ئالین:نابێت دەرفەتی سەربەخۆیی لە دەست بدرێت
* بیرۆكەی ئەم گۆرانییە نوێیە بە زمانی ئینگلیزی چۆن دروست بوو؟
- من وەكو هاووڵاتییەكی كوردی- ئەڵمانی هەمیشە گوتوومە زۆر ئاساییە كە هونەرمەندی كورد بە زمانی دیكە گۆرانی بڵێ جگە لە زمانی دایك، چونكە پێموایە ئەمە دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە خەڵكی بیانی بەتایبەتی ئەڵمانی و ئەوروپییەكان بە رێگای ئەو گۆرانییەوە زیاتر ئاشنای هونەر و كەلتووری میللەتی كورد بن و هەوڵ دەدەن شتی نوێ دەربارەی میللەتەكەمان بزانن و دەبێتە پردێك لە نێوان هونەری كوردی و بیانی بە گشتی و ئەڵمانی بەتایبەتی و خودی ئەڵمانیەكانیش ئەم كارە بەرز دەنرخێنن، من پێش ئێستا بە چەندین زمانی دیكە گۆرانیم گوتووە، بۆیە بە پێویستم زانی ئەم جارەیان دیسان بە زمانی ئینگلیزی گۆرانی بڵێمەوە و پێشكەش بە جەماوەری بكەم، ئەم گۆرانییە بە ناوی (Here I am now)ـە و هیوادارم بەدڵی جەماوەرەكەم بێت.
* بۆچی وەك گۆرانییەكانی دیكە لە كوردستان كلیپت بۆی نەكرد؟
- دوای تۆماركردنی گۆرانییەكە لە وڵاتی ئەڵمانیا دەستم كرد بە تۆماركردنی گۆرانییەكە بە ڤیدیۆ كلیپ هەرچەندە زۆر حەزم دەكرد لە كوردستان كلیپەكە تۆمار بكەم، چونكە لە ساڵانی رابردوودا زۆربەی هەرەزۆری كلیپەكانم لە كوردستان و لەلایەن تیم و دەرهێنەرانی كوردەوە تۆمار كردووە، بەڵام لەبەر چەند هۆكارێك وای دەخواست كە كلیپەكە لە ئەڵمانیا تۆمار بكەم.
* تۆ بەردەوام كلیپ تۆمار دەكەی، كێ هاوكاریت دەكات لەم كلیپانە؟
- من هەموو گۆرانییەكانم لەسەر ئەرك و خەرجی خۆم تۆمار كردووە و هیچ كەس و لایەنێك هاوكاری نەكردووم، منیش داوای هاوكاریم نەكردووە، چونكە وەك هونەرمەندێكی كورد ئەمە ئەركێكی نەتەوەیی خۆمە بەرامبەر بە كەلتوور و زمانی میللەتەكەم، مخابن ئەوەی هەستی پێدەكرێ لە كوردستان تەنیا هاوكاری هونەرمەندانی بیانی دەكرێ.
* گۆرانی (پێشمەرگە) دیاریی تۆ بوو بۆ پێشمەرگەكانی كوردستان، چۆن هەڵیدەسەنگێنی؟
- لە سەرەتای هێرشی داعش لە ساڵی 2014 من ئەم كلیپەم پێشكەش كرد وەك كوردێك بە ئەركی خۆم زانی بەرامبەر بە پێشمەرگە، یەكێك بوو لە كلیپە سەركەوتووەكان و پێشمەرگەكان لە بەرەكانی جەنگ باسیان بۆ كردم كە كاریگەری خۆی هەبوو لەسەر بەرز كردنەوەی ورەی پێشمەرگە، هەروەها كچ و كوڕانی كورد بە جۆشەوە دەیانگوتەوە، كلیپی گۆرانی (پێشمەرگە) كە لەسەر ئەركی خۆم بوو لە نێو ئەو گۆرانیانەی كە دوای هێرشی داعش تۆمار كراون و زۆریان هاوكاری كراون لەرووی ماددییەوە،سەركەوتنێكی بەرچاوی بەدەستهێنا لە رووی بینینەوە و نزیكەی (دە) ملیۆن كەس لە رێگای ئەنتەرنێتەوە سەیری كلیپەكەیان كردووە، ئەمەش بۆ من جێگای شانازییە كە سروودی (پێشمەرگە) ئەو سەركەوتنە گەورەیە بەدەست بهێنێت.
* ئەی سروودی (یەكێتی ) كە بە زمانی كوردی و ئەڵمانییە؟
- ئەمە دووەم كلیپی من بوو لە ساڵی 2016 لە كوردستان تۆمارم كرد وەك پشتگیرییەك بۆ پێشمەرگە و پتەوتر كردنی یەكێتی و تەبایی نێوان گەلی كوردستان و هەنگاو بنێن بەرەوە سەربەخۆیی، لە هەمان كاتدا سوپاسگوزارییەك بۆ وڵاتی ئەڵمانیا كە رۆڵێكی سەرەكیی هەیە لە شەڕی دژی داعش و هاوكاری كردنی پێشمەرگە، بێگومان لە زۆر رووەوە تۆمار كردنی ئەم كلیپانە بۆ من ئاسان نەبوو، بەڵام وەك ئافرەتێكی تێكۆشەر كە ئامادەی فیداكاریم لە پێناو میللەتەكەم بڕوای منی بە ئازادی نەتەوەكەم زیاد كرد كە ئێمە دەبێ بە ئاواتەكانمان بگەین.
* ئێستا كوردستان بەرەو ریفراندۆم و سەربەخۆیی هەنگاو دەنێت وەك هونەرمەندێك هەستت چییە بەرامبەر بەم پرۆسەیە؟
- بە بۆچوونی من پرۆسەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی كوردستان بەپێی رێكەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكانەوە پارێزراوە، بۆیە گشتپیرسی مافێكی رەوای هەموو گەلانە، بۆیە هیوادارم هەموو كەسێك ئەوانەی مافیان هەیە بە (بەڵێ) دەنگ بۆ سەربەخۆیی بدەن و ئەم دەرفەتە مێژووییە لە دەست نەدەن.
* وەك ئافرەتێكی هونەرمەند رووبەڕووی چ گرفتێك بوویتەوە؟
- بێگومان ژیان بۆ ئافرەتی كورد لە كوردستان بێت یان لە ئەوروپا ئاسان نییە، بەتایبەتی ئەگەر هونەرمەند بێت، بەڵام من هەوڵمداوە باڵانسێك لە نێوان ژیانی ئاسایی و هونەری خۆم دروست بكەم و تا راددەیەكی زۆریش لەو بوارەوە سەركەوتووم.
* لە كۆتاییدا چیت ماوە بیڵێی سەبارەت بەو كلیپە نوێیە؟
من لە ساڵی 2008 كلیپێكم بڵاوكردەوە بە ناوی (وڵات) بە هەردوو زمانی كوردی و ئینگلیزی كە خەڵاتێكی نێودەوڵەتی لە وڵاتی مەغریب بەدەستهێنا، رەنگە هەندێك كەس بڵێن ئەمە تەقلید بووە، بەڵام من پێیان دەڵێم: نەخێر، ئێمە تەقلیدی كەس ناكەین و پێش ئەوان بە زمانی ئینگلیزی گۆرانیمان وتووە.