بەرپرسێكی یەكێتی عەرەبی ئەفریقی بۆ راگەیاندنی دیجیتاڵی رایگەیاند كە بڕیار وایە لە كۆتایی ئەم مانگەدا خانمە ئەكتەری ناسراوی هۆڵیۆد و باڵیۆزی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران ئەنجلینا جۆلی سەردانی وڵاتی سودان بكات. ئەندازیار عزەت عەوەز سەرۆكی بەرپرسێكی یەكێتی عەرەبی ئەفریقی بۆ راگەیاندنی دیجیتاڵی لەم بارەیەوە وتی: ماوەیەكە ئەنجلینا سەردانی زۆر لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو شوێنانە دەكات كە ئاوارەی لێیە، بەڵام لەم سەردانەیدا بۆ سودان، ئەنجلینا دەیەوێ شارەزایی لە شوێنەوارە مێژووییەكانی سودان و شارستانیەتی كۆش و كرمە وبەجراویە بێت وەك خۆ ئامادەكردنێك بۆ وێنەگرتنی فیلمێكی سینەمایی دەربارەی دەسەڵاتی ئافرەت لە سودان كە بە ناونیشانی (كەنداكات)ە و بە نیازە لە ماوەی داهاتووی دەست پێبكات.
سەرچاوەیەكی نزیك لە ئەنجلینا ئەوەی پشت راست كردەوە كە لە دوای ئەم سەردانە و لە مانگی نۆڤەمبەری ئەم ساڵ دووبارە سەردانی سودان دەكاتەوە بۆ ئەوەی دەست بە وێنەگرتنی ئەم فیلمە بكات كە ناوەڕۆكەكەی باس لە حوكمرانی ئافرەت دەكات لە سودان و مێژووی دەسەڵاتی شاژنەكانی ئەو ناوچەیە دەخاتە روو.