( دانیشتوانی عەلیاوا)لە پایتەختی روسیا نمایش دەكرێت.
سەرەتای ساڵی 2015 دەستمان بە بەرهەمهێنانی ئەم فیلمە كرد و تا كۆتایی 2016 پێوەی سەرقاڵ بووین، ئاسان نییە لەوڵاتێكدا كە كەرەستەیەكی ئەوتۆی پیشەسازی فیلم چ لە رووی تەكنیكی و چ لە رووی بەشەری لەبەردەست نەبێت و فیلم دروست بكەیت. ئێمە بودجەمان لەبەر دەست نەبووە، ئامێر و تەكنیكی سینەمای پێویستمان پێ دابین نەكراوە، بەڵام خۆشبەخت بووین كە توانیمان لەو بارودۆخە خراپەی دارایی و سیاسی و كۆمەڵایەتی و لەناو ئەو هەموو كێشە و دەردەسەرییەدا، فیلم دروست بكەین و بەرهەممان هەبێت. ئەمە بۆخۆی ئامانجەكە بوو كە خۆشبەختانە توانیمان سەركەوتووانە بەدی بێنین.
سەبارەت بە ناوەڕۆكی فیلمەكەش لوقمان غەریب وتی: بریتییە لە بەسەرهاتی شارێكی دوورەپەرێزی دواكەوتووی پڕلە كێشەو ئاڵۆزی، كە پێش هەركەسی تر خەڵكی ئەوێ خۆیان گیرۆدەی دەستی ئاكار و دوودڵی و ناكۆكیی نیوان خویانن لەگەڵ دەستپێكردنی رووداوەكانی فیلمەكەدا، كەسێك وەك فەرمانبەری دەوڵەت نەقڵی ئەوێ دەبێت و پێش وەختە هەموو زانیارییەكی لەسەر دانیشتووانی شارەكە وەرگرتووە. بە فكری خۆی نیازی وایە كە وەك فریادرەسێك بەهانای خەڵكی عەلیاواوە بچێت و كێشە و گرفتەكانیان بۆ چارەسەر كات. بەڵام ئەم كەسە خۆی لە بنچینەدا كەسێكی ئاڵۆز و كەسایەتییەكی سەیر و خاوەنی دنیایەك لە كێشە و گرفتە لە رابردوودا هەر بۆیە لەم هەوڵدانەدا سەركەوتوو نابێت و دواجار دەبێتە مەخسەرەی خەڵكی شارەكە. لێرە ئێمە دەمانەوێت بڵین كە هیچ فكر و تێگەیشتن و ئایدیایەك سەركەوتوو نابێت گەر پێشوەختە زەمینەی سروشتی خۆی بۆ نەرەخسا بیت وەك قوناغبەندیش نەگەیشتبێتە ئەو ئاست و قۆناغەی كە پێویستە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو پێشهاتەدا .
لە راستیدا چونكە شێواز و ستایلی فیلمەكە ریالیستی و واقیعیە و چیرۆك و دیالۆگ بنچینەی پێكهینانی سیناریۆكەن، سەرەڕای نەبوونی ئیمكانیاتێكی ئەوتۆ،توانیومانە تا ئەندازەیەكی باش فیلمێكی واقعی جوان دروست بكەین، دیارە لە جوگرافیایەكیشدا كە كەرەستە و پێكهاتەكانی پیشەسازی سینەما بوونی نەبێت دەرهێنەر و سینەماكاران ناچارن كە دەست بۆ جۆرە كارێك ببەن كە دواجار بتوان تیایدا سەركەوتوو بن، ئیمەش لە عەلیاوادا بی موبالەغەكردن ئەوەمان كرد و جێی سەرنجێكی زۆری بینەرانیش بوو، ئەگەرچی بەداخەوە ئەمڕۆ لە كوردستاندا، بینەری كاری جدی، تا ئەندازەیەكی زۆر كەم بۆتەوە .
سەبارەت بە نمایش كردنی فیلمەكە لە روسیا لوقمان غەریب وتی: ئەوەی راستی بێت لەسەرەتای دروستكردنی فیلمەكەدا بیرم لەوە دەكردەوە كە چۆن بتوانم لە دەرەوەی كوردستان جا چ ئەوروپا یان هەر وڵاتێكی تر بێت، فلمەكەم پیشان بدەم. من لەناوەڕۆكدا باسی كێشەیەك دەكەم كە بینەری هوشیار و خاوەن مەعریفە، بەباشی لێی تێدەگات. دواجار دروست بوونی چەند پرسیارێكی تازە و وەڵامی پرسیارگەلێكی تریشی دەست دەكەوێت. ئینجا ئیتر ئەوە پەیامی سەرەكی هەر تیكست و بەرهەمێكە كە بیەوێت پرسیار و وەڵام لای وەرگر دروست بكات. ماوەی رابردوو لەڕێی یەك دوو برادەرەوە دەستمان گەیشت بە سەنتەرێك لە روسیا كە گرنگی بە بواری داهێنان و فیلمسازی ئەدات لەو وڵاتانەی كە هونەری سینەما تیایدا سەرەتاییە و نەگەیشتۆتە ئاستی بزنس و پیشەسازیی، بەڵام لە رووی پێكهاتە و رەگەزە بنچینەییەكانی سینەماوە خاوەنی بەرهەمن، لەوێ جارجارە فیلمی وڵاتانی هەژار لەبوا ری سینەمادا پیشان ئەدرێت، تەنانەت ئەو فیلمانەش كە لەئاست و كوالێتییەكی كەم و نزمدان و لە وڵاتانی وەك لیبیا و جەزائیر و ئەفغانستان و سودان ئەوانی ترەوە بەرهەم دەهێنرێن. ئەوان باسی ئەوە دەكەن كە بینەرێكی زۆر و بەردەوامی ئەو فیلمانەیان هەیە كە رەگەزی موبالەغە و تەكنیكی كۆمپیوتەری ئەوتۆی تێدابەكار نەهاتووە . زۆر چێژ لەو جۆرە فیلمانە دەبینن. هەرچەندە ئەتوانم بڵیم لە زور رووی وەك كوالیتی و بابەت و پێكهاتەكانی تری فیلمەوە، فیلمی (دانیشتووانی عەلیاوە) لە ئاستێكی باڵای هونەریدایە، بەڵام دیارە و گومانی تیدا نییە كە ناتوانێ ركابەری فیلمێك بكات كە سەدان هەزار دۆلاری تیادا خەرج كرابێت. ئیتر ئەوە ئیستا بۆ چەند جارێك ترایلەری فیلمەكە لە ساڵونی سینەمای ئەو سەنتەرەدا وەك ئاماژەیەك بۆ پیشاندانی لە ئایندەدا لە پێش نمایشی رۆژانەی فیلمەكانی تردا پەخش دەكرێت، ئەمە بۆ ئێمە من و ستافی فیلمەكەمان مایەی خۆشحاڵییە و لەگەڵیاندا گەیشتووینەتە لێكتێگەیشتنێك كە لە مانگی 11دا پیشانی بدەن، بەڵێ وێڕای نەبوونی هیچ پشتیوانییەك هیشتا بەردەوامین لەسەر كاركردنی خۆمان تا ئەمڕۆ توانیومانە كاری بەرهەمهینان بۆ دوو فیلمی تریش بكەین بە ناوەكانی (بازاڕی كۆنەفرۆشان، گوڵچین و خەیاڵەكانی رۆستەم) كە هەردووكیان ئامادەن بۆ نمایشكردن.