ئەحلام حەجی بۆ یەكەم جار سەردانی عێراقیی كرد
ئەحلام حەجی لە لێدوانێكدا بۆ گوڵان وتی: من پێشتر دوو جار سەردانی كوردستانم كردووە، سەردانی یەكەمم لە پاییزی پار ساڵ بوو و سەردانی دووەمیش لە بەهاری ئەم ساڵ بوو و تێیدا وەك سەرۆكی رێكخراوی ((احلام الطفولة)) سەردانی كەمپی (هەرشەم)م كرد لە خۆرئاوای هەولێر كە ژمارەیەك ئاوارەی شاری موسڵ تێیدا نیشتەجێن بۆ ئەوەی هاوكارییەكانی رێكخراوەكەمیان پێشكەش بكەم بە هاوكاری دەزگای خێرخوازی بارزانی، هەروەها بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشی ئاوارەكان بم.
سەبارەت بەم سەردانەشی ئەحلام: وەك دەزانن من لە دایكێكی عێراقی و باوكێكی مەغریبیم، بۆیە زۆر حەزم دەكرد سەردانی بەغدا بكەم، دایكم سەردانی بەغدای كردووە، بەڵام ئەو دەرفەتە بۆ من نەڕەخسا بوو، من وەك ئەندامی لیژنەی ناوبژیوانی هەڵبژاردنی شاجوانی عێراق دانراوم ئەمەش بۆ من مایەی شانازییە، هەروەها زۆریش حەز دەكەم سەردانی عێراق بكەم و لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشی خەڵكی ناوچەكە بم، چونكە عێراق و ناوچەكە بە بارودۆخێكی زۆر سەختدا تێپەڕ دەبێت و لە ئەنجامدا هەزاران هاووڵاتی بە منداڵ و ئافرەت و گەنج و پیر بوونەتە قوربانی.
ئەحلام لە كۆتایی لێدوانەكەیدا وتی: من خۆم بە غەریبە نازانم لە كوردستان بۆیە بڕیارمدا دوای تەواو بوونی سەردانەكەم بۆ بەغدا سەردانی شاری هەولێریش بكەم كە شارێكە خۆش و دڵگیرە، هەروەها دەمەوێ ئەوەش بڵێم كە ئەمە یەكەم جارە من سەرەتای مانگی رەمەزان لە دایك و باوك دووربم، بەڵام هەست دەكەم لە هەولێریش لە نێو خزم و كەسی خۆمدام.