بە درووشمی بەرەو سەربەخۆیی .

بە درووشمی بەرەو سەربەخۆیی .
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی كوردستان بۆ فیلم لە هەولێر ئەنجام دەدرێت .

لە ساتەوەختێكی هەستیاری گرنگ و مێژووییدا كە بەرەو قۆناغی چارەنوسسازی نیشتیمانیی و نەتەوەیی هەنگاو دەنێین سەرەڕای قەیران و بەربەستەكان , بەڵام هەنگاوە نیشتمانیی و نەتەوەییەكان چڕوپڕتر دەبن لە ژێر دروشمی بەرەو ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان فیستیڤاڵی كوردستان بۆ فیلم , لە رۆژانی 26 تا 30ی مانگی ئابی 2017 لە هەولێری پایتەخت سازدەكرێت .

شاخەوان مستەفا بەرێوەبەری هونەری سینەمای هەولێر ڕایگەیاند : لە ژێر دروشمی (بەرەو سەربەخۆیی كوردستان) یەكەمین فیستیڤاڵی سینەمایی كوردستان لە ناوەڕاستی مانگی ئابی ئەمساڵ لە هەولێری پایتەخت بەڕێوەدەچێت .
بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەكی باڵای فیستیڤاڵ ئاگاداری سەرجەم سینەماكار و فیلمسازانی كورد لە كوردستان و سەرجەم وڵاتانی جیهان دەكات كە دەتوانن بە بەرهەمە سینەماییەكانیان ( فیلمی درێژ , كورتە فیلم , دیكۆمێنتاری , ئەنیمەیشن ) بەژداری لە فیستیڤالەكە بكەن .
هەڵسوڕێنەرانی فیستیڤاڵ ناوی خولی هەشتەمیان لەو فیستڤاڵە ناوە هەرچەندە فیستیڤاڵەكە لە رووی شێوە و ناوەرۆك و شێوازی جێبەجێكردنیدا تازەیە , بەڵام كۆكراوەی ئەو فیستڤاڵانەیە كە پێشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پایتەختدا بۆ بواری هونەری سینەمای كردووە , بۆیە بوو بە خوولی هەشتەم و سەرجەم فیستیڤاڵەكانی پێشووتری لە خۆگرتووە . فیستیڤاڵەكە فیستیڤاڵێكی نێودەولەتییەو ساتەوەختی سازكردنیشی لە كات و ساتێكی ترە , بەڵام بۆ ئەمساڵ تایبەتمەندی خۆی هەیەو هاوكات لەگەڵ پرسی نەتەوەیی و نیشتیمانیی و هەنگاوی چوونی گەلی كوردستان بەرەو ریفراندۆم و سەربەخۆیی و خولی ئەم ساڵیشی تایبەتە بە فیلم و سینەمای كوردی لە كوردستانی گەورە و دەرەوەدا .
ئەمساڵ 9 خەڵات بەسەر باشترینەكاندا دابەشدكرێت بە خەڵاتی (داربەڕووی زێڕین) , كە ئەویش تایبەتمەندی خۆی هەیە و وەك بەڕێوەبەری فیستیڤاڵ شاخەوان مستەفا باسی دەكات ( داربەڕوو دارێكی پتەوەو ڕەگی لە نێو خاكدا قوڵ چەقیوە و بەرگەی سەختی و سەرماو سۆڵەی زستان و گەرمای هاوین دەگرێت و لە سەردەمی خەبات و بەرگری شاخیشدا ئەو ڕووەكە خواردنی سەرەكی پێشمەرگە بووە لە چیاكانی كوردستان ) .
لە بارەی شێوەی هەڵكەوتەی خەڵاتەكەش بەرێوەبەری فیستڤاڵەكەش دەڵێ : خەڵاتە دار بەڕووەكە لە چوار گەڵاو بەرهەمێكی بەڕوو پێكهاتووە , كە چوار بەڕووەكە ئاماژەیەكی روونە بۆ هەر چوار پارچەی كوردستان كە دوژمنان لە دێرزەمانەوە بە زۆر دابەشیان كردووە , بەڕووەكەش ئاماژەیە بۆ بەرهەمی چەندین ساڵەی خەبات و تێكۆشانی كورد لە باشووری كوردستان و هەوڵدان بۆ درووستكردنی دەوڵەتێكی سەربەخۆیی كوردستانێكی دەوڵەمەند و بەرهەمدار و بەهێز .
دەربارەی سازكردنی ئەم فیستڤاڵە نێودەوڵەتییەی ئێستاش ناوبراو ووتی ( ئێمە ساڵێك زیاترە خەریكی خۆسازكردنیین بۆ ئەم فیستیڤاڵە , لەو ماوەیەدا بەردەوام كارمان لەسەر بەرنامە و پلانێكی تۆكمە كردووە بۆ سازكردنی فیستیڤاڵێكی نێودەوڵەتی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان , چاوەڕێی دەرفەتێكی گرنگ بووین بۆیە ڕامان نەگەیاند , ئێستاش كە بەشێوەیەكی كردارەكی كار بۆ بەڕێوەچوونی ئەو فیستیڤاڵە دەكەین , دەستەی بەڕێوەبردنی فیستیڤاڵ كە لەچەند بەشێكی گرنگ پێكهاتووە , شەو و رۆژ كاردەكەن , هەر بۆیەش خۆشبەختانە بەدەنگەوەهاتنێكی زۆر لەلایەن فیلمسازان و سینەماكارانی كورد بۆ ئەم فیستیڤاڵە هەیە بۆ ئەم مەبەستەش لەماوەیەكی زۆر كەمدا , فیلمێكی زۆرمان بەدەست گەیشتووە و زۆربەی كارە گرنگەكانمان دەتوانم بڵێم سەدا پەنجای زیاتری تەواو بووە تەنیا پێویستمان بە هاندان و هاوبەشی و بەشداری كاراو گرنگی هەندێ دەزگاو لایەن و كەرتی تایبەت هەیە بۆ زیاتر سەرخستنی پرۆژەكە , چونكە دەمانەوێ بە شێوەیەكی زۆر تێر و تەسەل فیستیڤاڵەكە بەڕێوە ببەین .
سەبارەت بەو چالاكیانەی كە لە ڕۆژانی فیستیڤاڵ ئەنجام دەدرێن بەڕێوەبەری فیستیڤاڵ ووتی : لە رۆژانی فیستیڤاڵیشدا جگە لە پێشاندانی فیلمە بەشداربووەكانی كورت و درێژ و دیكیۆمێنتاری و ئەنیمەیشن , ڕۆژانەش پانێڵی تایبەت لە سەر پرسی سینەما و سەربەخۆیی بۆ سینەماكارە بە ئەزموونەكان هەیە جگە لە چەندین سوپرازی هونەری كە لە كاتی خۆیدا ئاشكرا دەكرێن , وەك پلانیشمان بۆ داناوە , (30) فیلم بە هەر چوار بەشەوە دەچنە پێشبڕكێی سەرەكی فیستیڤاڵەوەو چەندین فیلمی تریش وەك ریز دەچنە بەشی نمایشی تایبەتەوە , لە كردنەوەی فیستڤاڵیش بۆ یەكەمجار لە مێژووی هونەریدا مانیفێستی سەربەخۆیی سینەماكارانی كوردستان دەخوێندرێتەوە .
هەر فیلمێك براوەی پێشبڕكێی فیستیڤاڵ بێت , خەڵاتی ماددی و مەعنەوی پێدەدرێت , كاتی وەرگرتنی فیلمەكان لە (15)ی ئایار دەست پێدەكات, تاوەكو (15)ی تەمووزی 2017 , هەروەها شوێنی وەرگرتنی فیلمەكان , لە بەڕێوەبەرایەتی هەنەری سینەمای هەولێر دەبێت .
لیژنەی باڵای فیستیڤاڵ پێكهاتوون لە هەر یەك (د.سالار عوسمان) بریكاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان , (فەرهەنگ غەفوور) بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیریی و هونەری هەولێر , (شاخەوان مستەفا) بەڕێوەبەری هونەری سینەمای هەولێر .
Top