دیداری سلێمانی بۆ شێوەكاری .... تاریق كارێزی
لەو دیدارەدا كە ژمارەیەكی زۆر لە هونەرمەندان و مامۆستایان و رەخنەگرانی بواری هونەری شێوەكاری لە هەر پێنج پارێزگاكەی باشووری كوردستانەوە بەشدار بوون، نیاز نووری نەقیبی هونەرمەندانی كوردستان وتەیەكی پێشكەش كرد، تێیدا ئەوەی خستە روو كە سەندیكا وەك لایەنی سەرەكیی رێكخەری ئەو دیدارە بە لایەوە گرنگە هونەری شێوەكاری لە كوردستان بەرەو پێش بڕوات و پێگەی شایستە بە خۆی بەدەست بهێنێت. ئەوەشی خستەڕوو كە «ئامانجی دیدارەكە دەستنیشانكردنی گرفتەكان و كۆ كردنەوەی ئەو بۆچوونە جیاوازانەیە كە لە بوارەكانی هونەری شێوەكاریدا هەن، تا بە شێوەی هاوبەش راوێژ و گفتوگۆی زانستییان لە بارەوە بكرێت.»
هەر لەو دیدارەدا سێ پانێڵ پێشكەش كران. بەشدارانی پانێڵەكان و بابەتەكانیان بەم جۆرە بوون:یەكەم پانێڵ كە محەمەد فەتاح بە ناونیشانی (ساباتی هونەری شێوەكاری لە نێوان كێشەكاندا) بەڕێوەی برد، تێیدا دارا حەمە سەعی لە بارەی (كێشەی كاری پەیكەر و پرۆژە لە شاری سلێمانی)، رۆژگار كەمال لە بارەی (نەبوونی شوێنی كار و ماتریاڵ لە سیرامیك)، د. رێبوار سەعید لە بارەی (هونەر و شار)، خۆشی شەوقی لە بارەی (بە لۆكاڵ كردنی هونەر)، تاریق كارێزی لە بارەی (شێوەكاری و كێشەی میدیا) قسەیان كرد.
دووەم پانێل كە سازان عەلی بە ناونیشانی (فەلسەفەی هونەری شێوەكاری و ئیستیك) بەڕێوەی برد، تێیدا هودا ئەحمەد لە بارەی (فەلسەفەی هونەر)، قەرەنی جەمیل لە بارەی (مردنی هونەر و زیندوو بوونەوەی)، ستار قادر لە بارەی (مۆزەخانە)، سامی داود لە بارەی (فەلسەفەی هونەر)، خەیری ئادەم لە بارەی (گەلەرییەكان) قسەیان كرد.
سێیەم پانێڵ كە رۆژگار كەمال بە ناونیشانی (پڕۆگرامی هونەر. ئاستەنگەكان و گەشە كردنی) بەڕێوەی برد، تێیدا د. عەلی حوسێن لە بارەی (پرۆگرامی هونەر لە ئامادەیی و ناوەندی)، ئەكرەم سەعید لە بارەی (پڕۆگرامی هونەر لە باخچەی منداڵان و قوتابخانەی سەرەتایی)، جەمال مشیر لە بارەی (پڕۆگرامی هونەر لە پەیمانگاكان)، شێروان عەلی حەمە خان لە بارەی (پرۆگرامی هونەر لە زانكۆ)، ئاوات سەعید لە بارەی (بە بازاڕ كردنی كاری هونەری) قسەیان كرد.
لەم دیدارەدا تیپی هونەری میللیی سلێمانی تابلۆیەكی زۆر جوانی هەڵپەڕكێی بە دەم مووزیكی كوردییەوە پێشكەش بە میوانانی دیدارەكە كرد. هەر لەو دیدارەدا میدالیای زێڕ پێشكەش بە هونەرمەندی شێوەكاری بەئەزموون و پێشەنگ (حەمە كاكە) كرا، سەبارەت بەو خزمەتە زۆر و دوور و درێژەی پێشكەش بە هونەری شێوەكاریی كردووە. لە پای ئەو رێز گرتنەش كە لێی گیرا، حەمە كاكە سوپاسگوزاریی دەربڕی و گوتی: «ئێمە دەیان ساڵ بە هونەری نیگارەوە خەریك بووین، بێ لە خزمەت كردنی كورد و كوردستان هیچ ئامانجێكی دیكەمان نەبووە.»
دوای تەواوبوونی یەكەمین دیداری سلێمانی بۆ شێوەكاری، بەشداران كۆمەڵێك راسپاردەیان گەڵاڵە كرد، كە پوختەكەی بەم جۆرەیە: هەوڵدان بۆ دروست كردنی شوورایەكی تایبەت بە هونەری شێوەكاری تا ببێتە سەرچاوەیەكی فەرمی بۆ هەموو كارێكی شێوەكاری و توانای بڕیاردانی هەبێت، وەزارەتی پەروەردە كۆنفڕانسێكی پەروەردەی هونەری ببەستێت بۆ پێداچوونەوە بە پڕۆگرامی خوێندنی هونەر، پۆلێن كردنی گەلەرییەكانی كوردستان، دامەزراندنی سەنتەرێكی توێژینەوەی شێوەكاری، دروستكردنی بازاڕ بۆ بەرهەمی هونەرمەندانی شێوەكاری كورد، گرنگیدان بە لێكۆڵینەوە و نووسین و وەرگێڕانی رەخنەی شێوەكاری، سازدانی بینالە و فیستیڤاڵ و كێبڕكێی ئاست بەرزی شێوەكاری، چاپ و بڵاو كردنەوەی گۆڤارێكی شێوەكاری، پاڵپشتیكردن لە تەواوكردنی مۆزەخانەی هاوچەرخ لە سلێمانی و مۆزەخانەی هونەر لە هەولێر كە تایبەت دەبن بە هونەری شێوەكاری، دروستكردنی ناوەندێكی تایبەت بە سیرامیك، دروستكردنی كارگەیەكی برۆنز داڕشتن، حكومەت بودجە بۆ كردنەوەی پێشانگای شێوەكارانی كورد لە دەرەوەی وڵات تەرخان بكات، ئەنجومەنی پارێزگا و پارێزگار و شارەوانییەكان گرنگیی زیاتر بە لیژنەی هونەری شێوەكاری بدەن، لە لایەن سەندیكای هونەرمەندانی كوردستانەوە پەیجێك بۆ هونەری شێوەكاری بكرێتەوە.
وەك لە پرۆشۆری دیدارەكەشدا هاتووە، ئامانج لە بەستنی ئەو دیدارە هەوڵدانە بۆ دروستكردنی هێڵی گشتی سەبارەت بە شێوازی كاركردن لە هەمەجۆر پسپۆڕایەتیی شێوەكاریدا. بە تایبەتی كە تەرزەكانی ئەم هونەرە یەكێكن لە كایە گرنگەكانی كولتوور، شایستە بەوەشە وەك هێما و بەشێك لە پێناسەی شارستانی و ژیاری گەلی كورد و وڵاتی كوردستان بناسرێت.