هاوكار مستەفا:لە ئەزموونی مەملەكەتی مێروولەكان هەستم بە گەورەیی سینەما كرد.
* ئامانجی سەرەكیت لە دامەزراندنی رێكخراوی (گۆنا) چی بووە؟
- بەر لە هەموو شتێك برەودانە بە كارە هونەرییەكان، بەتایبەت فیلمی كوردی، كە خەونی هەموومانە لە ئاستێكی باڵادا ببیندرێت، هەرچەندە رابردوو شایەتحاڵی بەرهەمە سینەماییە كوردییەكانە، كە تا ئێستا خاوەنی چەندین خەڵاتی گەورە و دەستكەوتی مەزنن، كە بوونەتە مایەی شانازی ئێمە.
* دامەزراندنی ئەو رێكخراوە چ كاریگەرییەكی ئەرێنی لەسەر پێشكەوتنی سینەما دەبێت؟
- رەنگە ببێتە سووچێك بۆ هاتنە پێشەوەی سەرمایەداران و پردی نێوان سینەما و كەرتی تایبەت، ئەگەر سەیری ئەزموونی سینەمای وڵاتانیش بكەین، دەبینین هەمیشە سەرمایەدار و كەرتی تایبەت لە پشت سینەماوەن، ئەمەش وایكردووە فیلمساز لە رێگەی بەرهەمەكانی خۆیەوە ژیانێكی خۆش بۆ خۆی فەراهم بكات، نەك فیلمساز لێرە چاوەڕوانی مووچە بێت و چاوەڕوانی بودجە بێت لە حكوومەت بۆ بەرهەمهێنانی فیلم.
* ئێوە بێ بودجە دەتوانن چی پێشكەشی سینەما بكەن؟
- راستە ئێمە بودجەیەكی دیاریكراومان نییە، بەڵام وەك گوتم بەهۆی فراوانی پێوەندییەكانمان، هەوڵدەدەین كەرتی تایبەت بێنینە پێشەوە و پڕۆژە و چالاكیی گەورە لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان پێشكەش بكەین.
* بیر لەوە دەكەنەوە فیستیڤاڵێكی نێودەوڵەتی ساز بكەن؟
- بێگومان ئەوە پڕۆژەی هەرە سەرەكیی ئێمەیە، كە دەمانەوێت فیستیڤاڵێكی نێودەوڵەتی لە هەرێمی كوردستان بۆ فیلم ساز بكەین، زۆرترین فیلمی ساڵی تێدا بەشدار بێت، بەتایبەت ئەو بەرهەمانەی كە لەو ماوەیەدا بە خۆبەخشی لەدایك بوون و خەڵاتی رێزلێنانیان پێببەخشین، بۆ ئەوەی ئەو فیلمسازە هەست بەوە بكات كە ماندووبوونەكەی بە خۆڕایی نەڕۆیشتووە، هەرچەندە ئەوان پێیانوایە كار بۆ نیشتمانێك دەكەن، نەك بۆ پارە و پووڵ.
* كێ تۆی بە سینەما ئاشنا كرد؟
- خۆشەیستیی زۆری مامۆستا (ناسر حەسەن، عەدنان عوسمان)، كە ئەوان قوتابخانەن بۆ سینەمای كوردی، وایان كرد من عەشقی ئەو بوارە بم و هەوڵ بدەم ئیدی ژیانم بۆ دنیای هونەر و سینەما تەرخان بكەم.
* فیلمی مەملەكەتی مێروولەكان كە تێیدا بەشدار بووی، تا چەند بووە ئەزموونێكی نوێ لە ژیانتدا؟
- نەك تەنیا ئەزموونێك، بەڵكو لەگەڵ وێنەگرتنی هەر گرتەیەكی ئەو بەرهەمە سینەماییە، كە لە ئاستێكی زۆر باڵادایە، هەستم بەوە دەكرد كە سینەما چەندە گەورەیە، بەتایبەت كە دەرهێنەرێكی وەك (عەدنان عوسمان) كاری لەسەر دەكردو چیرۆكی پڕ لە تاوان و بێڕەحمی چەتەكانی داعشی بە جیهان ئاشنا دەكرد، هەستم دەكرد لە پڕۆسەیەكدا خۆم بینیووەتەوە پڕە لە خزمەت بۆ گەلەكەم، كە مەرج نییە ئێستا هەستی پێ بكرێت، بەڵكو فیلمی (مەملەكەتی مێروولەكان) دەبێتە باشترین بەڵگە بۆ مێژوو، كە تاوان و كارە قێزەوەنەكانی داعش دەخاتەڕوو، كە چۆن بەربووەتە گیانی پەپوولەئاساكان و كچە پاكیزەیەك كە هەزاران خەونی هەیە.
* كار و پڕۆژە سەرەتاییەكانی رێكخراوەكە چی دەبێت؟
- پڕۆژەی زۆرمان گەڵاڵە كردووە، بەڵام ئێستا هیچ بودجەیەكی نییە، بۆیە بیرمان لەوە كردووەتەوە هەفتەیەكی فیلمی كوردی رابگەیەنین كە رەنگە لە نێو هۆڵی چاكسازی نێوجەوانان، یاخود كەمپی ئاوارەكان بێت، بۆ ئەوەی لە ئازارەكانیان كەم بكەینەوە، چونكە دڵنیاین كە ئێستا ئەوان پێویستیی زۆریان بە بینینی فیلم هەیە.
* راگەیاندن تا چەند لە سەركەوتنی سینەمادا رۆڵ دەبینێت؟
- بەبێ راگەیاندن، هیچ كاڵا و بەرهەمێك لە جیهان ناناسرێت، بگرە هیچ سەركردەیەك ناتوانێت بەبێ راگەیاندن خزمەت و پڕۆژە تازەكانی بگەینێتە گەلەكەی، ئەگەر میدیا هاوكار نەبێت لە رووماڵكردنی، بۆیە سینەماش بەدەر نییە لە پێویستی خۆی بۆ راگەیاندن، چونكە ئەگەر وای دانێین بەرهەمەكەی ئێمە تا بڵێی پێشكەوتووە، بەڵام كە نەگەیشت بە خەڵك، واتە ئێمە هیچمان پێشكەش نەكرد، لە هەر بوار و شوێنێكیشدا میدیات لەگەڵ نەبێت، بێگومان پڕۆژەكەت وەك خۆی بە خەڵك ناگات.
* روو لە كوێ دەكەن بۆ ئەوەی هاوكارتان بێت؟
- ئێمە پێویستیمان بە پشتیوانی زۆر دەبێت، بەتایبەت حكومەتی هەرێمی كوردستان، مەرج نییە كە بۆ پارە هاوكار بێت، بەڵكو پێویستیمان بە هاوكاری مەعنەوی ئەوان هەیە، بۆ ئەوەی رێگە بە پڕۆژەكانمان بدات و هاوكار بێت لە هێنانە پێشەوەی سەرمایەداران و سپۆنسەری كردنی كار و پڕۆژەكانمان، كە ئەمەش دووبارە خزمەتێكی گەورەیە بە دنیای سینەما، كە خەونی لە مێژیینەی هەمووانە.