شەڤگر:لە ئێستادا داهێنان لە هونەردا زەحمەتە
* بە شێوەیەكی گشتی دەربارەی بارودۆخی هونەری كوردی رات چییە؟
- هونەری كوردی لە ئێستادا جۆرە بێ سەروبەرییەكی پێوە دیارە و نا تەندروستە هاوشێوەی دۆخی كۆمەڵایەتی و سیاسی، ئێستا میللەتەكەمان لە بەرەنگاریدایە دژی داعش و ئەو سیستمە فاشیانەی دژایەتی كوردستان دەكەن، هونەرمەند و شاعیری كوردیش دەكەوێتە ژێر كاریگەری ئەم دۆخەوە و شان بەشانی پێشمەرگە دژی زۆرداران دەوەستێتەوە، بۆیە وای دەبینم لە ئێستادا هونەری كوردی ناتوانرێت داهێنانی تێدا بكرێت.
* بە درێژایی مێژوو رۆژئاوای كوردستان هونەرمەندی زۆر گەورەی هەبووە، ئایا نەوەی ئێستای هونەرمەندان دەتوانن پەیامەكەیان بگەیەنن بۆ نەوەكانی داهاتوو؟
- هونەرمەندە نەمرەكانمان بە توانا و بەهرەی خۆیان و بەبێ هاوكاری ئامێرەكان دەنگ و مۆسیقا و پشت بەستن بە فۆلكلۆری رەسەن، توانییان كاری نایاب پێشكەش بكەن، بەڵام ئێستا بارودۆخ گۆڕاوە سنوورەكان كراوەن و جیهانگیری رۆڵێكی گەورەی هەبوو لە گواستنەوەی گۆرانی بۆ هەموو شوێنێك، نەوەی كە هەموو شتێكی بۆ فەراهەم كراوە ناتوانێت شتی نوێ پێشكەش بكات بەبێ پشت بەستن بە بەرهەمە كۆنەكان، چونكە ئێمە هونەرمەندی گەورەمان هەیە كە لە هەموو سەردەمەكان دەتوانرێت سوودیان لێ ببینن وەك حەسەن زیرەك، شەماڵ سائیب، تەحسین تەها، محەمەد عارف، سەعید یوسف، مەحمود عەزیز، محەمەد شێخۆ، تاهیر تۆفێق، جوان حاجۆ و چەندانی دیكە.
* لە رۆژئاوای كوردستان زەمینەسازی هەیە بۆ پێشخستنی هونەری كورد؟
-نەخێر، چونكە رۆژئاوا لەلایەن پ ك ك و باڵەكەی پەیەدە، كۆنتڕۆڵ كراوە، بۆیە مۆسیقا شێوازێكی سەربازی وەرگرتووە لەشێوەكان گریان و خەم و هاندانی دژی ئەوانی تر، پەیەدە تەنیا ئەوانەی قبووڵە كە گوزارشت لە دەسەڵاتەكەی بكەن، هونەرمەند و داهێنەر ناتوانێت هیچ شتێك پێشكەش بكات، بەبێ مۆڵەتی ئاپۆچییەكان.
* لە رۆژئاوای كوردستان بوونی ئافرەت لە بواری هونەر وەكو پێویستە؟
- بەداخەوە تا ئێستا ئایین و یاسا خێلەكییەكان رێگرن لەبەردەم ئازادی ئافرەت، رەنگە بەشێوەیەكی رێژەیی لە ناوەندە هونەرییە حزبییەكان یان تیپە هونەرییە حزبییەكانی باكور و رۆژئاوادا ئافرەت بوونی هەبێت، بەداخەوە لە هەرێمی كوردستان دەنگی ئافرەت وەكو پێویست نییە بە هۆی دابونەریتی كۆمەڵایەتی و ئایینی.
* هونەری كوردی چی پێویستە بۆ ئەوەی بگاتە ئاستی جیهانی؟
- زۆری پێویستە وەك كرانەوە لەسەر هونەری جیهانی و پەرەپێدان ونوێگەرایی لە فۆلكلۆر بە ئامێرە مۆسیقییە جیهانییەكان و دەنگی خۆش و كاری هەرەوەزی، پێویستە كۆت وبەند لەبەردەم شاعیران دانەنرێت و بەدوای شتی نوێ و داهێناندا بگەڕێن بۆ ئەوەی داهێنەران هەمیشە لە كێبڕكێدا بن بۆ داهێنانی شتی نوێ و گەیشتن بە ئاستی جیهانی.
* بەپێی ئەزموون و شارەزایی خۆت لە كام پارچەی كوردستان زیاتر توانراوە رەسەنایەتی هونەری كوردی بپارێزرێت؟
- لە هەرێمی كوردستان توانراوە تا راددەی 60% رەسەنایەتی هونەری كوردی بپارێزرێت، هەرچەندە كاریگەری مۆسیقای فارسی لەسەر ناوچەی سلێمانی هەیە، هەروەها ناوچەكانی دهۆك و زاخۆ و ئاكرێ كاریگەری هونەری توركییان پێوە دیارە، بۆیە پێویستە لەسەر دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی هەرێم وا لە هونەرمەندان بكەن رووبكەنە هونەری رەسەنی كوردی و رێگا لە پەخشكردنی هەندێك كلیپ تەقلیدی بگرن كە لەگەڵ واقعی میللەتەكەمان ناگونجێن.
* تۆ لایەنگری ئەوەی كە هونەری كوردی تێكەڵی هونەری بیانی و نوێ بكرێ؟
- بەڵێ، پێویستە لە رەورەوەی مۆدێرنیتە و جیهانگەری دوانەكەوین، چونكە هەر سەردەمێك زمان و شێواز و بیركردنەوەی خۆی هەیە، من لەگەڵ هەموو شتێكی نوێدام.
* ئایا هونەرمەندانی كورد توانیویانە گوزارشت لە پاڵەوانیەتی پێشمەرگە بكەن لە جەنگی داعشدا؟
- تا راددەیەك توانیویانە، بەڵام بەداخەوە بەر لە هاتنی داعش و ئێستاش رێژەی ئەو هونەرمەندانەی گۆرانی نەتەوەییان دەگوت كەمە، سوپاسی هەر كەسێك دەكەم كە گۆرانییەكی بۆ پێشمەرگە وتووە، من سەردانی هەرێمم كرد و ماوەی سێ مانگ لەوێ مامەوە و بەردەوام گۆرانیم بۆ پێشمەرگە گوت و چەند كلیپێكم تۆمار كرد لەگەل 12 گۆرانیی شۆڕشێگڕم گوت وەك پاڵپشتییەك بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان، هەروەها بە نیازم لە مانگی ئاب سەردانی كوردستان بكەم و بەشداری بكەم لە كەرنەڤال ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان.
* ئاواتەكانت چین وەك هونەرمەند؟
- ئاواتی زۆرم هەیە، یەكەمیان ئەوەیە كە بەر لە مردن دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان ببینم، ئەوروپا جێ بهێڵم و بێم لە كوردستان نیشتەجێ بم، دوای مردنیش لە بارزان بنێژرێم، لە بواری هونەریش هیوادارم بتوانم چەند ڤیدیۆ كلیپێك تۆمار بكەم و شیعرەكانم چاپ بكەم.