پیاوان بە راشكاوی و راستگۆیی من بێزار دەبن

پیاوان بە راشكاوی و راستگۆیی من بێزار دەبن
جنیڤەر لۆرانس یەكێكە لەو ئەكتەرانەی كە لە ماوەیەكی كەمدا توانی ببێت بە یەكێك لە ئەستێرە ناسراوەكانی هۆڵیۆد و دەرهێنەر و بەرهەمهێنەرانی هۆڵیۆد بۆ سەركەوتنی فیلمەكانیان لە رووی جەماوەری و بازرگانییەوە هەوڵ دەدەن لە فیلمەكانیاندا بەشداری بكات و لەو فیلمانەدا پشتی پێ دەبەستن.

پیاوان خۆیان لێی دووردەخەنەوە
لۆرانس لە دیمانەیەكدا بە ئاشكرا رایگەیاند كە هەوڵ دەدات خۆی لە پیاوان نزیك بكاتەوە، چونكە بە قسەی خۆی ئەو ناوبانگەی پەیدای كردووە، وای لە پیاوان كردووە خۆیان دووربخەنەوە لێی، بۆیە زۆر جار ناچار بووە ئەو بە زەردەخەنەوە خۆی لە پیاوان نزیك بكاتەوە، بەتایبەتی لە شوێنە گشتییەكان، هەر لە بەر ئەو هۆیەش پێش ماوەیەك لە بەردەم هۆتێلی (The Line) لە ناوچەی كۆریا تاونی لۆس ئەنجلوس بە شێوەیەكی عاشقانە لەگەڵ پیاوێكی قژ درێژ قسەی دەكرد و زۆربەی كاتەكانی لەگەڵی بەسەر برد و مەبەستی ئەوە بوو كە خەڵك بیبینن، تەنانەت هەندێك كەس باسیان لەوە دەكرد كە لۆرانس لە كۆتاییدا خۆشەویستی خۆی دۆزییەوە، بەڵام وا دەرنەچوو، چونكە ئەو كەسەی كە لۆرانس لەگەڵی راوەستابوو، خۆشەویستی لۆرا سیمبسۆنی نزیكترین هاوڕێی بووە.
لۆرانس باس لەوەش دەكات كە دووركەوتنەوەی پیاوان لێی تا راددەیەكی زۆر پەیوەندی بە خودی خۆیشیەوە هەیە و زۆر ورد نییە لە سەیر كردنی خەڵك، تەنانەت زۆر درەنگ هەست بەوە دەكات كە سەرنجی كەسێكی راكێشاوە.
بە راشكاوی ئارەزووكانی خۆی دەردەبڕێت
جنیڤەر بە كەسیكی سادە و دەربڕینی ئارەزووەكانی بە راشكاوی ناسراوە و زۆر بە جورئەوتە هەر شتێك لە خەیاڵی هەبێت، دەری دەبڕێت، ئەمەش یەكێكە لەو سیفاتانەی كە وایان لە دەوروبەری كردووە كە لە سەرەتادا خۆشیان بوێت، بەڵام زۆریان دواتر لەو جۆرە كەسایەتیانە بێزار دەبن و زۆر بە زەحمەت دەتوانن هەڵسوكەوتی لەگەڵدا بكەن، بۆ نموونە بەم دواییە لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا بە ئاشكرا باسی غازاتی سكی دەكرد، ئەمەش بۆ زۆر لە هەوادارانی ئاسایی بوو و بە هۆكارێكیان زانی بۆ ئەوەی كەمێك پێبكەنن، بەڵام بەشێكی زۆر لە پیاوان بە رەفتارێكی قێزەوەن و ناشیرینیان وەسف كرد.
هەندێك لە چاودێران كە شرۆڤەی كەسایەتیی لۆرانسیان كردووە دەڵێن: زیرەكە، جوانە، سەرنجی خەڵك بۆ خۆی رادەكێشێت، ئەمەش وادەكات كە مرۆڤ خۆی لە بەرامبەر كەسێكی میسالیدا ببینێت، بەڵام لە واقعدا وانییە و لەو كەسانەیە كە بەو شێوەیە دەردەكەون، بەڵام لە راستیدا زۆر جیاوازە
بەشێكی زۆر لە چاودێران و رەخنەگرانی سینەما ئەم هەڵوێستەی پیاوان بەرامبەر لۆرانس بۆ سەركەوتنی ئەو كچە شۆخ و شەنگە دەزانن لە كاری هونەریدا و توانیویەتی ئۆسكار بە دەست بهێنێت بێ ئەوەی تەمەنی بگاتە سی ساڵ و بەشی هەرەزۆری ئەو فیلمانەی بەشداریی تێیاندا كردووە سەركەوتنی گەورەیان بەدەست هێناوە، لە هەمان كاتدا باڵیۆزی براندی ناسراوی (Dior)ـە، بەمەش بە دەیان ملیۆن دۆلاری دەست دەكەوێت، تەنیا لە ریكلام، ئەمەش وایكردووە تەنانەت هەندێك لە پیاوان لێی بترسن و خۆیان لێی بە دوور بخەنەوە.
لە پەیوەندی سۆزداریدا سەركەوتوو نەبووە
جیاواز لە زۆربەی خانمە ئەكتەرەكانی دیكەی هۆڵیۆد زۆر نەچۆتە نێوە پەیوەندیی خۆشەویستی زۆرەوە، دیارترین پەیوەندیی سۆزداری جنیڤەر لۆرانس لەگەڵ ئەكتەری ناسراوی بەریتانی نیكۆلاس هۆلت و گۆرانیبێژ كریس مارتن بوو كە پێشتر هاوسەری خانمە ئەكتەری ناسراو جوینس پالترۆ بوو و لە هەردوو پەیوەندییەكەشدا دیار بوو هیچیان جددی نین، هەرچەندە پەیوەندیی لەگەڵ نیكۆلاس چەند ساڵێكی خایاند، بەڵام وەك پەیوەندییەكی كاتی وا بوو بۆ هەردووكیان، بە هەمان شێوە لەگەڵ كریسیش تەنیا بۆ ماوەی چەند مانگێك بەردەوام بوو و دواتر جیابوونەوە.
بەشێكی زۆری هۆكاری سەرنەكەوتنی پەیوەندییەكانی جنیڤر لۆرانس بۆ خودی خۆی دەگەڕێتەوە، چونكە ئەو چەند مەرجێكی تایبەتی هەیە بۆ ئەو كەسەی كە بڕیار دەدات ژیانی خۆی لەگەڵ تەواو بكات ئەمەش تا راددەیەكی زۆر زەحمەتە ئەگەر ئەستەم نەبێت.
یەكێك لەو كەسانەی كە ەجنیڤەر لە كارە هونەرییەكانی لەگەڵیدا سەركەوتوو بوون ئەكتەری ناسراو برادلی كۆپر بوو كە لە چەندین كاردا بەشدارییان كرد، ئەم سەركەوتنەیان تەنیا لە و لە دەرەوەشدا زۆر گونجاو بوون و دوو هاوڕێ زۆر نزیك بوون، تەنانەت باس لەوەش دەكرا كە ئەم هاوڕێیەتییە بگۆڕێت بۆ خۆشەویستی، بەڵام لە كۆتاییدا دەركەوت كە برادلی زیاتر حەز دەكات پەیوەندی سۆزداریی لەگەڵ نمایشكارەكان هەبێت نەك ئەكتەر.
ئەوەی مایەی سەرنجە كە جنیڤەر زۆر گرنگی بەم باسانە نادات، بەڵام سەركەوتنی فیلمەكانی وادەكات كە باس لە هەموو وردەكارییەكانی ژیانی بكرێت لەلایەن میدیاكانەوە بەتایبەتی لایەنی سۆزداریی كە ئەم جۆرە هەواڵ و بابەتانە هەمیشە خوێنەری زۆریان هەیە و جەماوەر و هەوادارانی حەز دەكەن زۆرترین زانیارییان هەبێت لەسەر ئەو ئەكتەرانەی كە خۆشیان دەوێ.
Top