چەمكی سەربەخۆیی لە لای شــــــــــــــــــــــــــــێوەكاران
رەنگە پێویست بە گوتن نەكات، كە ئامرازی دەست و تێكۆشانی شێوەكاران، هونەر و ئەو گوتارە ستاتیكی و جوانەیە كە بە هونەر گەڵاڵەی دەكەن. لە هەر پێداچوونەوەیەكی ورد بە مێژووی هونەری شێوەكاریی كوردستاندا، دەبینین هونەرمەندی شێوەكاری كورد بە درێژایی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیست و یەكەم، هەردەم بەشێك بووە لە رەوشی گشتیی نەتەوەكەی. شێوەكاران هەوڵیان داوە زمانی هونەر و ستاتیكای رەنگ و شێوە بكەنە ئامرازێك بۆ گەڵاڵە كردنی خەون و خولیاكانی خۆیان، خەون و خولیای ئەوانیش چڕ كراوەی خەون و خولیای نەتەوەیەكی بندەست و وڵاتێكی داگیركراوە. پەیوەست بوونی هونەرمەندی شێوەكار بە كولتووری كوردستان و هەست و بەهای نەتەوەییانەی كوردەوە، بەردی بناغەی ئەفراندنێكی خەست و خۆڵ بووە، داگیركەرانی كوردستانیش لە پەیامی هونەرمەندی شێوەكاری كورد گەیشتوون، بۆیە بە هەمان شێوەی كە دژایەتیی خەباتی سیاسی و شۆڕشگێڕانەی بزاڤی رزگاریخوازی كورد و شۆڕش و راپەڕینەكانی كوردستانیان كردووە، دژایەتیی گوتاری جوان و ستاتیكاییانەی هونەرمەندانی شێوەكاری كوردیشیان كردووە. بەم جۆرە دەبینین هونەرمەندانی شێوەكاری كورد لە رووبەرێكی زۆر تەنگەبەری پڕ لە ئاستەنگ و تەگەرە و تەنانەت مەترسی، كاری خۆیان كردووە. هەموو هونەرمەندێكی كورد هەوڵی داوە دیدگای نەتەوەییانەی گەلێك و كولتوور و بەهاگەلی رۆحیی نیشتمانێك بەرجەستە بكات. ئەمەش بە شێوەیەكی ئاسایی و خۆڕسك لە لای هونەرمەندانی شێوەكاری كوردستان سەری هەڵداوە و چەكەرەی كردووە، چونكە هونەرمەند بەشێكی زیندووە لە ویژدان و كۆبیر و كۆخۆلیای جڤاك و نەتەوە.
رەنگە هونەرمەندان بە گشتی و هونەرمەندانی شێوەكار بە تایبەتی، قووڵتر و فراوانتر هەستیان بەو بۆشاییە كرد بێت، كە لە ئاكامی بێ بەش بوونی نەتەوەیەك لە ئازادی و زەوت كردنی سەروەریی نیشتمانێك دروست بووە. جا بۆیە دەبینین هونەرمەندانی كورد لە رێی جۆشدانی هەست و نەستی بینەری بەرهەمەكانیان، هەوڵیان داوە دەرگا بە رووی چەندین رەهەندی ستاتیكایی و هزریدا بكەنەوە، یەكێك لەو رەهەندانە پرس و بابەتی سەروەری و سەربەخۆیی وڵات و نیشتمان (كوردستان) بووە. ئیدی ئەو چەمكە (سەربەخۆیی) بە گەلێك شێوە لە هونەری شێوەكاریدا خۆی نواندووە، خۆی گەڵاڵە كردووە، وەك ئەوەی دەبینین هونەرمەندی شێوەكاری كورد بە گوتاری دیدەییانە تێكۆشاوە گوتاری زاڵ و باڵادەست و بە زۆر سەپێندراوی داگیركەر رەت بكاتەوە. لەم رووەوە پەنای بۆ فۆرم و فیگەر، رەنگ، كەش و ئەتمۆسفیر، تۆپۆگرافیا، ئەدەبیاتی میللی و زارەكی، دیرۆك و هێما و سیمبوڵەكانی گەلەكەی، ئەفسانە و داستانی خۆماڵی و سروشتی كوردستان بردووە. هەموو ئەو شتانە لە پاڵ دید و بەهای شۆڕشگێڕانە، كەرەستەی كار كردنی هونەرمەند بوون.
سەربەخۆیی كولتووری سەر دەكێشێ بۆ سەربەخۆیی سیاسی. خۆ دەكرێ بڵێین پەیوەندییەكی دیالیكتیكی لە نێوان سەربەخۆیی كولتووری و سەربەخۆیی سیاسیی هەر گەل و نیشتمانێكدا هەیە. ئازادیی كولتوور (ئازادیی دنیای هونەریش دەگرێتەوە) لەگەڵ ئازادیی نیشتمان، جمك و دوانەیەكی لە یەك دانەبڕاون. ئەگەر نەتەوە ئازاد و وڵات سەربەخۆ بێت، هونەرێكی ئازاد و گەردن كەش و باڵا و پڕ لە ئەفراندن گەڵاڵە دەبێت. لە دەرەوەی بازنەی ئازادی و سەربەخۆیی، هەموو ئەفراندنێك دەپووكێتەوە، یان لە باشترین حاڵەتدا، داهێنانی تۆی هونەرمەندی بێ سەروەری، دەچێتە سەر خەرمانی هونەر و داهێنانی نەتەوەی باڵادەست. لەم رووەوە نموونەمان زۆرە. لێرەشبە دواوە لە بارەی ئەو قسانەی سەبارەت بە دنیای شێوەكاری و پەیوەندیی بە چەمكی ئازادی و سەربەخۆییەوە، نموونە لە هونەرمەندانی كورد دەخەینەڕوو.
لە رۆژاوای كوردستان دەستەیەك لە هونەرمەندانی زۆر بە توانای شێوەكاری كورد پەیدا بوون، وەك عومەر حەمدی (ماڵڤا) و زوهێر حەسیبو چەندانی دی، بەڵام دوور لە سەربەخۆیی داهێنانی ئەوان بە ناوی دەوڵەت و نەتەوەیەكی دیكەوە (سووریا و نەتەوەی عەرەب) بڵاو دەكرێتەوە. بە هەمان شێوە حامیدی ئامەدی دوا گەورە خۆشنووسی ئەنادۆڵ، بە ناوی گەورە خۆشنووس توركەوە ناوی دەركردووە، ئەگەرچی كوردێكی شاری ئامەد بوو. هەمان قسە دەرهەق بە نیگاركێشی جیهانی (ئەحمەد گونەشتەكین)یش راستە، كە بە ناوی هونەرمەندی تورك (توركیایی)یەوە ناوبانگی دەركردووە، كەچی لە بنەچەدا كوردە.
ئەگەر داگیركەرانی كوردستان هەوڵیان دابێت، هەڵبەت بە كردەنی بە چەندین شێواز ئەو هەوڵەیان داوە، كە كورد وەك نەتەوەیەكی نەزۆك و بێ كولتوور و بێ زمان و بێ كەلەپوور و شارستانیەت پیشان بدەن، شێوەكارانی كورد ئەركی راست كردنەوەی ئەو تۆمەت و چەوتییەیان گرتووەتە ئەستۆ. بۆ نموونە هونەرمەندێكی وەك (جەمال بەختیار) كە لە سەردەمی كۆماری دیموكراتی كوردستاندا بە دیداری قازی محەمەد شاد دەبێت، تابلۆ پۆرترێتێكی سەڵاحەدینی ئەیووبی و قازی محەمەد پێشكەش بە سەركۆماری كوردستان دەكات. ئەم كارەی جەمال بەختیار دەربڕینێكی سیمبولیانە بووە كە سەركۆمارەكەی ئەمڕۆ شكۆیەكی بەدی هێناوە، هاوشانە بەوەی سەركردەی هەرە مەزن سەڵاحەدینی ئەیووبی تۆماری كردووە. بۆ هەردوو حاڵەتەكەش كە نێوانیان نزیكە هەشت بۆ نۆ سەدەیە، هونەرمەند ویستوویەتی بڵێ نەتەوە شكۆداریی خۆی لە دەسەڵاتدار و دەسەڵاتێكی خۆماڵی (كوردانە)دا دەبینێتەوە. لە شاری سنەدا ستوونێكی وەك (هادی زیائەدین) پەیدا دەبێت، زنجیرەیەك پەیكەری ناوازە بۆ كەسایەتی و مەزنانی كورد، لە هەمووشیان دیارتر شاعیران و بوێژانی كورد دروست دەكات. پەیكەرەكانی زیائەدینی هونەرمەند سنووری رۆژهەڵاتی كوردستانیان بڕیوە و سەراپای جوگرافیای كوردستانی مەزنیان گرتووەتەوە. ئەم هونەرمەندە ئەو قسە و نووسینانە بە هونەر پووچەڵ دەكاتەوە، كە دەڵێن كورد بێ وێژە و بێ كولتوورە. ئەگەر عەلائەدین سەجادی و مارف خەزنەدار و سدیق بۆرەكەیی بە كتێب مێژووی وێژە و ئەدەبی كوردییان خستووەتە روو، ئەوا بەدیع باباجان و هادی زیائەدین بە پۆرترێتی هێڵكاری و پەیكەر ئەو مێژووەیان دووپات كردووەتەوە. ئەم كارەش هەوڵێكی ستاتیكاییانەی سەربەخۆییخوازییە، تەنیا بە هونەرمەندی شێوەكار دەكرێت و هەر لە دەسەڵاتی ئەودایە.
كارەكانی هونەرمەندان (دارا حەمە سەعی، سمكۆ تۆفیق، ئاكۆ غەریب) دەچنە خانەی زیندوو كردنەوە و بە یاد هێنانەوەی مێژووی نەتەوەیەك، كە داگیركەرانی كوردستان هەوڵی شاردنەوە و لە بەین بردنی ئێستا و رابردوویان داوە. دارا هەوڵی داوە بە پەیكەر ریشەی شارستانیەتەكانی خاك و جوگرافیای كوردستان زیندوو بكاتەوە، سمكۆ تۆفیق كاری بە ئاراستەی بەرجەستە كردنی رابردووی جوان و شكۆداری نەتەوە لە رێی كولتوور و كەلەپووری زیندووی ئێستاوە كردووە، لەمەشدا خەونی نەخشاندووە بەڵام چ خەونێك، كە هەر دروست راستەقینەیە و ئێمە ناتوانین لە فۆرمی واقیعیانەی خۆیدا بیبینین. (ئاكۆ غەریب)یش فیگەر و رووداوەكانی مێژووی نزیكی بەدەنگ هێناوە، هەوڵی داوە لە رێی ئەوانەوە سەروەرییەكانی نەتەوەیەك بخاتە روو. خەلیل (حوسێن) كاكەیی كاتێك لە گەرمەی شەڕی هەشت ساڵەی عیراق و ئێراندا لە شاری كەركووك لە حەوشەی ماڵەوەیان دیواربەندێك دروست دەكات، لە سەری دەنووسێت (لا قادسیە: نا قادسییە)،ویستوویەتی بڵێ ئەگەرچی بەرداشی ئەو شەڕە بەشێكی زۆری رۆژهەڵات و باشووری كوردستان دەهاڕێ، بەڵام لەم سەفەری كاروانكوژەدا ئێمەی كورد (نە كاڵەك خۆرین و نە بێستان رن)، پاشان ژیانی ژێردەستی رەت دەكاتەوە، نابێتە سەربازی قادسییە و دەبێتە پێشمەرگە. دوایین پیشانگای (دارا محەمەد عەلی) لە هەولێر بە ناونیشانی سەربەخۆییەوە بوو. دارا ئاشكرا هاواری دەكرد ژێردەستی بێ لە كارەسات و مەرگەسات چیی دیكەی بۆ نەهێناین، دەرمانی دەردی ئێمە سەربەخۆییە.
پوختەی مەبەست ئەوەیە، هونەرمەندانی شێوەكاری كوردستان هەردەم لە بەرەی گەلی خۆیاندا بوون، ئەوان بە زمانی دیدە و ستاتیكا كاریان بۆ نەخشاندنی وڵاتێكی ئازاد و سەربەخۆ كردووە. لەم پێناوەشدا شێوەكاران تووشی گوشاری زۆر هاتوون، قوربانیشیان داوە.