مەلاك: هونەر باشترین هۆكاری گەیاندنی پەیامی نێوان گەلانە
*هاتنتان بۆ شاری هەولێر چۆن بوو؟
- هاتنمان بۆ بەشداری كردنە لە پیشانگای گەشتیاری هەولێر، دیارە موزیك و هونەر رۆڵێكی گرنگ و كاریگەریی هەیە لە نزیك كردنەوەی گەلان و ئاشنا بوونیان بە كەلتووری یەكتری، بە هۆی هاتوچۆی بەردەوامی نێوان تونس و كوردستان ئێمە گوێمان لە ناوبانگ و ئەو پێشكەوتنە دەبوو كە لە كوردستان هەیە، سەرەڕای ئەمەش دوو دڵ بووین لە هاتنمان، بەڵام كە هاتین و بە چاوی خۆمان لە نزیكەوە كوردستانمان بینی بۆمان دەركەوت كوردستان زۆر لەوە پێشكەوتووترە كە باسیان دەكرد، وڵاتێكی جوان و خۆش، گەلی كوردیش میللەتێكی مرۆڤ دۆست و ئاشتیخوازە و حەز لە نزیك بوونەوە دەكات لە نێوان گەلان، بێگومان ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماوەیەكە دوور لە ئاشتی دەژیت و ئێستا لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە ئاشتی و پێكەوە ژیانی نێوان گەلانە.
* كە چوونەوە بۆ تونس دەربارەی میللەتی كورد چی بە گەلی تونس دەڵێن ؟
- پێیان دەڵێین وڵاتێكی جوان و خۆش و گەلێكی ئاشتیخوازمان بینی كە حەز بە ژیان دەكات، ئەوەی لێرە باس دەكرێت، دوورە لە راستییەوە، چونكە وڵاتەكە لە ئاسایش و ئارامیدا دەژیت، من كوردستانم زۆر خۆشویست، دڵگەرمی و جوانی سروشت و كەش و هەواكەی زۆر سەرنجیان راكێشام.
* وەك هونەرمەند چی دەڵێی دەربارەی كاریگەری موزیك لەسەر نزیكبوونەوەی گەلان؟
- ئێمە دەمانەوێ لە رێگای موزیك و هونەرەوە پەیامی خۆشەویستی بە مرۆڤایەتی بگەیەنین، چونكە موزیكە پەیامی ئاشتی و خۆشەویستی هەڵدەگرێت و سنوورەكان دەبەزێنێت و گشت نەتەوە و میللەتەكان نزیك دەكاتەوە و لە هەمان كاتدا ئارامی بە رۆحی مرۆڤ دەبەخشێت، ئێمە بە كەمانچە و ئامێری قانون ئەمە بسەلمێنین، لەبەر ئەوەی موزیك زمانێكی جیهانییە، تەنانەت ئەگەر لە زمانیشم نەگەیت و نەیزانی ئەوا لە رێگای موزیكەوە لە یەكتری نزیك دەبینەوە و پەیامی خۆمان بگەیەنین، دیارە زۆربەی گەلان لە رێگای هونەرەوە یەكتر دەناسن هەر بۆیەش ئێمە لە ریگای هونەرەوە زیاتر میللەتی كوردمان ناسی و ئەگەر موزیك نەبوایە ئێمە سەردانی كوردستانمان نەدەكرد.
* لە كاتی ژەنینی قانوندا هەستمان كرد زۆر بە قوڵییەوە ئاوێتەی ئامێرەكەت بووی ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- قانون یەكێكە لە ئامێرە موزیكیە كۆنەكان كە مێژووەكەی بۆ سەردەمی سومەرییەكان دەگەڕێتەوە و دواتر بە تێپەڕبوونی كات لە رێگای عەرەبەوە گواستراوەتەوە بۆ ئەوروپا لە رێگای ئەندەلووسەوە و بە دەوڵەمەندترین ئامێرە دادەنرێت لە رووی وەتەرەوە، چونكە ماوەیەكی دەنگی زۆر بەرفراوانی هەیە و لە نزیكەی سی دیوانی و نیو پێكهاتووە بۆیە گشت مەقامە موزیكییە عەرەبییەكان لە خۆ دەگرێت، بۆیە بە یاسا و دەستووری گشت ئامێرە عەرەبییەكان دادەنرێت و بە ئامێری دایك یان سەرەكی دادەنرێت بە هاوشێوەی پیانۆ لە رۆژئاوا و لە حەفتاو هەشت وەتەر و كلیل پێكهاتووە، لایەنێكی دیكەی گرنگی ئەو ئامێرە ئەوەیە كە گشت ئامێرەكانی دیكە پشتی پێ دەبەستن بۆ رێكخستن و دەكەوێتە ناوەڕاستی ئۆركیسترای عەرەبی، ژەنینی ئەم ئامێرە ئاسان نییە و دەنگەكەشی ئارامییەكی زیاتر بە دڵ و دەروون دەبەستێت و مرۆڤ هەست بە بوونی رۆحییەتی راستەقینەی موزیك لە قانوندا دەكات.
* بەر لە هاتنت هیچ زانیارییەكت دەربارەی هونەری كوردی هەبوو؟
- زۆر شتم دەربارەی كورد خوێندبۆوە و تا رادەیەك ئاشنایەتیم بە مێژووی كورد هەبوو، ئەگەرچی وەكو پێویست نەبوو، لەسەر هونەری كوردیش شتم خوێندبۆوە، بەڵام زانیاریم زۆر نەبوو، كاتێك هاتمە كوردستان و گوێم لە گۆرانی و موزیكی كوردی گرت، تا راددەیەك زانیاریم پەیدا كرد و ئێستا هەست دەكەم كە جۆرە نزیك بوونێك لە نێوان موزیكی كوردی و توركی هەیە، چونكە گوێبیستی موزیكی توركی ببووم، جا نازانم ئەوەی بە توركی گوێم لێی بووە كورد لە توركی وەرگرتووە، یان بە پێچەوانەوەیە، بێگومان بە حوكمی ئەوەی خۆم مامۆستای موزیكم لە مەودوا هەوڵ دەدەم زیاتر گوێ لە موزیكی كوردی بگرم.
* ئەی سەبارەت بە هونەرمەندانی كورد هیچ زانیاریت هەیە؟
-ئەوەی راستی بێت من زیاتر ئاشنایەتیم سەبارەت بە هونەرمەندانی تورك هەبوو، بەتایبەتی هونەرمەند ئیبراهیم تاتلیساس، بەڵام كە هاتمە كوردستان لێرە زانیم كە ئەم هونەرمەندە بە رەچەڵەك كوردە، هەروەها كە گوێم لە موزیكی كوردیش بووە، وامدەزانی توركییە، چونكە لێك نزیك بوونێكی زۆر لە نێوانیاندا هەیە.
* لە كۆتاییدا پەیامی تۆ چییە؟
- بە راستی كوردستانم زۆر خۆشویست، هەروەها خەڵك و كەش و هەوای كوردستان زۆر دڵگیرن، زۆر بە گەرمی پێشوازی لە میوانەكان دەكەن، هاتووین هونەری توونسی نیشانی خەڵكی كوردستان بدەین، هەڵبەتە میوزیك هەمیشە پەیامی ئاشتی و خۆشەویستی هەڵگرتووە، ئەوە میوزیكە دەتوانێت شادی و خۆشی بخاتە دڵەكان و ئارامی ببەخشێت».