ئەو ساتانەی ناسڕێنەوە (نێرگز بووكی كوردستانە)
سینەما خەونی هونەرمەندانی كوردبوو، ئەوە بوو لە دوتۆی چالاكییەكانی شۆڕشی ئەیلوولدا فیلمی (بەرەوخۆر) لەلایەن یەكەی شۆڕشەوە تەواوكرا، بەڵام دەستی بەسەرا گیراو چارەنووسی نادیار بوو.
فیلمی (نێرگز بووكی كوردستانە) دائەنرێ بە یەكەم فیلمی رۆمانئامێزی درێژی كوردی، راستە پێشتر لەلایەن هونەرمەندی بلیمەت و شۆڕشگێڕ (یەڵماز گۆنای) چەندین فلیمی نایاب كراوە، بەڵام ئەوانە بە زمانی كوردی نەبوون، راستە باسی كێشە و ئازاەكانی كورد ئەكات، دیارە زمان ناسنامە بە فلیمەكە ئەدات.
(نێرگز) لەسەر داوای (حاجی مەكی) چیرۆكنووسی بەتوانا (مامۆستا حەمە فەریق حەسەن) نووسیبووی و زۆربەی شیعری گۆرانیبێژەكانی، لەگەڵ گۆرانی (تایتل) شیعری من بوو، هەروەها برای شاعیرم (سەعدوڵا پەرۆش)یش بە شیعر بەشداری كردبوو.
بڕیاربوو دەرهێنەر (زۆهێر عەبدولمەسیح) دەرهێنەری بێ، بەڵام پاشگەز بوونەوە و داوایان لە دەرهێنەری خوالێخۆشبوو (جەعفەر عەلی)كرد كە لەئەستۆی بگرێ.
سەرەتا داوای بەشدارییان لێكردم، نەچوومە ژێرباری و هەرچەندیان لەگەڵ وتم رازی نەبووم، ناچار چوون و (مامۆستا جەعفەر عەلی)یان هێنایە ماڵەوە بۆ لام و بووە میوانم، تكای لێكردم، چونكە مامۆستام بوو، نەمتوانی داواكەی بشكێنم. داوای لێكردم یاریدەدەر بم و رۆڵی ئەكتەری سەرەكیشی بۆ بنوێنم، ئەوسا خوالێخۆشبوو (سەفوەت جەڕاح) و(حاجی مەكی) گرێبەستەكەیان لەگەڵ واژوو كردم، لەسەر بڕە پارەكە، چەندیان لەگەڵ كردم، پێموتن، هەرگیز لە ژیانی هونەریم كارم بۆ پارە نەكردووە، ئیتر یامە دەست خۆیان، ئەوانیش بڕی پێنج سەد دیناریان بۆ دانابوو، كە بە سێ ژەم وەریبگرم، رەنگە چوار ئەوەندەم بۆیان خەرج كردبێتەوە. پێشموتن ئەوە ماوەیەكە زۆر ناساغم، كۆكەیەكی درێژخایانم هەیە و تووشی (پاراتیفوئید) و (تای ماڵتە) بووم و نەخۆشیی شەكرەشمە، ئەبێ ئاگاتان لەباری تەندروستیم بێ. بەڵام هیچ گۆییان بەوە نەدا، رۆژێكیان بەگەرماچووبووم هەرچەندم كرد، هێزی ئەژنۆم نەبوو، خۆ خۆشم نەدۆزیوەتەوە ببمە قوربانیی مەبەستێكی دەرهێنەر، یان بەرهەمهێنەر، دەسبەجێ لەبری ئەو رۆژە، لەو پێنج سەد دینارە دووسەدیان لێ بڕیبووم.
كاتێ لەخوار (حەوزە وشكەكە)ی ناوبازاڕی سلێمانی وێنەی بینراوێكی من ئەگیرا، كە كوێخایەكم و لە گوندێكی ئەو كێوانەوە هاتوومەتە شار، بەرەو گوزەری (پانییەبەرزدرووەكان) ئەڕۆیشتم واتە رووەو دوكانی (حاجی عوسمانی زیندروو)، لەكاتی وچانداندا لە دوكانی (حاجی عوسمان) بووین و خوالێخۆشبوو (حاجی عەباس ئەبو شەوارب) بەخۆی و دەورییەك كەبابەوە پێشوازی لێكردین و فەرمووی لێكردین، كەبابەكە چزەچزی لێ ئەهات و هەریەكەمان پارچەیەكی نایە زاری، پاشان مامۆستا جەعفەر عەلی كە لە تەنیشت خوالێخۆشبوو (نهاد عەلی) بەڕێوەبەری وێنەگرتن دانیشتبوو، رووی زاری تێكردم و وتی: كاكە سالار ئەوە بۆچی رۆیشتنەكەت لە رۆیشتنی خۆت نەئەچوو، ئەمە زێڕێنە دەرفەتە بۆتۆ.. حەز ئەكەم؟
-: تەواو راست ئەكەی، داوای لێبوردنت لێئەكەم، ئەگەر بمەوێ باری سەرنجەكەت بۆ راست بكەمەوە، ئەزانی بۆچی وا بە هەنگاوی گەورەو كەمێك لنگكراوەیی ئەڕۆیشتم. چونكە من كارەكتەرێك ئەنوێنم كە زۆر جیاوازە لە خۆمی ئەحمەد سالار، ئەو كۆێخایەی من ئەینوێنم، پەروەردەی گوندێكی چیایی پڕ لە هەڵبەزودابەز و لێژی و نشێوییە، زۆربەی ژیانیشی لەبڕی سواربوونی ئۆتۆمبێل بە سواری وڵاخ بووە، هەر ئەو دوو هۆیە فێركەری ئەو جۆرە رۆیشتنەیە، ئێستا رۆیشتنی بەڕێزتان لەسەر خۆیە و پێویستی بە هەنگاوهەڵهێنانەوەی گەورە و لاقكردنەوەی فراوان نییە، بۆیە تۆ ناتوانی نە سواری وڵاخ بی و نە بە ئاسانی سەرچیا و سەختەن كەوی، هەر لەوێدا سەربوردەیەكی مامۆستای خوالێخۆشبوو (بەهنام میخائیل)م بۆ گێڕایەوە، كە دەیفەرموو: هەر بە شێوازی رۆیشتنا خەڵكی چیانشین و دەشت و بیاباننشین لە یەكدی جیا دەكرێنەوە.
پاش ئەو بۆسەلماندنە، ناچار مامۆستا (جەعفەر عەلی)سەری بۆ لەقاندم و وتی: كەواتە لەسەر پێشوازەكەی خۆت بەردەوامبە.
حەزم كرد پتر لەسەری بڕۆم، بۆیە وتم: مامۆستا بەڕێزتان پسپۆڕن لە هونەری سینەمادا، دیارە ناوی ئەكتەری سینەمانوێنی ئێرانی (بەهرۆزی وسووقی)ت بیستووە، لەیەكێ لە فیلمەكانیدا وەك گوندنشینی دێتە شار و ناچار وا پێویست ئەكات بەرگی ئەفەندیاینە بپۆشێ، رۆیشتنەكەی لەوە ئەچێ جەستەی لەناو چوارچێوە نرابێ، چونكە نە فێری ئەو تەختانییە رۆیشتنە و نە ئەو چاكەت و پانتۆڵە چەسپ و تەسكەیە، ئەو ئەكتەرە بلیمەتەی لە حەفتاكانەوە سەرسامی هونەرەكەی بووم، چاك ئەیزانی دەوروبەر چەندە كاریگەرە لەسەر لایەنەكانی كەسایەتی، یان (كارەكتەر).
بەپێی گرێبەستەكە دەبوو بە شەست رۆژ وێنەگرتن تەواو ببێ، بەڵام هەر چوار وەرزی ساڵی تیادایە، بینراوی تیادایە، لە هەڕەتی بەهاردایە، تیادابوو لە چلەی هاویندا و لەناو كێڵگەی گوڵەبەڕۆژەدا، هەروەها زستان و بەتایبەت چلەی زستان، كەمپی كارەكەمان لە گوندی سەرئەشكەوتان بوو، لەلایەن ماڵی (میر ئەنوەر بەگی بێتواتەوە) شوێنی خەوتن و حەوانەوەمان دابین كرابوو، جگە لە نانخواردنی سێ ژەمە و گشت كارئاسانی و كۆمەككارییەك، راستە دەستەی بەرهەمهێنەر هەبوو، بەڵام خەرجی زۆر و سەرەكی لەسەر ماڵی خوالێخۆشبوو (ئەنوەر بەگ) بوو، لە سای ئەو پیاوەدا ئەو چەند گوندەی خۆشناوەتی بەپێوە مابوون، فیلمەكەش ژینگەیەكی پوختی كوردەواری ئەخواست، بۆیە ئەوە تەنیا لەو شوێنە ئەڕەخسا، بۆ نموونە پێویستیمان بە ئەسپ بوو، ئەوساكە نەتئەتوانی ئەسپێ، ماینێ، پەیدا بكەی، هەر چۆن لە گشت باشووردا، تەنیا لە زین دروو، یان كۆپان دروویەك نەمابوو، هەرچییەك داوا ئەكرا، لە چاوترووكانێكدا بە فەرمانی كوڕانی میر ئامادە دەكرا.
ئەوەی جێگای سەرنج بوو، ماینێكی جوانیان ئەویست بۆ ئەوەی (تاراخان)ی كچی (دایكی ئاریان) سواری بێ، هەر بە ئاماژەیەك، ماینێ بە تەدارەكی شاهانەوە هاتە بەردەست، پێویستی ئەكرد ئەو كچە سوارچاك بێ، بەڵام (تاراخان) كە هەرگیز سوار نەبووە، بەڵام چاپووكترین شاسوار دەرچوو، كە مایەی سەرسوڕمانی خەڵكی ناوچەكە بوو. یەكەم گرتەی فیلمەكە لە گوندی (سەروچاوە)ی (بیتوێن) بوو، لەسەر دابونەریتی كوردانە قوربانی بۆ بكرا، (حاجی مەكی) لەگەڵ یەكەم گرتەدا خەریك بوو شامەرگ بێ و دایە پڕمەی گریان، هەر ئەو بەیانییەش لە رێگای رادیۆی ئۆتۆمبێلەكەمەوە هەواڵی داگیركردنی (كوێت)مان لەلایەن عێراقەوە بیست. رووداوێكی گرنگ بوو، هەر ئەوەش بووە هۆی رووخانی عێراق و سەرفرازی گەلی كوردستان، ئێمە ئەندامانی هونەری و كارگێڕی فیلمەكە، واتە دەرهێنەر و یاریدەدەری و بەڕێوەبەری وێنەگرتن و وێنەگر و یاریدەدەری و چەند هونەرییەكی دەنگی و رووناكی و ئارایشت، لە ئۆتێلەكەی رانییە نیشتەجێ بووین كە خوالێخۆشبووی پیاوچاك (كاك عەبدوڵا خەسرەو) خاوەنی بوو، تەنیا ئوتێلی شارەكە بوو، خاوەنەكەی زۆر دڵی رائەگرتین، بەیانیانی زوو كە بەرەو شوێنی كارەكەمان ئەچووین، پەنیری پێستە و هەنگوینی كوردەواری و كولێرەی گەرمی بۆ دابین ئەكردین.
شەوانە كە لە كاری وێنەگرتن ئەبووینەوە ئەو دەستەیە ئەهاتینەوە ئوتێلەكە، ئەوە ئیتر دەرهێنەر و بەڕێوەبەری وێنەگرتن زۆرجار (مامۆستا جەعفەر) سەعات یەك و دووی شەو لە دەرگای ژوورەكەی ئەدام و ئەیوت: كاكە ئەحمەد بینراوێكی بەوجۆرە، لەگەڵ بینراوێكی ئاوەهاییم بۆ بنووسە، بۆ بەیانیمە. منیش دەستم نە ئەنایەڕوویەە، دەسبەجێ دەست و بردم لێی ئەكرد و بۆم ئەبردەوە و بۆشم ئەكرد بە زمانی عەرەبی، ئیتر هەندێ جار ئەگەر دەستكاری بویستیایە، ئەوا باری سەرنجی پێ ئەوتم، ئەمە كاری بەردەوامی شەوانەمان بوو.
(مامۆستا جەعفەر) و (مامۆستا نهاد عەلی) ماندووبوونیان نەبوو، نیوەڕوان ئەو كاتەی خۆرەكە بە كەڵكی وێنەگرتن نەئەهات، سەعاتە كاتێكمان بۆ نانخواردن هەبوو، گەرمای هاوین تینی سەندبوو، نزیكی پەنجا پلەی گەرمی ئەبوو. سەیرم كرد دووقۆڵی لەبەر هەتاوەكە ئەهاتن و ئەچوون و گفتوگۆیان بوو، ئێمەش لە سێبەردا و لەبەر هەوای ساردكەرەوە دانیشتبووین، چووم و پێموتن: ئەرێ گەرماتان نییە، ئەوە پێویستیان بە وچانێ نییە؟
دوایی مامۆستا هات بۆ ژەمە نانەكەی و بەدەم نانخواردنە زۆر لەسەرخۆ و كەمخۆرییەكەی، وتی: كاكە سالار، ئەزانی كاری سینەما چۆنە، وەك ئەوە وایە بە دەرزییەكی دروومان بیرێك لێدەی، بەڵێ بیرێكی قووڵ هەڵكەنی تا ئەگەیتە ئاوی شیرین، دەبێ ئارام بی، دەنا هەرگیز ناتوانی. بەش بەحاڵی خۆم زۆر سەرسام بووم بە (مامۆستا نهاد عەلی) ئەو پیاوە یەكێك بوو لە رابەرانی سینەمای عێراقی، واتە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانیەوە لە هەوڵداندا بووە، هێندە پیرێتی و نەخۆشیی بڕبڕەی پشت كاری لێكردبوو، بە تەواوی پشت كۆم و چەماوە ببوو، بەڵام شارەزاییەكەی لە ئەندازەیەكدا بوو، هەر بە سەیركردنێكی شوێنەكە، هەرچەندە (لایت سێبەر، واتە رووناكی پێوەریشی لەملدا بوو)، ئەیوت پلەی رووناكی ئەوەندەیە، كاتێ لە (لایت میتەر)ـەكەمان ئەڕوانی، راستی فەرمووبوو، هەروەها سەبارەت بە هەستداریی فیلمی خاو، لەناو توورەكە رەشەكەی پارتی فیلم گۆڕینا، دەستی لە فیلمەكە ئەدا و ئەیوت (حساسیە)تی ئەوەندەیە، هەندێ لەو برادەرانەی كارگێڕی زۆر جار پۆلیسانە كاریان لە تەك ئەكتەرەكاندا ئەكرد، ناچار گرژ ئەبووم و لێیان تووڕە ئەبووم، دوو سێ جار ئەمە لەگەڵ خوالێخۆشبوو (سەفوەت جەڕاح) روویدا، تەنانەت (مامۆستا حیكمەت هیندی)یش بە روویانا تەقییەوە. بەداخەوە برادەرانی بەرهەمهێنەر پیرو چرووك بوون، ئەگەر ماڵی (میر) نەبوایە، خراپ بەسەر ئەو بەشداربووانەدا ئەهات.
ئەوەی لەو دواییەدا زانیم، ئەوانەی بەرهەمهێنانی فیلمەكەیان لە ئەستۆ گرتبوو لە كۆتاییدا پاشەكشەیان لێكردبوو، ئەوسا برای خۆشەویستم و كوڕی تەنگانە (مامۆستا حەمە سەعیدی حاجی حەمە كەریمی جاف) چووبووە ژێری و گشت پارەكەی بۆ گەڕاندبوونەوە. كاری وێنەگرتن كۆتایی هات و گەر زەینم كوێر نەبێ (د. ساحیب حەداد) مۆنتێری بوو، چووبوومە بەغدا بۆ سەردانی پزیشك، لەوێشەوە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی دەزگای شانۆ و سینەمام كرد، بینیم مۆنتاجیان ئەكرد. كاتێ كە پیشاندانی فیلمەكە كرا، یەكەم پیشاندانی لە سەر سكرینی شانۆی (ئەلرەشید) بوو، نەمانتوانی ئامادەبین، رۆژنامەی (هاوكاری) راپرسییەكەی لەناو بینەرانیدا كردبوو، بۆ هەڵبژاردنی باشترین نواندن، زۆربەی زۆری رایان لەسەر من بوو.
بەر لە وێنەگرتن، دەرهێنەر كەوتبووە خولیای بینینەوەی چەند ئەكتەرێك، لەوانە پاڵەوانی فیلمەكە لە مێرمنداڵیدا، ئەوە بوو (كاكە ئاكام ئەنوەر) كە برازای هاوسەرەكەم بوو، هەڵبژێردرا، بۆ گەورەییەكەشی هەر قوتابییەكی خۆم لە پەیمانگا كە ناوی (رێبوار) بوو، پەسەند كرا. بۆ كێژەكەش هەر كچی (عەبدوڵای حاجی) پڕ بە پێستی كەسایەتییەكە بوو.
جاڕدرا كە فڵانە ئێوارە فیلمەكە لە فڵانە سینەما پیشان دەدرێ، منیش لەگەڵ ماڵ و منداڵ و براو كەس و هەندێ لە دراوسێكانمان چووین، ناردم چەند كەس بووین، چەند تكتێكی دیكەش بكڕن، ئیتر بە دڵی خۆشەوە بەرەو سینەماكە بووینەوە، هەتیوچەیەك لە ئیدارەكەیەوە سەیری ئەكردین، دیارە وایزانیبوو، ئێمە بەبێ تكێت چووینەتە ژوورەوە، بۆیە هەركە دانیشتین و دانەنیشتین هاتە سەرەوە و كابرای ناكەس بەچە، بە خۆی و دوو شاگرد سینەماوە روویان تێكردین و پرسی تكێت بڕینیان لێكردین، ئێمەش وتمان بەڵێ ئەوە لەتە تكێتەكانە و فەرموون ئەو سێ تكێتی زیادەش بۆ ئێوە. ناچار تووڕە بووم، ئەو سووك و ریسوایە، (چ رەقێكی ئێمەی هەر لە كنە) خوا ئەو كەسە بگرێ كە ئەم سینەمایەی هەڵبژارد، دیارە دوو سێ كوڕی جەربەزە هەستان، وتیان ئەو هیچ و پووچە كەین بە عیبرەت، ناچارمام تكام لێكردن لەبە رخاتری من دانیشتن با پیشاندانی فیلمەكە نەشێوێ، دیارە گیا لەسەر بنچكی خۆی ئەڕوێ.
رەحمەت لە بابی (زینۆنی ئەكتیومی) رابەری فەلسەفەی (رارەولیزم، الروقایە) كە سێ سەدە بەر لە زایین فەرمووبووی (ئەوانەی بەسەر نەفسیاندا زاڵ نابن، لەوپەڕی دەوڵەمەندیشا، لە هەموو سواڵكەرێ سواڵكەرتر و چاوچنۆكترن..) .