دۆتمیر نازێ:بە شانازییەوە ئامادەم گۆرانی بۆ كوڕی كورد بڵێم .

دۆتمیر نازێ:بە شانازییەوە ئامادەم گۆرانی بۆ كوڕی كورد بڵێم .
دۆتمیر نازێ یەکێکە لە گۆرانیبێژە گەنجەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و لە ساڵی 1993 لە شاری ورمێ لەدایک بووە، لەبەر ئەوەی باوکی پێشمەرگە بوو، ئەو ماڵباتە ناچار بوون روو لە ھەندەران بکەن و لە سوید بگیرسێنەوە و 17ساڵە لەوێ نیشتەجێن. دۆتمیر نازێ ئێستا لە سەرەتای كاروانی هونەری خۆیەتی و وەك خۆیشی دەڵێ حەزی دەكرد زووتر بهاتبایە نێو گۆڕەپانی هونەری كوردی، بەڵام ئەو دەرفەتەی بۆ نەڕەخساوە، ئێستاش هەنگاوە سەرەتاییەكانی دەست پێ كردووەو چەندین بەرهەمی پێشکەش کردووە، ئێمەش لە دەرفەتێكدا چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی كردو بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.

• بەپێی ئەزموون و تەمەن تۆ ئێستا لە سەرەتای كاروانی هونەریدای، ئایا هەست دەكەی وەك پێویست ناسراوی بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی كوردستان؟
- هەست دەكەم تا راددەیەك ناسراوم لە نێو جەماوەر، بۆ نموونە گۆرانی لاوێ كورد دەنگ و سەدایەكی زۆری هەبوو لە هەموو پارچەكانی كوردستان، واتە لە هەموو پارچەكان دەمناسن، ئەمەش مایەی خۆشحاڵی و سەربەرزییە بۆ من، راستە تا ئێستا دەرفەتی ئەوەم نەبووە لە كوردستان كۆنسێرت ساز بكەم، بەڵام لە سوید ئاهەنگی زۆرم هەبووە و بەردەوامیشم لە كاری هونەری، سەبارەت بە رۆژهەڵاتی كوردستان بە شانازییەوە دەڵێم لە هەموو ناوچەكانی رۆژهەڵات ناسراوم لە ئورمیەوە تا كرماشان، ئەگەر سەیری كلیپەكەم بكەیت لەو كۆمێنتانەی كە دەنووسرێن هەست بەوە دەكەیت تەنانەت ئەگەر لە شاشەكاندا كلیپێكی من نمایش بكرێ جەماوەر دەمناسنەوە، بەڵام بەداخەوە سەردان و هاتوچۆی رۆژهەڵاتی كوردستان لە من قەدەغە كراوە ئەویش دوای پێشكەش كردنی سروودی (سڵاڤ بو پێشمەرگە) و رەنگە نەتوانم هیچی تر سەردانی زێدی باب و باپیرانم بكەم لە رۆژهەڵاتی كوردستان.
• زۆر كەس دەڵێن هونەر لە ئەوروپا زۆر زەحمەتە، بۆ تۆ چۆنە؟
- كاری هونەری بە گشتی ئاسان نییە بەو جۆرەی كە هەر كەسێك ویستی خۆی لەو دەریایە بدات، پێویستی بە پاڵپشتی زۆر هەیە، سەرەتا لە خانەوادەكەتەوە.
• دوای ئەوەی دەستت دایە كاری هونەری، لە ئێستادا ئەو ئاستەنگانە چین كە هاتوونەتە سەر رێگات؟
- من وەكو دۆتمیر تا ئێستا رووبەڕووی ئاستەنگی وا نەبوومەتەوە كە شایەنی باس كردن بێت و پەنا بە خوا رووبەڕووی ئەو جۆرە ئاستەنگانە نابمەوە لە داهاتووشدا، بەشێوەیەكی گشتی ئاستەنگ ئەوەیە كە هونەرمەند هەوڵ بدات و خۆی ماندوو بكات لە هەموو روویەكەوە لە بەرامبەردا دەبینی كە هونەری كوردی ئەو گرنگییە پێویستەی پێنادرێت، ئەمەش وایكردووە كە هونەری كوردی لە ئاستێكی نزمدا بێت و دەبینین كە هونەری توركی و فارسی و عەرەبیی تێكەڵ بووە و تام و چێژی جارانی نەماوە.
• ئەو گۆرانیانەی پێشكەشت كردوون تێكستەكانی لە ئاستێكی بەرزدان، كی هاوكاریت دەكات لە هەڵبژاردنی ئەو تێكستانە؟
- بە حوكمی ئەوەی خۆم هێشتا بە منداڵ دەزانم لە نێو گۆڕەپانی هونەری كوردیدا لە هەموو كاری هونەریمدا پرس بە كەسانی شارەزای بواری هونەری كوردی دەكەم سەبارەت بە هەر گۆرانییەك كە لە چ ئاستێكدایە و تا چەند لەگەڵ دەنگی من دەگونجێت، لەوانە مامۆستا ئەدیب چەلكی و چەندین كەسی دیكەی شارەزا لە موزیك، سەبارەت بە تێكستی گۆرانییەكانیش، من ئەوانە هەڵدەبژێرم كە خۆمی تێدا ببینمەوە و بزانم چۆن لەلایەن جەماوەرەوە پێشوازیی لێ دەكرێ، بەڵام سەرەڕای ئەوەی راوێژ بە كەسانی شارەزا دەكەم.
•هونەری كوردی لە قۆناغێكی تایبەت و ئاڵۆزدایە و هونەرمەند زیاتر بوونەتە قوربانی، پێتوایە هونەرمەندان تاكەی دەتوانن قوربانی بدەن بێ ئەوەی هیچیان دەستكەوێت؟
-بە داخەوە مافی هونەرمەندی كورد بە هیچ شێوەیەك ناپارێزرێ لە هەموو روویەكەوە، هەروەها كەسانێك هەن ئەگەر بیانەوێ كەسێك پێش بخەن ئەوا بە هەموو شێوەیەك یارمەتیی دەدەن و لە بەرامبەردا كەسانی دیكە ژێر دەخەن و من نازانم ئەمە لە بەرامبەر چییە، بەڵام ئەو جۆرە كارانە بوونیان هەیە، من وەك دۆتمیر تا ئێستا نە سەر خراوم نە ژێر خراوم و لە قۆناغێك دیاریكراوی هونەریدام.
• لە هونەری كوردیدا زۆربەی تێكستەكان وابوون كە لە كوڕێكەوە بۆ كچێك بێت، بەڵام بارودۆخەكە ئێستا گۆڕاوە و كچیش گۆرانی بۆ كوڕ دەڵێ، گۆرانی (لاوێ كورد) كە بەم دواییە پێشكەشت كرد كاریگەریی ئەرێنی یان نەرێنی لەسەر تۆ هەبووە وەك كەس؟
- راستە هەر لە قۆناغەكانی هونەری كلاسیكەوە تا ئێستا زۆربەی گۆرانییەكان بۆ كچ گوتراوە كەس بۆ كوڕی بەستەزمانی نەدەگوت، تێكستی گۆرانی (لاوێ كورد) هی مامۆستا ئەدیب چەلكییە و ئاوازەكەشی فۆلكلۆرەو گۆرانییەكم زۆر بە دڵ بوو، لە كاتی تۆماركردنی گۆرانییەكەو دواتر تۆماركردنی كلیپەكە زۆر كەس حەزیان لەو گۆرانییە كرد و پێیان گۆرانییەكی زۆر خۆش بوو، ئێستا لە یۆتیۆب زیاتر لە یەك ملیۆن و دوو سەد هەزار كەسی گۆرانییەكەیان بینیوە لە ماوەی پێنج مانگدا، من بە شانازییەوە ئامادەم گۆرانی بۆ كوڕی كورد بڵێم.
• لە بەرنامەتدا نییە كارێكی هونەریی تایبەت بە ریفراندۆم و سەربەخۆیی پێشكەش بكەی؟
- ریفراندۆم و سەبەرخۆیی كوردستان دەرفەتێكی زێڕینە بۆ كورد رەخساوە، بۆیە پێویستە هەموو هەوڵێكمان بخەینە گەڕ بۆ سەرخستنی و مافی خۆمان بەدەست بهێنین و وەكو هەموو میللەتان ببینە خاوەن دەوڵەت و ئاڵای و جلوبەرگ و كەلتووری خۆمان لە جیهاندا بناسرێین، نابێ هیچ كوردێك ئەم دەرفەتە لە دەست بدات، ئێستا كاتی ئەوەیە كە دەوڵەتی خۆمان رابگەیەنین و بە دڵ و گیان ریفراندۆم پیرۆز دەكەم و هەمیشە ئاواتم ئەوەیە كە ئێمەی كورد بە یەكڕیزی و تەبایی بژین، چونكە دەرمانی هەموو دەرد و ناخۆشییەكانمان یەكبوونی ئێمەیە، نابێ ئاستەنگ لەبەردەم سەربەخۆیی دروست بكەین، بەڵكو پێویستە كوردانی هەموو پارچەكان پشتگیری لە ریفراندۆم بكەین.
Top