ئەو هونەرمەندەی لە پاڵ گورانی و موزیک شانۆی کوردیشی پێشخست
تەحسین تەها محەمەد سەلیم ئامێدی لە ڕۆژی 25- 5 -1941دا، لە(ناحیەی بیبۆ) لە(قەزای ئامێدی)دا، هاتۆتە دونیاوە و هەر لەمانگی گوڵان لە ڕۆژی 28- 5 -1995دا، لە وڵاتی هۆڵەندا لە كامپێكی پەناهەندەیی لە غوربەتدا، بەدڵێكی بریندار و سارێژنەكراو، ماڵئاوایی لێكردین و لە ڕۆژی 4-6-1995 دا، تەرمی خوالێخۆشبوو گەیشتەوە شاری زاخۆ و لەوێشەوە بۆ دوا مەنزڵگەی خۆی لە ئامێدی لە باوەشی پڕ ئارامی خۆی بۆ هەتا هەتایەی رازاند.
ئەم هونەرمەندە لە هاوینی 1964دا خوێندنی هونەرە جوانەکان تەواو دەکات و بۆ پاییزی ئەو ساڵە دەکرێت بە مامۆستای پەروەردەی هونەر لە قوتابخانەی مەخمووری سەرەتایی لە پارێزگای هەولێر گەلێک چالاکی هونەریی لەبواری مۆسیقا و سروودی نیشتمانی لە و شارۆچکەیەدا دەنوێنێ و بزوتنەوەی شانۆش لە شارۆچکەکە پێش دەخات و ماڵەکەشی دەکاتە مەڵبەندێکی هونەریی و یانەی مۆسیقازان و گۆرانیبێژانی کورد.
تەحسین لەساڵی 1968 دا دەگوێزێتەوە بۆ شاری هەولێر و لە قوتابخانەی یەکەمی نموونەیی هەولێر دەکرێت بە مامۆستای سروود و مۆسیقا، گیانی هونەریی لەنێو قوتابییەکانیدا پەروەردە دەکات و لە دەرەوەی قوتابخانەشدا لەگەڵ دەستەیەک لە مۆسیقازان و هونەرمەندی ئەم شارە تیپی هونەری هەولێر دادەمەزرێنێ و خزمەتێکی زۆری هونەری کوردی دەکەن.
هونەرمەند تەحسین تەها لە بەشی چالاکی هونەریی سەر بە بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر دەکرێت بە راهێنەری مۆسیقا و سروودی قوتابخانەکان و دەستەیەکی باش لە قوتابییەکانی فێری مۆسیقا دەکات.
ئاوازەکانی ئەم هونەرمەندە پتر لە ئاوازی میللی و کەلەپووری هونەری نەتەوایەتی کوردەوە وەرگیرابوون و گیانی ژیانی گوند و لادێیان پێوە دیاربوو، هەموویان لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەڤین و خۆشەویستییەوە سەریان هەڵدابوو زۆربەی ئەو ئاوازانەیشی لەسەر مەقامی (بەیات) دەگوتران، چونکە لەگەڵ دەنگە بەسۆزەکەی دەگونجاو لە مۆسیقازان و ئاواز دانەرەکانی کورد زۆر رای لە دڵشاد محەمەد سەعید و ئەنوەر قەرەداغی بوو، لە گۆرانیبێژەکانیش زۆر رای لە محەمەد عارفی جزیری و تایەر تۆفیق و شەماڵ سائیب بوو.
دوای تێپەڕبوونی 22 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی گۆرانیبێژی ڕەسەنی كورد تەحسین تەهادا ئێستاش گۆرانییەکانی زیندوون و هونەرمەندان بە پەرۆشەوە دەیڵێنەوە تا ئەمرۆكەش لە گوێچكەی گەورە و بچووكدا دەزرنگێتەوە، بە تایبەتی سترانە بەناوبانگەكەی كە دەڵێ (من تو نەڤی) و (تۆ خەمك بووی هەمی گاڤا) و چەندان بەرهەمی دانسقەی دیكە كە هەرگیز لەهزری ئێمەدا كۆن نابن و هەموو كات تازە دەبنەوە. بە پێی ئەوەی لێوانلێون لە هونەر و ڕەسەنایەتی و داهێنان، جێی ئاماژە بۆ كردنە تەحسین تەها محەمەد سەلیم لە وێڕای هونەرەكەی هەر زوو تێكەڵ بە سیاسەت بووە و وەك هونەرمەندێكی كورد خاوەنی هەڵوێستی كوردانە و مەردانە بووە بە تایبەتی كاتێك لە ساڵی 1961 وەك پێشمەرگەیەك تێكەڵ بە شۆرشی مەزنی ئەیلول بووە و توانیویەتی ڕۆڵی قارەمانانە لەو شۆرشەدا ببینێ سیاسەت و هونەر و بواری پەروەردەیی وەك یەك ڕابگرێت و لەگەڵیاندا ئاوێتە بێت و بای تۆزقاڵێك لێیان جیا نەبێتەوە، ئەستەمە هونەرمەندێكی وەك تەحسین تەها لەو هەموو بوارانەدا لە پێشی پێشەوە بێت و هیچ كاتێك هەست بە ماندووبوون و هیلاكی نەكات لە هەموو سەردەمێكدا بەیەك نەفەس كار بكات و پەیامەكەی خۆی بگەیەنێت تا ئەو ڕۆژەی لە مەنفادا چاوە پڕ لە خۆزگەكانی لێك دەنێ و بۆ دوا جار لە وڵاتی هوڵەندە كۆچی دوایی دەكات.