هیوا سوعاد: ئەمساڵ بەشێوەیەكی بەرفراوانتر فیستیڤاڵی شانۆ ساز دەكەین
* پارساڵ سەرەڕای قەیرانی ئابووری فیستیڤاڵی شانۆی مۆنۆدراماتان ساز كرد و جەماوەر و شانۆكاران چاوەڕێ بوون ئەمساڵیش چالاكیتان هەبێت، بۆ تا ئێستا هیچ نەبووە؟
-ئەمساڵیش هەمان فیستیڤاڵ ساز دەكەین بگرە فراوانتریشی دەكەین، بەڵام لەبەر تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵی زانكۆ و پەیمانگاكان دوامانخست، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیار وایە لە رۆژی 7/9 فیستیڤاڵەكە ساز بكەین، دەمانەوێ ئەوە بسەلمێنین كە نابێ شتێك هەبێت بە ناوی قەیران ببێتە بەربەست لەبەردەم شانۆكاران، هیوادارم هەموو لایەك هاوكارمان بن، بۆ ئەم ساڵ لە بەشەكانی تری كوردستانیش شانۆگەری بانگهێشت دەكرێن
* ئەی سەبارەت بەو چالاكيیانەی كە بە نیازن لە مانگی رەمەزان ئەنجامی بدەن چین و چۆن بەڕێوە دەچن؟
- بێگومان نمایشكردنی شانۆگەری یەكێكە لەو بەرنامانەی كە لە مانگی رەمەزان ئەنجام دەدرێن، چونكە ئێمە وەك هونەرمەندانی هەولێر نامانەوێت لە مانگی رەمەزاندا شارەكەمان بێ شانۆگەری بێت بۆیە لەگەڵ كۆمەڵێك لە شانۆكارانی دێرین و گەنجی هەولێر شەوانە شانۆگەری (لە مردن گەڕایەوە) لە هۆڵی میدیا شانۆگەری نمایش دەكەین ، شانۆگەری (لە مردن گەڕایەوە) لە نووسینی ڤیكتۆر ئەڤیمیتۆیە و لە وەرگێڕانی كەمال سابیرە، خۆشم دەرهێنەری شانۆگەرییەكەم و چەند ئەكتەرێكی ناوداری هەولێر رۆڵی تێدا دەبینن، شانۆگەرییەكی كۆمەڵایەتییە بە شێوازێكی كۆمیدی باس لە واقعی ئێستامان دەكات .
* پێشتر بە پاركی شانەدەر نمایشی شانۆییتان هەبووە، بۆ ئەمساڵیش بە هەمان شێوە دەبێت؟
- هاتن بۆ شانۆگەرییەكە بە بلیتە ئەمەش وەك هەوڵێك بۆ ئەوەی چیتر چاوی لەوە نەبێت كە حكومەت هاوكاریی بكات بۆ ئەوەی بەردەوامی بە كاری شانۆیی بدات بەڵكو پشت بە خۆی ببەستێت.
* بۆچی تەنیا لە مانگی رەمەزان ئەم نمایشانە پێشكەش دەكەن؟
-بەنیازین دوای مانگی رەمەزانیش ئەم شانۆگەرییە نمایش بكەینەوە، جگە لە هەولێر لە چەند شار و شارۆچكەیەكی دیكەی كوردستانیش نمایشی بكەین، رەنگە لە رۆژهەڵاتی كوردستانیش نمایشی بكەین.
* وەك بەڕێوەبەرایەتی شانۆی هەولێر بۆ ئەمساڵ هیچ چالاكییەكتان لە دەرەوەی كوردستان دەبێت؟
- بەڵێ بڕیار وایە لە مانگی یازدەی ئەمساڵ وەك هەرێمی كوردستان بەشداری بكەین لە دیداری كوردی- ئەڵمانی- عێراقی و بۆ ئەم مەبەستەش هەر لە ئێستاوە ئامادەكاری دەكەین.
* لە جیهان ئەوە باوە كە شانۆ لەكاتی قەیراندا پێش دەكەوێت ئەمە بۆ كوردستان تا چەند راستە؟
- هونەری شانۆ تا ئێستا نەبۆتە زەروورەتێكی ژیانی رۆژانەمان و هونەرمەندانیشمان جا لە هەر بوارێكی هونەری بێت هەوڵیان نەداوە پشت بە هونەر ببەستن، هەروەها حكومەتیش زەمینەیەكی ئەوتۆی بۆ شانۆكاران نەرەخساندووە تا پشت بە هونەرەكەیان ببەستن، بۆیە لەگەڵ درووستبوونی قەیران دارایی هونەرمەندان لە هەموو چینەكانی دیكەی كۆمەڵگا زیاتر زەرەرمەند بوون، بۆیە ئێمەی هونەرمەندان سورین لەسەر ئەوەی كە دەبێ پشت بە هونەرەكەی خۆمان ببەستین لە هەمان كاتدا حكومەت ناچار بكەین زەمینەسازی زیاتر بۆ هونەر و هونەرمەندان بكات.
*هونەرمەندان گیانی خۆبەخشییان تێدا بە دی دەكرێ، بەتایبەتی لە بواری شانۆ ئەمە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
- شانۆكاران خۆبەخشانە ئەوەی لە توانایاندا بوو كردیان و كاری زۆر جوانیان پێشكەش كرد، پێشمەرگە ئاسا بەرەنگاری فكری داعش بوونەوە و نەیانهێشت هیچ كەلێنێك لە نێوەندەكە درووست بێت، بە راستی ئەمە مایەی شانازیی هەموو لایەكە و شانۆكاران توانییان مێژوویەكی پر سەروەری بۆ خۆیان درووست بكەن.
* ئێستا کەمپینێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دژی درامای بیانی لە ئارادایە، سەبارەت بەم بابەتە راتان چیيە؟
- بە راستی ئەو درامایانە كاریگەرییەكی زۆر خراپیان كردۆتە سەر تاكی كورد و خەریكە رەفتاری سەیر لە مرۆڤی كورد بەدی دەكرێت، دەبێ ئەم دیاردەیە، بۆیە پێویستە ئەم دیاردەیە نەمینێت و رێگای لێ بگیرێت، ئەمەش بە دوو خاڵ دەكرێت، یەكەمیان بایەخدانە بە درامای كوردی، دووەمیش دانانی سنوورێكە بۆ پەخشكردنی ئەم دراما بیانیيانە.
* ئایا زۆربوونی درامای بیانی بۆ لاوازی دراما و شانۆی کوردی دەگەڕێتەوە؟
- بێگومان درامای كوردی و ئەو كەسانەی لە بوارەكەدا كاریان كردووە بەشێكی ئەم مەسەلەیە دەكەوێتە ئەستۆیان، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە بوار بەو جۆرە درامایانە بدرێت كە بازاڕ و كەناڵە تەلەفزیۆنەكانی دیكە قۆرخ بكەن.