نیان عەبدوڵڵا:بڕیارم داوە ئەمساڵ بەرهەمی زیاتر پێشكەش بكەم
* لە تەمەنی منداڵی چۆن بووی؟
- من كەسێكی لەسەرخۆ بووم، ئەمەش لە دایك و باوكمەوە بۆم ماوەتەوە، بەتایبەتی دایكم، ئەو هێمنی و لەسەرخۆبوونەم لە منداڵییەوە وایكرد كە مافم زۆر دەخورا و داواشم نەدەكردەوە و بە گریانەوە دەگەڕامەوە لای دایكم، ئەویش پێی دەگوتم مەهێڵە مافت بخورێ، ئەمەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە ئافرەت لە كۆمەڵگەی ئێمەدا هەمیشە مافی خوراوە، بەڵام من بە تێپەڕبوونی كات مافی خۆم وەردەگرت.
* بەر لەوەی روو لە گۆرانی بكەیت، ئارەزووی شێوەكاریت هەبووە چۆن بوو رووت لە گۆرانی كرد؟
- هەر كەسێك كە وێنەیەك دەكێشێت ئەوا ناخی خۆی نیشان دەدات، وێنەی خۆم بەو شێوەیە دەكێشا كە بمەوێ چۆن بم و هەمووی رەنگدانەوەی ناخی خۆم بوون، زۆر جار كە وێنەم دەكێشا مامۆستا نیشانی كچە قوتابییەكانی دەدا و دەیگوت سەیر كەن سەرەڕای ئەوەی نیان هێمنە ئەم وێنە جوانانەی كێشاوە، ئەمەش وای دەكرد بەشێك لە قوتابییەكانم هەڕەشەم لێ بكەن.
* هەر بەو هێمنی و بێدەنگییە مایەوە؟
- نەخێر، تەواو پێچەوانە بۆوە، ئەو بێدەنگییەم زۆر شتی دیكەی لە خۆ گرت لە وێنەكێشان و گۆرانیوتن و لاسایی كردنەوەی گۆرانیبێژان و تەنانەت نواندنیشدا زۆر سەركەوتوو بووم، خۆم لە ماڵەوە سازێكم دروست كردبوو، كە چەپڵەیان بۆ لێدەدام و رێزیان دەگرتم، شانازیم بەخۆوە دەكرد و هەستم دەكرد كە بوونم هەیە، من كێم؟ من ئەو كەسە نیم كە قوتابییەكانم مافم دەخۆن ئەو كاتە هەستم كرد كە لە ناخی من بەهرەیەك هەیە و پێویستە بیجوڵێنم، كاتێك دەچوومەوە ماڵەوە بە گریانەوە بە دایكم دەگوت ئەمڕۆ دیاریم وەرگرتووە و چەپڵەیان بۆ لێداوم.
* بە حوكمی ئەوەی باوكت مەلا بووەو بە هۆی كاریگەری دەوروبەری، دەڵێن لە سەرەتادا حەزی نەكردووە تۆ گۆرانی بڵێی،ئەو كاتە هەستت بە چی كردووە؟
- ئەگەر باوكم حەزێكی هونەری نەبوایە، رەنگە ئەو حەزە لە منیشدا دروست نەدەبوو، باوكم خۆی كە لە بەغدا دەهاتەوە باسی نازم غەزالی دەكرد و زۆر حەزی لە دەنگی دەكرد و دەیگوت گۆرانیمان بە یەكەوە وتووە و بەرهەمی خۆی پێشكەش كردم، هەروەها گوێی لە دەنگی شەجەریان دەگرت، باوكم گوێی لە مانە دەگرت بۆ ئەوەی لە كاتی بانگداندا دەنگی باش بێت، ئەمەش كاریگەریی لەسەر ئێمە هەبوو بەتایبەتی براكانم، هەرچەندە باوكم مۆسیقا و گۆرانیی لێ قەدەغە كردبووین، بەڵام ئێمە هەر بەردەوام بووین بە نهێنی مۆسیقامان دەژەنی، من رووم نەدەهات بە ئاشكرا گۆرانی بڵێم تەنیا لە هەندێك بۆنەی خێزانی نەبێت گۆرانیم دەگوت، خاڵێكم (رەزای حەمەی شاعیر) گوتی دەبێ نیان ببێتە گۆرانیبێژ، لەگەڵ باوكم قسەی كرد گوتی نابێ و گۆرانی گوتن حەرامە، خاڵم پێی گوت ئەو كچە خاوەن بەهرەیەكی زۆرە و دەنگیشی خۆشە، براكانیشی رازین، منیش زۆر دڵگران بووم، چونكە 5 ساڵ دواكەوتم لە گۆرانی وتن هەستم دەكرد كە باوكم لە ناخەوە حەز دەكات، بەڵام بەهۆی كاریگەریی دەروبەری رازی نەبوو تەنانەت رازی نەبوو من و براكانم بچینە پەیمانگای هونەرە جوانەكانیش، تابلۆ و ئامێری مۆسیقا لە ماڵی ئێمە نەبوو ئەگەر هەشبا باوكم دەیشكاند، باوكم بە تەواوی دژی گۆرانی گوتنی من بوو، بەڵام رۆژێك لە رۆژان لێم زویر نەبوو و منی لە هەمووان زیاتر خۆشتر دەویست.
* بۆچی پێش تەواوبوونی وادەی چارەسەرەكەت گەڕایەوە كوردستان؟
- من قاچم وەستابوو و نەشتەرگەری ترم پێویست بوو، لەوێ پارەم لێ بڕا، پزیشكەكان توانییان ئەمە چارەسەر بكەن، بە جۆرێك بتوانم بڕۆم، بەڵام نەشتەرگەری ترم پێویست بوو كە پارەی زۆر زۆری دەویست، نەمتوانی ئەو نەشتەرگەرییە بكەم، چونكە پارەم لێ بڕا، بەڵام گەڕامەوە و ئێستا چارەسەر وەردەگرم هەرچەندە وا دەخوازێت كە بۆ ماوەی سێ ساڵ من هەر سێ مانگ جارێك پشكنین ئەنجام بدەم، بۆیە خۆم داوەتە دەست قەدەر و ورەشم زۆر زۆر بەرزە، لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی ئەسكەندەری هاوسەرم بكەم كە بەردەوام پاڵپشتم بووە و ورەمی بەرز كردووەتەوە و ئەگەر ئەو نەبوایە من دەمێكە لە ژیاندا نەمابووم، كە قژم رووتاوە زۆر خەمبار بوو، لەو ژوورەی بە یەكەوە بووین چووە دەرەوە، پاش ماوەیەك گەڕایەوە بینیم كە قژی سفر كردووە، بە گشتی هەموو خزم و كەسەكانم هاوكارییەكی زۆریان كردم.
* كار و بەرهەمی نوێت چییە؟
- هەست دەكەم توانام هەیە و تەندروستیم جێگیرە و دەتوانم كاری نوێ پێشكەش بكەم، بۆیە بڕیارمداوە ئەمساڵ نەوەستم و بیكەم بە ساڵی بەرهەمە هونەرییەكانم لە ئێستادا خەریكی بەرهەمێكم لەگەڵ كاك بڕیار رەشید كە تۆمارمان كردووە.
* چ پەیامێكت بۆ ئەسكەندەری هاوسەرت هەیە ؟
- ناتوانم بە هیچ وشەیەك گوزارشتی لێبكەم، لای من زۆر زۆر گەورەیە، لە رۆحم زیاتر خۆشم دەوێ، ئەو نەبێ، ژیانم نابێ.
* لەگەڵ خواردنا چۆنی؟
- زۆر زۆر حەز لە دروستكردنی خواردن دەكەم، بەتایبەتی خواردنی كوردەواری، لە هەر شوێنێك خواردنێك ببینم، هەوڵ دەدەم دروستی بكەم و زۆریش خۆم بە ئامادەكردنی خواردنەوە ماندوو دەكەم.