ریفراندۆم لە روانگەی هونەرمەندانەوە

ریفراندۆم  لە روانگەی هونەرمەندانەوە
بە درێژایی مێژووی دەیان ساڵەی خەباتی میللەتی كورد لە پێناو مانەوەو ئازادیدا لە هەموو پارچەكانی كوردستان، هونەرمەندانیش شان بە شانی پێشمەرگەكانی كوردستان بە هونەرەوە بەرگرییان لەو خاكەوە كردووەو هەزاران سروودو گۆرانییان بۆ خۆشەویستی وڵات هۆنیتەوە، ئێستاش كە میللەتی كورد لە باشووری كوردستان لەبەردەم تەحەددییەكی گەورەدایە كە بریتییە لە ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە 25ی ئەیلوولی بێگومان هونەرمەندانیش راوبۆچوون و هەڵوێستی خۆیان لەو بارەوە دەبێت، هونەرمەندان بەم شێوەیە راو سەرنجی خۆیان دەربارەی پرسی ریفراندۆم بۆ گوڵان خستۆتە روو.

ئازەر قوبادی گۆرانیبێژی رۆژهەڵاتی کوردستان

هەموو مرۆڤێك لە جیهان مافی خۆیەتی بڕیار بدات چۆن بژی، هەموو كوردانی جیهان ئاواتیانە بڵێن ئێمە خەڵكی وڵاتی كوردستانین و پاسپۆرتی كوردستانیان هەبێت، لە هەمان كاتدا گەرەنتی ئەوەش هەبێت كە جارێكی دیكە شنگاڵ و هەڵەبجە و ئەنفالی گەرمیان و بادینان و بارزانییەكان و جینۆسایدی میللەتی كورد دووبارە نابێتەوە و كوردستان ببێتە كیانێكی ئارام.
هیوادارم كە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی كوردستان وەك عەرەب و توركمان و پێكهاتە ئایینییەكان گەیشتبنە ئەو دڵنیاییەی كە بە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دەتوانن ئارامتر و ئاسوودەتر بژین و ئەگەر لە رووی ئابووری، پەروەردەیی و فەرهەنگی ئەو ئامادەییە هەبێت لە وڵاتێكدا بژین كە نموونەی پێشكەوتن و گەشە بێت و پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی بەشێوەیەكی جوان و ریكوپێك بێت و كورد بەو بڕیارە تووشی كێشە نەبێت، منیش وەك هەموو كوردێك مایەی شانازیە ببینم لە جیهاندا دەوڵەتێكی كوردی بوونی هەیە.


کەژاڵ ئادەمی شاعیر و گۆرانیبێژی رۆژهەڵاتی کوردستان
كوردستانێكی یەكگرتوو و سەربەخۆ خەون و ئاواتی لەمێژینەی نەتەوەكەمانە. منیش وەكو كوردێك، شاعیر، سترانبێژ، هەروەها ئەندامی بنەماڵەیەك كە لە پێناو ئامانجەكانی گەلی كورددا خەباتیان كردووە و شەهیدمان داوە، لە مێژە هیوای دیتنی كوردستانی سەربەخۆم هەیە. كوردستانێك كە تێیدا ئارامی و ئاسایش بۆ هاووڵاتیان بێت و سیستەمی كۆمەڵگە لە سەر بنەماكانی دیموكراسی داڕێژرابێت. كوردستان ژێرخان و پۆتانسیێڵێكی بەرینی مێژوویی، سیاسی، زمانی و كولتووری هەیە و گەر بە شێوازی شیاو نرخی پێبدرێت، داهاتووێكی گەشی لێ چاوەڕوان دەكرێت.


لوقمان غەریب دەرهێنەر و سینەماكار
خەڵكی كوردستان بە كورد و هەموو پێكهاتەكانی ترەوە، زیاتر لە سەد ساڵیان لە جەنگ و قوربانیدان و خوێن و فرمیسك و ماڵویرانی و دەربەدەری لە ناو ئەم بەناو (عێراق)ەدا تێپەراند.هەموو جۆرەكانی حوكمڕانیمان تاقیكردەوە لە پاشایەتیەوە تا ئەمڕۆ. خەباتی سیاسیمان كرد، چەكمان هەڵگرت و بەرگریمان لەخۆمان كرد، جینوساید كراین و بەرگەمان گرت، دانوستان و پێكهاتنی نیشتمانیمان كرد و بەشداریی حكومرانیمان كرد. بە تەجروبە و بە میژوو بۆمان دەركەوت كە ئیمە نەبەشیك بووین لە عیراق و نەدەتوانین بەشیك بین لەم وڵاتە ئاڵۆز و پڕ ناكۆكییە. ئەگەرچی ئەوە سەد ساڵ زیاترە بە زۆرە ملێ ناسنامەی عیراقمان بەسەردا سەپاوە . دیارە هەموو گەلان و پێكهاتەكانی عیراق خۆیان ئەم راستییە دەزانن، تەنانەت ئەو وڵاتانەش كە سەرەتای سەدەی رابردوو ئەم عیراقەیان دروستكرد، گەیشتوونەتە ئەو بروایەی كە ئەم وڵاتە ناكرێ و ناتوانیت بەم هەموو ناكۆكی و شەڕ و ئاڵۆزییەوە بەردەوام بیت، ئەمە لەلایەك .
لەلایەكی تریشەوە ئیمە وەك گەلی كوردستان و نەتەوەی كورد و هەموو پێكهاتەكانی تری كوردستان، مافی سروشتی خۆمانە، ئازاد و سەربەخۆ بین و خاوەنی دەوڵەتی خومان بین . ئەوە مافە و خواوەند و خەڵك و یاسای نێودەوڵەتی و تەنانەت دەستوری عێراقیش دیاریكردووە . دواجار ئەم پرسە پرسێكی گشتی و نیشتمانیی و پرسی خەڵكە و پەیوەستە بە تاك بە تاكی كۆمەڵكای كوردستانەوە و باوەڕم وایە كە ئەمە دواهەنگاو و دواقۆناغی خەبات و تێكۆشانمانە لە رێی سەربەخۆیی و دامەزاراندی دەوڵەتی كوردستان . دڵنیام زۆرینەی زۆری خەڵكی كوردستان بە پەرۆشەوە بەشداریی تیدا دەكەن . ئەگەرچی لیرەولەوێ هەندێك دەنگی ناشاز دەبیسترین كە زیاتر خویندنەوەی حیزبیانە و بۆ بەدەستهێنانی دەستەكەوتی حیزبی پرۆسەكە دەبینن . بەلام سەرەنجام ئەمە پرسێكی نەتەوەیی و مێژوویی یە و هەر هەوڵێك بۆ بەلاڕێدا بردن و بێ ئەرزش كردنی هەوڵێكی نەزۆك بێ ئەنجام دەبێت و دەچێتە خانەی ناپاكییەوە . بێگومان ئیمە ئاسۆی ئەم پرۆسەیە زۆر روناك دە بینین، خەبات و بەرگریی و قارەمانێتی پێشمەرگە و هەوڵ و تەقەڵای سەرۆك بارزانی و سەرۆكی حكومەت كاك نێچیرڤان و چەندین هەنگاوی تری پەیوەست بە دەوڵەتداریی و پەیوەندی نێودەوڵەتی و دەیان جوڵەی تری جۆراوجۆری سیاسی و ئیداری و رابردووی پڕ لە سەروەریی خەڵكی كوردستان گەشبینمان دەكات بە گەیشتن بە ئومێد و ئامانجی لە مێژینەی خومان كە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە.


برادەر هونەرمەندی باکووری کوردستان
لە ماوەی سەد ساڵی رابردوودا بە هەموو شێوەیەك زوڵم لە گەلی كورد كراوە و بەردەوامیشە، هەر لە ئەنفال و كارەساتی هەڵەبجەوە بگرە، تا دەیان كارەساتی دیكە هەموویان بەسەر گەلی كورد هاتوون، بە بڕوای من هەموویان لە ئەنجامی ئەوە بووە كە ئێمەی كورد خاوەن دەوڵەتێكی سەربەخۆ نەبووین. لە سەرتاسەری جیهات ئێمەی كورد گەورەترین میللەت بووین كە بێ دەوڵەتین و وڵاتەكەمان بە زۆری بەسەر چوار وڵاتدا دابەشكراوە.
من وەكو هونەرمەندێكی كورد بە دڵ و گیان و خوێنگەرمییەوە پێشوازی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەكەم، لە ئێستاشەوە خۆمان ئامادە دەكەین بۆ ئەنجامدانی فیستیڤاڵی سەربەخۆیی كوردستان كە بڕیار وایە لە مانگی ئابی داهاتوودا لە شاری كۆڵنی ئەڵمانی ساز بكرێت، ئێمە هەموومان خۆمان بە خەباتگێڕی رێبازی بارزانیی نەمر دەزانین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بە سەركردایەتی سەرۆكی هێژا مسعود بارزانی.

دلبەر جزیر گۆرانیبێژ


زۆر دڵخۆشم كە خەریكە دەوڵەتی كوردستان دەبێتە راستی و خەونی دوژمنانمان لە گۆڕ دەنرێ و خوێنی شەهیدانمان بە فیڕۆ ناچێت، خەریك بوو خۆمان بێ ئومێد دەبووین و بڕوامان بە خۆمان نەمابوو، كاتێك ئەم هەواڵەم بیست چاوەكانم پڕ بوون لە فرمێسك، چونكە ئەو ئەشكەنجە و ئازار و ئەنفال و كیمیابارانەی كە لەسەر ئێمە پیادە دەكرا هەمووی دەبێت بە خۆشی و رۆژە رووناكەكان چاوەڕێمان دەكەن، پەنا بە خوا هەموو كەسێك لە دنیا لە مەودوا گوێبیسیتی كوردستانی گەورە دەبین و هەر چوار پارچە دەبن بە یەك پارچە، چونكە ئێمە خاوەن كەسێكی وەك سەرۆك مسعود بارزانین، ئێمە بەردەوام دەبین لە خەبات و ناوەستین، دوای 100 ساڵ لەژێر دەستی خەریكی ئێمەش دەبینە خاوەن دەوڵەت، من ئەوەندە دڵخۆشم كە ئێمەش ببینە خاوەن دەوڵەتی كوردستان بە جۆرێك ناتوانم چۆن وەسفی بكەم، چونكە خەریكە ئێمە دەگەینە ئاوات و خەونەكانی ئەوانیش دێتە دی، بێگومان بە (بەڵێ) گیانی شەهیدانمان ئاسوودەتر دەبێت.
Top