حەسەن شەریف:هەندێك جار بەرامبەر بە دوژمنانمان یەك گۆتارمان نییە
حەسەن شەریف كە بە دەنگە رەسەنەكەی ناسراوە دەربارەی رۆڵی میدیای كوردی بە گشتی لەم قۆناغەدا دەڵێ: بە بۆچوونی خۆم میدیای كوردی رۆڵێكی زۆر گرنگ و بەرچاوی هەیە، ئێستا بە سەدان رادیۆ و رۆژنامە و گۆڤار و دەیان كەناڵی تەلەفزیۆنی كوردیمان هەیە، بەڵام بەداخەوە هەندێك جار دەبینین كە یەك گۆتارمان نییە بەرامبەر بە دوژمنانمان، من هەمیشە وتوومە پێویستە گوتاری ئێمە كوردستانی بێت نەك گوتارێك كە گوزارشت لە بەرژەوەندییەكی تایبەت و بەرتەسكی حزبایەتی بكات، چونكە میللەتی كورد گەیشتۆتە قۆناغێكی زۆر گەورە و پێشكەوتوو و ئامانج و بەرژەوەندی و چارەنووسیشمان یەكە و بەندە بە یەكگرتوو و تەبایی نێوان ریزەكانمان، چەند كەموكورتییەكی سیاسی هەستیان پێدەكرێت، هیوادارین ئەمانیش نەمێنن، بۆیە پێویستە میدیا نەبێتە هۆی دڵخۆشكردنی دوژمنانمان بە ئێمە، هەندێك بۆشایی هەیە لە نێوانمان كە لە میدیاكان هەستی پێدەكرێت، هیوادارین نەهێڵدرێت و پەیامەكەیان كوردستانی بێت، ناڵین و لایە لایەی دایكێكی كورد لە دیاربەكر یان قامیشلۆ یان هەولێر یان مهاباد یەكە لەبەر ئەوەی هەموومان یەك خەم و ئازارمان هەیە كە پێوەی دەناڵێنین.