەكردبوو، خواردنەكانی خانەدان و ئاغالەرەكانی شارەكە، دیارە خواردنی ئاغایانی (دزەیی) هەمیشە (فیرست كڵاس) بووە. بەڕێز (د.فوئاد مەعسووم)ی سەرۆك وەزیران یەك یەكی ئێمەی بە (كۆنۆلێل) ناساند، كە گەیشتە سەر من، بەڕێزیان فەرمووی: ئەمە شكسپێری ئێمەیە و رابەری شانۆی كوردستانە. ئیدی (كۆلۆنێل) تێر دەستی گوشیم و بە روویەكی خۆشەوە وتی: هیوادارم تۆش وەك (میستەر ریگن)ی ئێمە ببیتە سەرۆك. ئەو رۆژە كاتێكی خۆشمان بەسەر برد، بۆ گەڕانەوە، هەروا رێككەوت من لەگەڵ (بەڕێز قادر عەزیز) بگەڕێمەوە، لە رێگا لە دوتۆی گفتوگۆماندا، پرسیارێكم لێكرد: من تەمەنێكە سەرقاڵی هونەر و زانستی دەنگی و ئاخافتنم و هەر لەو بوارەدا سێ كتێبم نووسیوە (گوتاربێژی و دەمودو – دەنگسازی – زانستی دەنگی و ئاخافتن) ساڵەها مامۆستای ئەو بابەتە بووم، حەزدەكەم بپرسم، لەكەیەوە و بەچی دەنگت نووساوە؟ ئایا بە جۆرێك لە جۆرەكانی نەخۆشیی گرانەتا تووش بوویت و كاری كردۆتەوە سەر دەنگت؟ لە وەڵامدا فەرمووی: بەڵێ تووشی ئەو گرانەتایە بووم، كە تۆ باسی دەكەیت. بەڵام ساڵەهایە بەدوای چارەسەردا دەگەڕێم، تەنانەت چوومەتە (مۆسكۆ) و دەیان شوێنی دیكە و هیچ ئاكامێكی نەبووە. وتم: دەكە وای لێهات، با مژدەت بدەمێ، چاك دەبیت. ئەوە رۆژان و ئەوە من و تۆ، یەكدی دەبینینەوە. سوپاس بۆ خودا، دواجار دیمەوە دەنگ و دەمودوی بەڕێزیان ئاسایی ببووەوە. رۆژانێكی سەرماو سۆڵە بوو، بێ سووتەمەنی و بێ دەرامەت بوون، بەڕێوەبەری دارایی هاتە لام و گوتی: بفەرمە لە ماڵەوە دوو بەرمیل بۆ نەوت ئامادە بكەن.
- : نەوت بۆ كێ؟ بۆ من؟ نەخێر، كەی هەمووان گەرمایان بوویەوە، ئەوسا نۆرەی ئێمە دێ. نامەوێ ئەوە چەند كاتە لێرەو لەم پلەیەدا نەمهێشتووە دڵۆپێ بەنزین بكەنە ناو ئۆتۆمبێلەكەمەوە. من رۆژانە برادەرانی ئەدیب و هونەرمەندانم دەبینم و ئاگاداری كوێرەوەرییەكانیانم. وەزارەتی ئەو رۆژانە هیچی لەبەر دەستا نەبوو. ئێمە هاتینە سەر وێرانە و ئەوەی هەشبوو تاڵان كرا، رۆژانێكیش هات، تەخشان و پەخشان بە پارەی وەزارەت دەكرا، ئای بە دەیان ملیۆن دۆلار بە ناوی سینەمای نەبووەوە لووش درا و نەزانرا كوێوە چوون، ئای دەیان ملیۆن دیناری دیكە بە خەرجی كۆشك و ئۆفیسی مەڕمەڕینەوە سەری تیاچوو، وای چەندە چووە تەلاری تەلەفزیۆن و ستۆدیۆمان و ئێستگەی رادیۆ و بە بێسەروشوێنی مانەوە. ئەی گرنگیدان بە كەشخەكردنی ئۆفیسەكان بە موبیلیای (ئیتاڵی) چەرمینە و (ئەتەكێتات)ی توڕەهات. هەر لەسەر ئەم بابەتە، جارێكیان شاندێكی شانۆی ئەڵمانی لە (بەرلین)ـەوە سەردانیان كردین، ئەوەی باری سەرنجی راكێشابوون، ئەو موبیلیا قەبە و تەنتەنە و فەنتەتانە بوو، بە هەمان شێوە لای شاندی هونەرمەندانی (سوید)یش. من خۆم سەردانی چەندین سەرۆك پەرلەمان و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی ئەوروپیم كردووە، ئەوەی هەستم پێكردووە، ژوورەكانیان تەنیا ئۆفیسی كار راپەراندن بوو.
ئەو رۆژانەی كە لە وەزارەت بووم، بەردەوام رۆژنامەنووسانی بیانی سەردانیان دەكردین، جگە لە رۆژهەڵاتناس و وێنەگری مەزنی فەرەنسی (كریس كۆچێرا) كە چەند جارێك سەردانی كردووم و پاش سەردانەكەی جوانترین وێنەی بۆ ناردوومەتەوە. جارێكیان تووشی رۆژنامەنووسێكی سەیرو سەمەرە بووم، هەر پاش پێشوازی، ئەو كات (خاتو گولەر)ی كاری وەرگێڕانی بۆ دەكردم، سەیر لەوەدا بوو، گەڕ گەڕ پرسیاری تووتن و شێوازی روواندن و گرنگی لێكردم، منیش خۆم تێكنەدا، زۆر بە وردی لە نووكەوە بۆم باسكردو تەنانەت باسی بەڕێوەبەرایەتی (ئینحصار)ی تووتنم بۆ كرد، دەمزانی، چونكە لە بنەڕەتدا ئێمە موڵكدار بووین و مۆڵەتی سەد دۆنمی چاندنی تووتنمان هەبوو، كە ساڵانە جووتیارەكانمان كاریان تیادا دەكردو، دەمزانی مەرجەكانی تووتنی باش و ئاو و هەوای چییە و تووتنی كوێندەرە بەنامێیە. پاشان لێم پرسی: ئەرێ برادەر، دەزانی نە كاری من تووتن و جوتیارییە و نە ئەندازیاری كشتوكاڵیم، من بریكاری وەزیری رۆشنبیریم. بۆ پرسیارەكەتان لە بازنەی پسپۆڕییەكەی مندا نەبوو؟ دە كە واتە با من وەك شانۆڤانێكی كورد پرسیاری (ئەپسین- ی نەرویجی)ت لێ بكەم. كەوتمە سەر باسی شانۆی نەرویج و خاڵ بە خاڵی تایبەتمەندییەكانی شانۆی ئەپسین كە دادەنرێ بە رابەری شانۆی ریالیزم .. ئەوەی هەبوو، نەبوو، بۆم باسكرد. ئەوسا پێم وت: هیچی ترت لەسەر تووتن ناوێ؟!
هەر لەو ساڵەدا بوو، هونەرمەندی نیگاركێشی بەتوانا (محەمەد ساڵەیی) پێشانگایەكی (كاریكاتێری) جوانی لە گەلەری میدیا پێشان دا، كە تایبەت بوو بە بەرپرسانی حكومەت و حزبی، وێنەیەكی جوانی منیشی كردبوو كە تابلۆی وەزارەتی رۆشنبیری لەبن هەنگڵێكمایە و لە لەكای تریشدا تابلۆی شانۆی كوردی، ئەوەی جێگای سەرنج و دڵخۆشی بوو، هیچ كەسێ لەو بەرپرسانە، جگە لە سوپاس، كەسیان گلەیی و گازندەی نەبوو.
بەهەرحاڵ ساڵێك لە ساڵە هەرە ناخۆشەكانی ژیانم بەسەر برد، لە سەرووی هەمووشیانەوە، تەقریرنووسانی مێشك پووت، رۆژ نەبوو، بە داخەوە، لە لقێكەوە، خوانەناسانە نەنووسن. جارێكیان لەسەر پەڕاندنی وشەی (بەڕێز) داروبەردیان تێگەیاند، ئەوە بوو دەست برادەرانی یەكێتی نیشتمانی كەوت و كرایە بنێشتە خۆشەی دەم كەناڵەكانی راگەیاندن. من گلەییان لێ ناكەم، گوناهی ئەوانی تێدا نییە. خودا ئەو كەللەپووتانەی لەمەڕ خۆمان بگرێ.
كورد دەڵێ: «قسە قسەی دێنێ»، ئەوە ئێوارەیەك لە سەندیكای هونەرمەندانی لقی سلێمانی بووین، مامۆستا (كاوە ئەحمەد میرزا)ی هونەرمەند وتی: دە وەرە پێنەكەنی!
وتم: كاكە كاوە گیان خێرە؟
وتی: ئەوە لە چالاكیی قوتابخانەكان بووین، كاك قادر مستەفا (مەبەستی لە خوالێخۆشبوو مامە قالەی هونەرمەند بوو) لە ناو ئەو هەمووانەدا، كە گشتیان قژێكی چڕوپڕی جوانیان هەیە، ئیرەیی بەم دوو تاڵەی سەری من ئەبات، گوایە لە سەرە رووتاوەكەی ئەو باشترە. هەر لەسەر ئەم نابەجێیە، ئەوە لەو ساڵانەدا چوار هونەرمەندی برادەر بەرەو هەولێر هاتبوون، نزیك شارۆچكەی (پیرە مەگروون) تووشی رووداو هاتبوون، بەداخەوە دووانیان گیانیان لە دەست داو دوانیان بە سەختی بریندار بوون، كە هونەرمەندان (شۆڕش قادر) و (عەلی كەریم) بوون، چوومە سەردانیان، كاكە (شۆڕش) بەناوبانگە بە قسەی خۆش، پرسیم: كاكە (شۆڕش) ئێستا چۆنی؟
وتی: باش نیم، خۆزگەم بە كاكە (عەلی) سەیری بكە چەند ئەو دەبەو سۆندەیەی لێهاتووە.
ئەویش هاتە قسەو وتی: باشە كوڕی باش هیچم نەما حەسوودی پێ بەری، ئەم وێرانحاڵییەی من نەبێ، گوایە دەبەو سۆندەكەم لێ دەوەشێنەوە. منیش بەو راپۆرتنووسە چڵیسانە دەڵێم: باشە لە ناو ئەو هەموو پلەی وەزیر و بەرپرسانەدا، بۆ بە تەنیا چاوی تەماكاریتان لە شوێنەكەی من بڕییوو؟!
سوپاس بۆ خوا هێندە كنەیان تیادا كردبووم، رۆژێكیان لە مەكتەبی سیاسییەوە تەلەفۆنیان بۆ كردم، سەعات چواری پاش نیوەڕۆ لەوێ ئامادە بم، دیارە هەمان تەلەفۆنیان بۆ براكانم (ساڵح فەتاح ئاغای هەركی) و (ئەكرەم عیزەت نەجیب) كردبوو، جەنابی مامۆستا (عەلی عەبدوڵا) پێشوازی لێكردین و بە منی وت: تۆ دەگەڕێیتەوە پەرلەمان و هەروەها كاك ئەكرەم. من بەش بە حاڵی خۆم لە خۆشییاندا نەمدەزانی چی بكەم، لەماڵیشەوە لە پەژارەدا بوون، نەیاندەزانی بۆچی بانگ كراوم، هەر كە گەیشتمەوە، مژدەم دانێ، كە لەو كۆتە ئازادكرام و كردمە بەزم و خۆشی.
بەیانی زوو چووم و خواحافیزیم لە كاك (شێركۆ بێكەس) كرد، زۆر پەست و دڵتەنگ بوو، خواحافیزیم لە هەمووان كرد بەر لەوەی فەرمانەكە بگاتە وەزارەت، بەڵام هەر هەمووان بە دڵی پڕەوە ماڵئاواییان لێكردم.
هەمیشە بە دڵ وتوومە، من خاوەنی تەخت و تاجی ئەدەب و هونەرم، كەسیش ناتوانێ جگە لە مەرگ ئەو تەخت و تاجەم لێوەرگرێتەوە. بەڵام زۆر هەن كە كورسی و پلەكەیان نەما، خۆشیان نامێنێ. بەڵام من هەر خۆمم و هیچ ناگۆڕێم و نەگۆڕاوم. نووسیبویان تەنانەت رێز لە خزمەتگوزاریش دەگرێ، دەڵێ ئەوە پەروەردەی بنەماڵەییە، بۆیە هەرگیز نەمتوانی رووشكێنی هەژارێ بكەم، بەڵام سووكایەتیم بە لووت بەرزان كردووە.
Top