لونگۆریا پەشیمانە

لونگۆریا پەشیمانە
وەرزش بە بەشێكی گرنگی ژیانی ئەكتەران و هونەرمەندان دادەنرێت بۆ ئەوەی بتوانن پارێزگاری لە كێشی لەشی خۆیان بكەن و بەشێوەیەكی جوان و رێكوپێك دەركەون لە بەرامبەر جەماوەردا و لە فیلمەكاندا رۆڵی سەرەكییان مسۆگەر بێت، بۆ ئەم مەبەستەش رۆژانە وەرزش ئەنجام دەدەن و راهێنەری تایبەتیشیان هەیە.
ئیڤا لۆنگۆریای ئەستێرەی ناسراوی سینەمایی ئەگەرچی وەرزشیش ئەنجام دەدات، بەڵام زۆر ئارەزووی وەرزش ناكات و لەم بارەوە لە دیمانەیەكی بۆ گۆڤاری (Health) ئیڤا دەڵێ: من زۆر چێژ لە وەرزش نابینم، بەڵكو لە دوای ئەنجامدانی وەرزش هەست بە خۆشییەكی زیاتر دەكەم و هەمیشە لە دڵی خۆمدا دەڵێم خۆزگە راهێنەرەكەم پێی راگەیاندبام كە ئەمڕۆ هیچ مەشقێكی وەرزشی ئەنجام نادەین و پشووە.
ئیڤای تەمەن 42 ساڵ كە هەمیشە بوونی هەبووە لەسەر فەرشی سووری فیستیڤاڵە سینەماییە جیهانییەكان لە درێژەی دیمانەكەیدا دەربارەی ئەو كارەی لێی پەشیمانە دەڵێ: هەموو مرۆڤێك دووچاری هەڵە دەبێتەوە، ئەو كارانەی من ئەنجامم داون هەموویان بە قەناعەت و بڕوا بە خۆبوونەوە ئەنجامم داوە، بەڵام ئەو كارەی كە لێی پەشیمانم لە ژیانی هونەریمدا ئەوەیە كە لەسەر فەرشی سور بە جلوبەرگی پێستی دەركەوتم كە لە بەرهەمهێنانی براندی (Tomb Raider)ی جیهانی بوو، چونكە رۆژی دواتر دووچاری رەخنەیەكی زۆر بوومەوە و داوای لێبووردنم كرد ودانم بە هەڵەكەی خۆم نا.
Top