بەیتۆ جان:بە سەربەخۆیی هونەری كوردیش یەكدەخرێت

بەیتۆ جان:بە سەربەخۆیی هونەری كوردیش یەكدەخرێت
سەرەڕای ئەوەی بەیتۆ جان لە خانەوادەیەكی شێخی خاوەن موریدەوە هاتۆتە نێو بواری هونەری، ئەمەش تا راددەیەك سەخت بووە، بەڵام توانی سەركەوتوو بێ و بە گۆرانی و ستایلە تایبەتییەكەی خزمەتێكی باش بە هونەری كوردی بكات و بگاتە ئەو ئاستەی كە لە هەموو پارچەكانی كوردستان ناسراو بێت و خاوەن جەماوەری خۆی بێت.
بەیتۆ جان سەبارەت بە تێكەڵكردنی هونەری كوردی بە هونەری میللەتانی دیكە دەڵێ: من هیچ كات لەگەڵ ئەوەدا نیم كەوا هونەری كوردی تێكەڵ بە هونەری نەتەوەكانی تر بێت، چونكە هەر میللەت و وڵاتێك بە هونەری خۆیەوە ناسراوە، بەوە جیا دەكرێتەوە، كە هونەرەكەیان هەندێك خاسییەت و تایبەتمەندی خۆی هەیە.
سەبارەت بە خزمەتكردن و پاراستنی هونەری رەسەنی كوردی بەیتۆ جان دەڵێت: تا كوردستان نەبێتە یەك وڵاتی سەربەخۆ هونەریشی پارچە پارچە دەبێت، چونكە ئەگەر سەیری هونەری هەر چوار پارچە و ئەوروپاش بكەین هەر یەكەیان ستایلێكی تایبەتی خۆی هەیە. رەنگە زۆر جار گلەیی بكرێت لە هونەرمەندانی باشوور من گلەییەكان بە گونجاو دەزانم، چونكە ئێمەی چینی هونەرمەند هیچ كات نابێت تەنیا سەیری دەوروپشتی خۆمان بكەین تەنیا نزیك بین، بەڵكو دەبێت ئێمە دووریش ببینین، بۆ ئەوەی بە راستی ببینە خەمخۆری میللەتەكەمان، بۆ ئەوەی خەڵكی خۆمانیش رەخنەمان لێ نەگرێت و بە خراپی باسمان بكەن، بەڵام دەبێت هەوڵبدرێت بەتایبەتی هونەرمەندانی ئەم پارچەیە كە پارچەیەكی ئازادە و بە ئازادانە دەتوانی هەر كارێك بكەن بۆ ئەوەی پارچەكانی تریش هەست بەوە بكەن كەوا لەم پارچەیەی ئازاد خەمەكانیان دەزانرێت.
Top