چیمەن رەحمانی : ئافرەتان دەتوانن وەكو هونەرمەندێكی پێشكەوتوو دەركەون .

چیمەن رەحمانی : ئافرەتان دەتوانن  وەكو هونەرمەندێكی پێشكەوتوو دەركەون .
خاتوو چیمەن رەحمانی ژەنیار و گۆرانیبێژە و لە تیپە مۆسقییەكانی شاری كرماشان دەستی بە كاری هونەری كردووە و سەركەوتوو بووە، چونكە ئەو شارە كوردستانییەی رۆژهەڵات بە دەیان گرووپی مۆسیقی تێدایە كە بە بەردەوامی كاری هونەریی پێشكەش دەكەن و جەماوەر تامەزۆری كارە هونەرییەكانی ئەو گروپانەن، لە نێو گروپەكانیشدا هونەرمەندی بەتوانا هەن، بەتایبەتی ئافرەتەكان كە خاوەن توانایەكی هونەریی زۆرن.
چیمەن رەحمانی لە بارەی گرفتی خانمە هونەرمەندەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەڵێ:
بە هۆی یاسا رۆژهەڵات نابێ كچ بە تەنیا گۆرانی بڵێ، زۆر زەحمەتە كە ئەم ئافرەتە هونەرمەندانە بە تەنیا گۆرانی بڵێن و هونەرەكەی خۆیان پێشكەش بكەن، هەڵبەت ئەم ئافرەتانە لە سونگەی خۆشەویستییان بۆ هونەرەكەی كۆڵ نادەن و بەردەوامن و دڵنیاین كە رۆژێك دێ ئەم یاسایە بگۆڕێ و ئێمەی هونەرمەندان داوای گشت مافەكانی خۆمان بكەین لەوانەش مافی گۆرانی وتن و لەم رووەوە بێدەنگ نامێنین.
لە بارەی رۆڵی ئافرەت لە گرووپە مۆسیقییەكان دەڵی: ئافرەتان بە هەوڵ و كۆششی بەردەوامیان خۆیان دەتوانن وەكو هونەرمەندێكی پێشكەوتوو و بە توانا دەركەون، مرۆڤ لە هەر بوارێكدا بە هێزەوە رۆڵی خۆی ببینێت و بە باشی دەركەوێت دەتوانێت سەركەوێت و لەم رووەوە هیچ جیاوازییەك لە نێوان پیاو و ئافرەت نییە، بەڵام بەداخەوە ئێستا بە هۆی تەكنۆلۆژیا و بەرنامەكانی كۆمپیوتەرەوە هەموو شتێك بۆتە دەستكرد و بە ئاسانی دەست دەكەوێت، هەروەها شیعر كە یەكێكە لە ستوونە سەرەكییەكانی گۆرانی وتن دەبینین ئێستا زۆر لاواز و بێ مانان.
Top