كورتە فیلمی دوعا نوێترین بەرهەمی محەمەد شێروانییە
ئەو فیلمە لەژێر ناوی (دوعا)ـیە بەرهەمی (سامی پڕۆدێكشن) و لە وێنەگرتنی هاوكار فەرهادە و یەكێكە لە چیرۆكە كۆمەڵایەتیەكان، كە لە ناوەڕۆكدا باس لە ئازاری ئافرەتێك دەكات كە بەهۆی فشاری خێزانەكەیەوە لە حەز و ئارەزووەكانی خۆی بۆ خوێندن و گەیشتن بە ئامانجەكانی ژیان بێبەش دەبێت، چونكە خانەوادەكەی ئەو كچە زۆر بە تەسكی بیر لە ژیان دەكەنەوە و ئایین دەكەن بە ڕێگەیەك بۆ لە باربردنی دەیان خەونی ئەو ئافرەتە.
(محەمەد شێروانی) دەرهێنەری فیلمی (دوعا) لەم بارەیەوە ڕایگەیاند: دوای ماوەیەكی زۆر لە كاركردن و شەونخونی بۆ ئەو بەرهەمە، خۆشبەختانە توانیم كۆتایی بە هەموو كارە هونەری و دیمەنەكانی بێنم، كە چەند هونەرمەندێكی لە ڕۆژهەڵات و باشووری كوردستانەوە لەخۆكردووەتەوە و كارەكتەری سەرەكی بەرهەمەكەش كچە هونەرمەندێكی توركە و یەكەم جارە بەشداردەبێت لە بەرهەمێكی كوردی، ئامانجی منیش وەك دەرهێنەر برەودانە بە ئاستی سینەما و گەیشتن بە خەونی بە جیهانی بوونی سینەما، جگە لەوەش كاری ئێمەی هونەرمەند ئەوەیە، كە چیرۆكە تراژیدی و دابونەریت و گرفتەكانی نێو كۆمەڵگەی كوردی وەك خۆی بە جیهان ئاشنا بكەین.