نامە سۆزدارییەكەی مادۆنا دەفرۆشرێن .

نامە سۆزدارییەكەی مادۆنا دەفرۆشرێن .
بڕیار وایە لە ماوەیەكی نزیكدا نامەیەكی ئەڤیندار خانمە گۆرانیبێژی پۆپی ئەمریكی مادۆنا لە مەزادێكی ئاشكرادا بفرۆشرێ، هەر بۆیە مادۆنا هەموو هەوڵێكی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی رێگا لەم كارە بگرێ و نهێنی پەیوەندییەكەیان ئاشكرا نەبێت.
ئەم نامەیە لەلایەن گۆرانیبێژ راپی كۆچكردوو تۆباك شاكور لە زیندانەوە بۆ مادۆنا نێردراوە و تێیدا باس لە كۆتاییهاتنی پەیوەندییەكەیان دەكات، هەروەها یاداشتێكی تایبەتی مادۆنایە كە زۆر بە نەرێنی باس لە هەر یەكە لە گۆرانیبێژ ویتنی هیوستن و خانمە ئەكتەر شارۆن ستۆن دەكات، هەر بۆیە مادۆنا لە دادگای نیۆیۆرك داوای كرد كە ئەم مەزادە ئەنجام نەدرێت. ئەم نامەیە لەلایەن هاوڕێیەكی مادۆنا بە ناوی دارلین لۆتز پێشكەش كراون بە مەبەستی فرۆشتنیان لەو مەزادە، بۆیە مادۆنا لە داواكەی بۆ دادگا ئەوەی روون كردۆتەوە كە هیچ زانیارییەكی دەربارەی ئەنجامدانی ئەم مەزادە ئاشكرایە نییە و لە رێگای رۆژنامەكانەوە هەواڵەكەی بیستووە و ئێستا ئەو نامەیەی لە لا نییە و نازانێت لە كوێیە، لە هەمان كاتدا هاوڕێكەی خۆی بە ناپاك وەسف كرد و رایگەیاند: ئەو راوێژكار و هاوڕێم بووە و ناپاكی لەگەڵ كردم بە نمایشكردن و فرۆشتنی كەلوپەلەكانم بێ ئەوەی رەزامەندی من وەربگرێت.
لەلایەن خۆیانەوە نوێنەری ئەو خانەیەی كە مەزادەكە ئەنجام دەدات و دارلینی هاوڕێی مادۆنا هەوڵەكانی مادۆنایان بە بێ بنەما وەسف كرد و رایانگەیاند كە لە دادگا تانە لە داواكەی دەدەن.
Top