سارا ئەحمەدیان:پاراستنی رەسەنایەتیی موزیكی كوردی ئەركی هەموومانە
لە بارەی كارە هونەرییەكانی گرووپەكەیانەوە سارا دەڵێ: ماوەیەكی زۆرە خۆشەویستیمان بۆ هونەر و موزیكی رەسەنی كوردی ئێمەی كۆكردۆتەوە، چونكە ئەرك و ئاواتی ئێمە خزمەتكردنی گەلەكەمان و زیندووكردنەوەی ئەو كەلتوورەی كە میللەتەكەمانی پێ ناسراوە بەتایبەتی لە ناوچەی كرماشانی رۆژهەڵاتی كوردستان، ئەم خۆشەویستییە بۆ هونەر وایكرد كە ئێمە تەنیا وابەستەی ناوچەیەكی دیاریكراوی كوردستان نەبین و هونەری ناوچەكانی دیكەی كوردستانیش زیندوو بكەینەوە، زۆر سوپاسی مامۆستا عەلی ئەكبەر مورادی دەكەین كە مامۆستایەكی گەورە وپسپۆری ئامێری تەنبورە، چونكە زۆربەری كارەكانمان لە ئامادەكردنی ئەو مامۆستا بەڕێزەیە.
سەبارەت بە گرنگیدانیان بە گۆرانی و موزیكی رەسەنی كوردی سارا دەڵێ: ئێمەی كورد خاوەن گەنجینەیەكی دەوڵەمەندین لە گۆرانی و موزیكی كوردی لە هەموو ناوچەكان، بەڵام لەبەر چەند هۆكارێكی تایبەت بە هەر ناوچەیەك نەتوانراوە وەك پێویست سوودیان لێ وەربگیرێت و زیندوو بكرێنەوە، زیندوو كردنەوەی ئەم بەرهەمە نەمرانە ئەركی هەموو لایەكمان، ئێمە لە گروپەكەی خۆمان ئەم ئەركەمان خستۆتە سەر شانی خۆمان هیوادارم لەو ئەركەماندا سەركەوتوو بین.