سولین دڵپاك:لە هونەردا ئافرەت قۆناغی زۆری بڕیوە
سولین دەربارەی جیاوازی رۆڵی ئافرەتی كورد لە بواری هونەری دەڵێ: دیارە لە ساڵانی پێشوو بوونی ئافرەت لە بواری هونەری وەكو پێویستە نەبوو، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئافرەت قۆناغی زۆری بڕیوە، ئێمە دەزانین جاران ئافرەت نەیتوانیوە بچێتە سەر تەختەی شانۆ یان زۆر كەم بووە، بەڵام ئێستا خۆشبەختانە ئافرەت بە ئازادی روو لە بواری هونەر دەكات و بە جورئەتەوە ئەو بوارە هەڵدەبژێرێت كە حەزی لێدەكات و دەرگاكان لە بەردەمیان كراوەتەوە، هیوادارم دەرگاكان زیاتر بەرووی ئافرەتدا بكرێنەوە، چونكە كۆمەڵگەی ئێمە پێویستی بە ئافرەتی زیاتر هەیە لە بواری هونەر هەچەندە ئێستاش زۆرن.
سەبارەت بەو ئەكتەرانەی كە لە هەردوو بواری شانۆ و دراما و فیلمدا بەشداری دەكەن سولین دەڵێ: بۆ من ئاساییە كە لە هەرسێ بوارەكەدا كار بكەم، چونكە شانۆ و سینەما و دراما هەریەكەیان تایبەتمەندی خۆیان هەیە، لە شانۆدا ئەكتەر راستەوخۆ رووبەرووی جەماوەر دەبێت، بەڵام لە فیلمدا حاڵەتەكە بەو شێوەیە نییە، بە گشتی نواندن هەر نواندنە و سەركەوتن تێیدا دەكەوێتە سەر توانا ئەو ئەكتەرە كە كاراكتەرەكە بەرجەستە دەكات و تا چەند دەتوانێت ئەو پەیامەی كە دەرهێنەر یان نووسەر دەیەوێ بیگەیەنێتە بینەر لە رێگای نواندنەكەیەوە.