شیرین جیهانی: پێویستە بە سینەما گوزارشت لە کارەساتەکانمان بکەین
سەبارەت بە دوورکەوتنی لە سینەما، شیرین جیهانی دەڵێ: دوای ئەوەی لە ساڵی 2008 یەکەم فیلمی درێژی خۆم بە ناوی (ئەستێرەکانی وڵاتی من) بەرهەمهات تاراددەیەک دوورکەتومەتەوە لە سینەما وەک دەرهێنان، بەڵام لەو ماوەیەدا سەرقاڵی سیناریۆی چەند فیلمێک بووم، لەو ماوەیەدا زۆربەی کاتی خۆم بۆ بە چاپ گەیاندنی دوو کتێب تەرخان کرد، یەکەمیان وەرگێڕان بوو لە فارسییەوە بۆ کوردی دەربارەی فیمینزم، کتێبی دووەمیشم بە ناوی (ژن بە باوەڕێکی پۆڵایینەوە) کە بەشێکیان وەرگێڕانە و بەشەکەی تریشی لێکۆڵینەوە و نووسینی خۆمە، باس لە ئافرەتە سەرکەوتووەکانی دنیا دەکات و لە کۆتاییەکەیدا باسی پێنج ئافرەتی کوردیشی تێدایە لەوانە ئیلا بەدرخان، لەیلا قاسم، لەیلا زانا، حەپسە خانی نەقیب و مەستورەی ئەردەرڵانیی.
هەروەها پێش شەڕی داعش سەرقاڵی سیناریۆیەک بووم و بە نیاز بووم ئەم سیناریۆیە بکەم بە فیلم، بەڵام دوای دەستپێکردنی شەڕەکە سیناریۆکەشم راگرت، بەداخەوە ئەو بارودۆخە سەختەی دوای شەڕەکە هاتە ئاراوە وایکرد زۆربەی فیلمسازەکان تا راددەیەک دوور بکەونەوە، دەمەوێ ئەوەش بڵێم کە هۆکارێکی دیکەی دوورکەوتنەوەم لە سینەما پێکهێنانی ژیانی هاوسەرێتی بوو، چونکە پێش ئەو ماوەیە تۆ تەنیا خۆتی و دەتوانی ئەو خولیایەی لە مێشکت هەیە جا فیلم بێت یان سیناریۆ کاتی خۆتی بۆ تەرخان بکەی، بەڵام ئێستا دەبێ کات بۆ ژیانی خۆت و هاوسەرەکەشت تەرخان بکەی جگە لەوەی من ئێستا دوو منداڵم هەیە و زۆربەی کاتەکانم بۆ ئەوانە.
جیهانی ئاماژە بەوە دەکات کە دووبارە گەڕاوەتەوە بۆ سینەما و دەڵێ: تا راددەیەک رەنگە ئەمە راست بێت، چونکە هەر لەو ماوەیەدا سیناریۆیەکی دیکەم تەواو کردووە بە ناوی (هێڤی) کە باس لە چیرۆکی خانمێکی ئێزیدی دەکات لە شنگال، ئێستا دەمەوێ بودجەی بۆ پەیدا بکەم تاکو دەستبەکارەکانی بکەم، بەڵام لە ئێستادا ئەمە زۆر سەختە بەهۆی بارودۆخی ئابوورییەوە، بۆیە ئێستا وەستاوم، هەر لەو ماوەیەدا دەستم بە فیلمێکی دیکیۆمێنتی کردووە بە ناوی (لەژێر رەش ئەندەر بلاک) کە لە رۆژی هەشتی مارس بە هاوکاری یەکێتی ئافرەتان و بە سپۆنسەری کۆرەک تیلیکۆم لە هەولێر نمایش کرا، ئەم فیلمە باس لە هەرسێ کەمایەتی ئایین کوردستان (مەسیحی، کاکەیی و ئێزیدی) ئەوانەی کە زۆرترین قوربانییان داوە لە شەڕی داعش و باسی قارەمانییەتی و نەبەردی پێشمەرگە کراوە.
سەبارەت بە بیرۆکەی فیلمی (ئەندەر بلاک)یش دەڵێ:ئەمە فیلمێکی دیکیۆمینتییە، دیارە لە فیلمی دیکیۆمنتی دەبێ باس لە کۆمەڵە بەڵگەیەک بکەی، زۆر بەداخەوە بۆ قوربیانیانی شەڕی داعش ئێمە کۆمەڵێک بەڵگەی تاوانەکانی داعشمان کۆکردەوە کە دژی هەموو کەمە ئایینییەکانی کوردستان ئەنجامیان داوە، ئەمەش تاکە خزمەتێکی بچووکە کە ئێمە بەرامبەر بە رۆڵەکانی کوردستان ئەنجامی بدەین ئەویش خستنەرووی دڕندەیی داعشە بەرامبەر بە گەلی کوردستان.
فیلمەکە لەسەر ئەرکی خۆم بووە و هیچ هاوکارییەکی ماددی نەکراوم، تەنیا خۆم و هاوسەرەکەم بووین لە بەرهەمهێنانی کۆمپانیای (های لیڤڵ)ەوە کە کۆمپانیای خۆمانە، هەروەها ستافێکی بە توانا و شارەزا کاریان تێدا کردووە، لەوانە تۆفان ئەبوبەکر کە کامیرامانێکی زۆر بە توانایە، ئیدێتی فیلمەکە کاک حوسێن دۆسکی ئەنجامیداوە، هەروەها ئەوانەی کە یارمەتییان داین لە دۆزینەوەی هەندێک کەیس و بەڵگەکان کەسانی شارەزا بوون و ئاگاداری رەوشەکە بوون.
سەبارەت بە گرنگی ئەم کارە و کارەکانی داهاتووی شیرین جیهانی دەڵێ: ئێمەی کورد رۆژانە تەنیا گوێبیستی ئەم چیرۆکانە نابین، بەڵکو رووبەڕوویان دەبینەوە بەتایبەتی ئەو کەسانەی کە بوونەتە قوربانی ئەم کارەساتە، بۆیە بە نیازم ئەم فیلمە لە فیستیڤاڵەکاندا بەشداری پێ بکەین، بۆ ئەم مەبەستەش ئێستا سەرقاڵی هەندێک دەستکاریم لە فیلمەکە، چونکە ئەوەی لە کوردستان ئەنجامماندا بۆ بینەری کورد بووە، بۆیە هەندێک گۆڕانکاری بچووکی تێدا دەکەین بۆ فیستیڤاڵەکان تاکو بینەران لە سەرتاسەری دنیا ئاگاداری ئەو کارەساتانە و دڕندەیی تیرۆریستان بن بەرامبەر بە گەلەکەمان بەتایبەتی بەرامبەر بە کەمایەتییە ئایینییەکان ئەنجامدراون و ئەو بەڵگانەی کۆمان کردوونەتەوە بیانخەینە روو.
ئێستا سەرقاڵی کورتە فیلمێکم کە لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا دەست بەکارەکانی دەکەم لە کەمپی کۆچبەران و پێشکەشی دەکەم بەو کەسانەی کە بوونەتە قوربانی چەکی کیمیاوی، فیلمەکە باس لە منداڵێکی بچووک دەکات و زیاتر مۆنەۆلۆگە و حاڵەتی دەروونی ئەو منداڵە دەخاتە روو کە بومب بارانەکەی بینیوە و دایک و باوکی لە دەستداوە و ئێستا بە تەنیایە لەگەڵ داپیرە و باپیرەی دەژی، زیاتر فۆکسی فیلمەکە لەسەر چیرۆکی ئەم منداڵەیە وەک یەکێک لە هەزاران نموونەی تر کە بوونەتە قوربانی شەڕ.
ئێستا هەست دەکرێ کە زۆرێک لە ئافرەت روویان لە دەرهێنان کردووە لەم بارەوە شیرین دەڵێ: بێگومان ئەمە جێگای خۆشحاڵییە چونکە رێگا بۆ ئافرەت کراوەتەوە بۆ ئەوەی کار بکات، بەڵام ژمارەی زۆری ئافرەت لە بواری دەرهێنان گرنگ نییە، بەڵکو گرنگ ئەوەیە کە تۆ چ بەرهەمێک پێشکەش دەکەی و کوالێتی بەرهەمەکەت چۆنە، ئەو ئەندێشە و پەیامەی لە پەنا فیلمەکەدا هەیە چییە، چونکە هیچ کارێکی سینەمایی بەبێ ئەندێشەیەکی دیاریکراو نابێت، بۆ من دەرهێنەر پیاو بێت یان ئافرەت زۆر گرنگ نییە، بەڵکو گرنگ کوالێتی کارەکەیە کە لە چ ئاستێکدا دەبێت و چ کاریگەرییەکی دەبێت و کارێک بێت کە جێی پەنجەی لە فیستیڤاڵەکاندا دیار بێت و شوێنی خۆی لە مێژووی سینەمای کوردیدا بکاتەوە.