هونەر كە دەبێتە ناسنامە

هونەر كە دەبێتە ناسنامە
ئەو مێرمنداڵەی رۆژێ لە رۆژان باوكی لەگەڵ خۆیدا دەیباتە چایخانەیەكی شاری هەڵەبجەوە، لە نێو چایخانەكەشدا ئەو مێرمنداڵە بە وێنەی تابلۆیەكی قەد دیواری چایخانەكە سەرسام دەبێت.
لە مەزەندەی كەسدا نەبوو رۆژێك دادێت ئەو مێرمنداڵە دەبێتە نیگاركێشێكی بەتوانا و تابلۆی دەگاتە كۆشكی سپی كە ناودارترین كۆشكی ئەم سەردەمەیە.
ئا/ تاریق كارێزی

جەمال بەختیار (1925- سلێمانی) ئێستا لە تەمەنی 92 ساڵیدایە، لە ویلایەتی كالیفۆرنیا لە ئەمریكا ژیان بەسەر دەبات. پێشتر بۆ چەند جارێك باسی ژیانی ئەوم كردووە، لێرەدا پێویست بە دووبارە كردنەوەی ناكات، بەڵكوو هەوادارانی هونەری شێوەكاری بە قۆناغەكانی ژیانی ئەو كەڵە مرۆڤ و نیگاركێشە ئاشنان، هەر لە سلێمانییەوە بۆ هەڵەبجە، بۆ بەرەی شەڕی سەقز و مەهاباد، پاشتر گوندی وەرێ، ئینجا بۆ هەولێر و پاشان ژیانی پێشمەرگایەتی و ئاوارە بوون لە ئۆردووگا، دواتر بۆ كاشان و سەرەنجام بۆ ویلایەتەكانی یەكگرتووی ئەمریكا.
ئەم هونەرمەندە هەر لە سەرەتای تەمەنی لاوییەوە تێكەڵ بە دنیای خەبات و كوردایەتی دەبێت. ئەو یەكەمین هونەرمەندی كوردستانە كە دوو تابلۆی (شیرین تەشی دەڕێسێ، كچی سەبەتە بە دەست)بە چاپی قەبارەی پۆستەر چووەتە نێو زۆربەی ماڵان لە باشووری كوردستان و تا رادەیەكیشماڵانی كورد لە پارچەكانی دیكەی وڵاتدا. ئەم هونەرمەندە كاكڵەی ژیانی پەیوەست بووە بە خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی لە پێناو رزگاركردنی گەل و نیشتمانەكەی. تابلۆكانی هەردەم باس لە رووداوی گەرمی تێكۆشان و قوربانی دانی گەل و پێشمەرگە، شەهید و بەرگری و بەرخۆدانی نەتەوەییانە دەكەن. هونەری نیگار لە لای ئەو بەشێكی دانەبڕاو بووە لە ئەتمۆسفیری وڵاتەكەی. گوتاری دیدەییانەی ئەویش گوزارشتێكی روون و رەوان بووە لە تێكۆشانی رژد و سەرسەختانەی نەتەوەیەك بۆ گەیشتن بە كەناری ئازادی و سەربەخۆیی. گەلێ سەركردەی كورد و غەیرە كوردی دیوە، قازی محەمەد، مستەفا بارزانی، عەبدولكەریم قاسم، شاژنی ئێران. هتد. ئەو ئەگەرچی نیوەی ژیانی خۆی لە تاراوگەدا بەسەر بردووە، بەڵام لە هەموو قۆناغێكی ژیانیدا، لە هەر شوێن و كاتێكدا بوو بێت، هەردەم هونەر پەیامی ئەو بووە، هەر هونەریش بووەتە پرد و بەردەبازی پەڕینەوەی ئەو لە شوێن و ئاستێكەوە بەرەو شوێن و ئاستێكی دی.
كاتێك لەگەڵ مستەفا بارزانی دەچێتە لای پێشەوا قازی، وێنەی سەڵاحەدین و پێشەوای پێكەوە كێشابوو، وێنەكەی پێشكەش بە سەركۆماری دیموكراتی كوردستان كرد، پێشەوا پێی دەڵێ «من هیچم نەكردووە شایانی ئەوە بم وێنەم بكێشی، چاكتر وایە وێنەی پێشمەرگەیەكی شەهید بكێشی.» وەك رێزێك لە بەهرەكەی، قازی محەمەد بەڵێنی پێ دەدات بۆ ساڵی داهاتوو بۆ خوێندنی هونەر رەوانەی (باكۆ)ی بكات، بەڵام تەمەنی كورتی كۆمار ئەو بوارەی نەدا. لە پاش نسكۆی 1975یش، شاژنی ئێران لە نێو خێوەتی یەكێ لە ئۆردووگاكانی ئاوارەكانی باشوور لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا، چاوی بە چەند تابلۆیەكی جەمال بەختیار دەكەوێت، ئیدی بە راسپاردەی شاژن لەلایەن حكوومەتەوە بە فەرمی رەوانەی شاری كاشان دەكرێت. لەو شارەی هەرە ناودار بە مافووری ئێران،جەمال بەختیار بۆ یەكەمین جار قوتابخانەی هونەری نیگار دادەمەزرێنێ. هێندە لە كاشان نامێنێتەوە، لە ساڵی 1976دا وەك پەنابەر روو دەكاتە ئەمریكا، لەوێش لە رێی شاشەی كەناڵی تەلەفزیۆنی ویلایەتی (تێنسی)یەوە، حاكمی ویلایەتەكە چاوی بە تابلۆكانی ئەم ئاوارە كوردە دەكەوێت، بۆ زیاتر گەشەدان بە بەهرەكەی رێی چوونە بەر خوێندنی بۆ مەیسەر دەكات، سەرەنجام لە ئەمریكادا دەبێتە مامۆستای هونەری نیگار.
ئەم هونەرمەندە سەرەتا وەك خۆڕسك دەستی بۆ هونەری نیگار بردووە، خوێندنی ئەكادیمی لە ئەمریكادا، هێندەی دی گەشە بە توانا و بەهرە هونەرییەكەی دەدات. ئەگەرچی تابلۆكانی لە رووی تەكنیك و توێكاری، بەكار هێنانی رەنگ و روانگە، سێبەر و رووناكییەوە، بەر لە چوونە بەر خوێندنی ئەكادیمیش لە ئاستێكی باڵادا بوون، بەڵام خوێندنی ئەكادیمی هێندەی دی هونەر و بەهرەكەی قاڵ كردەوە.
جەمال بەختیار بە شێوەیەكی سەرەكی تابلۆكانی دەبنە دوو بەش. ئەوانەی وابەستە بە كورد و كوردستانن، ئەوانەش كە زادەی ژیان و ژینگەی ویلایەتەكانی یەكگرتووی ئەمریكان. ئەوانی یەكەم پتر بە دەوری ژیانی شۆڕش و پێشمەرگایەتی و خەباتی كوردایەتی، گوزارشت كردن لە كولتوور و كەلەپووری كوردەواری و سروشتی كوردستاندا دەخولێنەوە. ئەوانی دووەمیش زیاتر مۆدێل و سروشت و ستیلایف و بابەتی هەڵبژاردەی جڤاكی ئەمریكان، كە زادەی پێداویست و ژینگەی تاراوگەن، لە هەردوو تەرزە تابلۆكەشدا زۆر ستاتیكاییانە كاری كردووە. جەمال بەختیار جارێكیان گوتی «ئەمریكایی لە رێی تابلۆكانی منەوە، بە رەنگ و جوانیی سروشتی كوردستان سەرسامن، دەشپرسن: ئاخۆ بە راستی كوردستان ئەوەندە جوانە؟» وەك ئەو گوتی «منیش وڵامیان دەدەمەوە و دەڵێم، ئەگەر كوردستان بەم جۆرە جوان نەبووایە، ئەدی من ئەو جوانییەم لە كوێ هێناوە؟»
رەنگ و شێوە (فۆرم، فیگەر)، دوو توخمی گوزارشت و دەربڕینن لە لای هونەرمەندانی شێوەكار، تا هونەرمەند لەگەڵ بەهرە و كەسایەتیی هونەریانەی خۆی راستگۆتر بێت، هێندە گوتارە جوانەكەی كاریگەرتر دەبێت. ئەم هونەرمەندە كە بە یەكێك لە ستوونەكانی نەوەی پێشەنگی هونەری شێوەكاریی كوردستان دادەندرێت، هێندە متمانەی بە خۆی و هونەرەكەی هەبووە، بۆیە هەردەم وەك ئامرازێكی پەیام گەیاندن چ لە كوردستان و عیراق، چلە ئێران و ئەمریكادا بەكاری هێناوە. پەیامەكەشی بە روونی لە لایەن قازی محەمەد (هەروەها گەلێ سەركردەی دیكەی كورد)، عەبدولكەریم قاسم، فەرەح دیبای شاژنی ئێران، حاكمی ویلایەتی تێنسی، سەرمایەدارێكی ئەمریكی، جۆرج بوش، بیل كلنتۆن و گەلێ كەس و كەسایەتیی دیكەی كورد و غەیرە كوردەوە، بە رەوانی خوێندراوەتەوە. بۆ راستیی قسەكەشمان دەڵێین: هەر بە نموونە تا ئێستا دوو تابلۆی ئەو نیگاركێشە لە نێو كۆشكی سپیی سەرۆكایەتیی ئەمریكادا پێشوازییان لێ كراوە.
Top