ریفراندۆم لە روانگەی هونەرمەندانەوە
فرمێسك مستەفا:
پشتگیریی خۆم بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم دووپات دەكەمەوە و پێموایە دەبێت دوور لە بیركردنەوەی حزبایەتی بەشداری دەنگدان بكرێت.
ھەلێكی مێژووییمان ھاتووەتە پێش و پێویستە ھەموومان بەشداری بكەین، وەك كوردێكی پاك و دوور لە بیركردنەوەی حزبایەتی دەنگ بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی بدەین، لە كۆتاییدا ھەموومان كوردین و كوردستان نیشتمانمان و داھاتوومانە، پێموایە تاكی كورد لەبەردەم ئەركێكی مێژوویدایە، بۆیە پێویستە دەنگ بدەین و با بۆ نەوەكانمان وڵاتێكی سەربەخۆ دروست بكەین.
دارا محەمەد عەلی:
ئەگەر گەڕانەوەیەك بۆ نێو كارەكانم بكەن، هەست بە ژان و ژووی من وەكوو هونەرمەندێكی شێوەكاری كورد دەكەن. لەسەر ئاستی پەیوەست و پابەندبوونم بە (زمان و خاك و مێژوو) و سەروەرییەكانی میللەتەكەم. بەڵێ من فرچكم بە سەربەخۆیی گرتووەو وازی لێ ناهێنم، تا ئەو رۆژەی بەدەستی دێنم. كارەكانم بە درێژایی ژیانی هونەریم هەردەم پانۆرامایەك بوون لەكارەسات و تراژیدیا بەردەوام و نەبڕاوەكانی گەل و نەتەوەكەم. رەنگدانەوەی چەمكی سەربەخۆیی بۆ من، دوورنییە لە پەڵە رەنگێكەوە لەدایك ببێت، یا لە هێڵكارییەكی رۆح و ناخەوە سەر هەڵ بدا، یان بە هەردووكیانەوە میلۆدیی سەربەخۆیی بە (رەنگ و هێڵ)ـەوە بۆ من. بۆ تۆ، بۆ هەر هەمووان بڵێنەوە، كە ئەویش لە ئاكامدا تابلۆیە هەرە مەزنەكەی سەربەخۆییە. كە كورد تێیدا بحەسێتەوە.
هاوتا ئەسعەد:
خۆم و هونەرەكەم پاڵپشتی لەو پرۆسەیە دەكەم و هیوام وایە دەوڵەتی كوردستان بێتە بوون، چونكە (ریفراندۆم) پرسێكی نەتەوەیی و مێژووییە، پێویستە هەموو تاكێكی كورد پشتگیری لەو پرسە نەتەوەییە گرنگە بكات و، بۆیە من وەك خۆم پێم وایە پێویستە هەموو كوردێك بە ئەمانەتەوە بروانێتە ئەو پرسە گرنگە، ئیتر ئەزموونی سەدان ساڵەی رابردوومان وانەی ئەوەی فێر كردووین، كە تاوەكو بەتەمای خەڵكی بێگانە بین، حاڵی خەڵكی كورد لەو باشتر نابێت، بۆیە هەنگاو نان بەرەو سەربەخۆی من وەك هونەرمەندێك خۆم و هونەرەكەم پاڵپشتی لێدەكەم و بەو هیوایەم دەوڵەتی كوردستان بگاتە كەناری مەبەست، لە ئێستادا دەمەوێ سروودێك بۆ ریفراندۆم بەشێوازێكی تازە پێشكەش بكەم بەتایبەتی لەرووی ئاواز و شێوازی گوتنەكەی پێشكەشی ئەو پرۆسەیەی بكەم.لە ئێستادا چەند كارێكی دەنگی ماوە كاری بۆ بكەم، پاشان ڤیدیۆ كلیپەكەی دەخەمە بواری جێ بەجێكردنەوە، بەو ئامانجە كارم لەسەری كردووە، لە ئایندەیەكی نزیكدا بیخەمە بەردەستی گوێگران و جەماوەری كوردستان».
هونەرمەند حازم بندیان:
كاری هونەرمەندان ئەمڕۆ قورستر دەبێت، كە پڕۆسەیەكی گەورەی وا هاتووەتە پێشەوە، كە ئەویش سەربەخۆیی كوردستانە، چونكە ئێمە هەموو قوربانییەكمان لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیی داوە، بۆیە ئێمەی هونەرمەند دەبێت كار بۆ سەرخستنی ئەو پڕۆسەیە بكەین و گۆرانی بۆ (ڕیفراندۆم) بڵێین، كە سەرۆك بارزانی ڕۆژی 25/9 بۆ دیاری كردووە، منیش وەك هونەرمەندێك گۆرانیەكی تایبەتم لەژێر ناوی (بەڵێ بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم) ئامادە كردووە و ئەو بەرهەمە دەبێتە نوێترین بەرهەمی من لە ساڵی 2017، كە بە عەشقێكی زۆرەوە كاری بۆ دەكەم، چونكە سەربەخۆیی بەدیهێنانی خەونی گەلێكە كە دەمێكە قوربانی بۆ سەربەخۆیی خۆی دەدات و ئێستا سەرقاڵی تۆماركردنم و دواتریش بەشێوەی ڤیدیۆ كلیپ بڵاوی دەكەمەوە، كە ئەمەیش ئەركێكی پیرۆزە و خزمەت بە نیشتمان دەكات و ئیدی گەلەك هەناسەیەكی ئازادی هەڵدەمژێت.
شێوەكار نەورۆز شەهاب:
بەشداربن لە دروستكردنی چوار چێوەی زێرین بۆ خاك كە ئەویش سەربەخۆییە، سڵاو لە دامەزرێنەرانی( دەوڵەت) ی كورد...، «بەڵێ بۆ دەوڵەتێك لەسەر بنەمای خاكپەرستی نەك بیر تەسك داوا لە تاكی كورد دەكەم لە پرسێكی ئاوا گرینگ و مێژووییدا كە سەرەنجام دەبێتە سەربەرزی و شانازییەكی مێژوویی بۆمان، بەشداربن لە دروستكردنی چوار چێوەی زێرین بۆ خاك كە ئەویش(سەربەخۆییە، بەسە ئەی كورد خۆ خواردن و یەكترخواردن لە ژێر ناو و بیانووی جیا جیا كە تا ئێستا لە ژێر كاریگەری ڕەنگی حیزبەكانتان دا دەنگتان بە حیزبی(.....) داوە، ئەوا بۆ تەنها بۆ یەك جار دەنگ بە خاك بدەن كە دەنگی( دەوڵەت)ە، بەڵام لەسەر بنەمای سیاسەتی ویژدان و ڕەوشت و سیاسەتێكی بەهێزی سیاسەت، چونكە (دەوڵەت خولانەوەی خوایە لەسەر زەوی) ئەمە قسەی( هیگل)ە، كە دەستووری دەوڵەت بە ئایین و دامەزرێنەرەكەشی بە پاڵەوان دەزانێت.
كچە هونەرمەندی رۆژهەڵاتی كوردستان دوتمیر:
ریفراندۆم و سەربەخۆیی مافی ئێمەیە وەكو كورد، غەدرێكی گەورە دەكەین ئەگەر بڵێین نەخێر، بەڵكو دەبێ سەد جار بڵێین (بەڵێ بۆ ریفراندۆم)، من وەك كچێكی شاری ئورمیەی رۆژهەڵاتی كوردستان بە دڵ و گیان ریفراندۆم لە خۆم و لە هەموو كوردێك پیرۆز دەكەم، دەرفەتێكی زێڕینمان بۆ رەخساوە و نابێ بە هیچ شێوەیەك و بە هیچ بیانوویەك ئەم دەرفەتە لە دەست خۆمان بدەین، چونكە بە هەزاران شەهیدمان بەخشیوە بۆ ئەم رۆژە و دەبێ بە (بەڵێ بۆ ریفراندۆم) رێز لە خوێنی شەهیدەكانمان بگرین.