ئەو ساتانەی ناسڕێنەوە (كە نەخۆشی بەرۆكی گرتم) .... ئەحمەد سالار
لەگەڵ ئەستێرە من ئەدوام
خەیاڵم هێندە باڵابوو
هەتا زنجیری ئەم رۆژە
لە دەست و پێم نەئاڵابوو
لە پڕاو لە كاتێكا سوورە سووری رومەتەكانم بوو، كورد واتەنی «هێلكەم بە بن باڵ ئەكوڵاند». كتوپڕ لە دەمەو نیوەڕۆیەكدا، هەستم بە ئاڵۆزبوونی باری تەندروستیم كرد. ئەویش بەهۆی راچڵەكینێكی چاوەڕوان نەكراوەوە بوو، خوا ئەوانە روو رەشی هەردوو دونیا بكات كە ئەو تۆپخانە ئێرانییەیان هێنابوویە ئەودیو شارو تۆپبارانی ئێمەی كوردیان پێكرد، ئەو زرمە گەورەیە بوو، ئەو دەردە هەمیشەییەی بۆ هێنام، ئەگەرچی رۆژانی هات، كارێكی ئەوتۆی دڕندانەترـ چەكیان بە شانی هیچ كوردێكەوە نەهێشت، بەڵام نەتوانرا قەڵەم و شانۆكەی من چەك بكرێ، یان چەك لە شانم داماڵڕێ، بۆیە زەبری شۆڕشەكەم بەردەوام بوو. بەرهەمەكانیشم گەواهی زیندوون و بەر لە هەمووانیش پێشمەرگە شایەتیم بۆ ئەدەن، بۆ یەكەمجار دركاندم: (دڵم زۆر تەنگەنە)، رەنگە ئەو ساتە ناخۆشترین ساتی تەمەن بووبێ. نەخۆشی شەكرە وزەو توانا تاڵان ئەكات، نەمئەتوانی چەند سەد مەترێ بڕۆم، واژە واژی لە دوبەرەی كەللەم كردبوو، چوومە بەشی شیكاری خەستەخانەو هەر سەعاتی جارێ خوێنیان لێ وەرگرتم، وتیان سەعات یەكی نیوەڕۆ وەرەوە بۆ وەرگرتنی ئاكامەكەی. هەتا ئەو چەند سەعاتەم لێ رۆیی لە دوژمنیش نەڕوا، لە كاتی خۆیا، لۆش لۆش چوومەوە، برادەرێكم شیكار بوو، بە قاقای پێكەنینەوە: چوكلێت چوكلێتە، لە گەڕانەوەمدا هەر لە ناو حەوشەی خەستەخانەكەدا، هونەرمەندی خوالێخۆشبوو (كاك ئەحمەد دەنگ گەورە)م تووش بوو، كە هەمان نەخۆشی هەبوو، كەمێك دڵی دامەوەو وتی بۆ سەردانی دكتۆرێك ناكەیت، بەقسەم كردو گەڕامەوە ژوورێ و سەردانی خوالێخۆشبوو (دكتۆر كەمال شێخ جەمال)م كرد، كە (مامۆستا شەماڵ)ی برای برادەرێكی ئەزیزم بوو، بەگەرمی پێشوازی لێكردم و سەر لە نوێ هەندێ شیكاریی بۆ نووسیم و، پێی وتم: ئەبێ بتبینمەوە، منیش بەبێ ئەوەی هەست بەخۆم بكەم، خۆم لە نەخۆشییەكە ئەشاردەوە، ناچار بەهۆی (مامۆستا شەماڵ)ی برایەوە ناردی بە دواما. پاش ماوەیەك بەخۆما هاتمەوە و كەوتمە وەرزش و جووڵە و خۆماندووكردن، بەڵكە ئەو وزە زیادە بڕەوێنمەوە، بەڵام كار لە كار ترازابوو، ناچار ئەبوو نەخۆشییەكە بكەمە برادەری هاوخەمم.
ئیدی بەهیچ جۆرێ توخنی هیچ خواردنێك نەدەكەوتم لەوانەی بۆ نەخۆشییەكە نەدەلوا، خۆم لێ دوورەپەرێز دەكرد، ئەمەش چەندین سەربوردەی خۆی هەیە، یەكێ لەوانە ئەوەبوو خانمۆڵەیەك دیاربوو گەلێك دڵی پێمەوە بوو، رۆژێ سەرەرێی پێگرتم و بردمیە ئۆفیسەكەی و بەسەر مێزەكەی بە حەوت جۆر و رەنگ شیرینی، هەر لەسەر نەریتی كۆن، بۆ رازاندبوومەوە، منیش رێزو خۆشەویستییەكی (برایانەم) بۆی هەبوو، ئیستەری خواردنی هەمووی لێكردم، منیش تیادا مابووم، لە نێوانی نەخواردنی، یان دركاندنی نەخۆشییەكەم، ئەمجارەش دۆش دامام و دڵی خانمۆڵە شیرینەكەم پێ نە شكاو لە هەر یەكەیان كەمێك و شەربەتە خەست و خۆڵەكەشم نا بەسەرمەوە و پاش سوپاس و خواحافیزی لێكردن، كاتێ گەیشتمەوە ئەو دیو دەرگای حەوشێ بە چۆكدا هاتم و كەوتم، ئیتر لە كوێ هەڵمەئگری و لە كوێم دامئەنێی، ئیدی رێگای ئەو خانمۆڵەیەشم لە خۆم كرد. ئەمجارەش جوانەمەرگ نەبووم و پاشان لەهەر شوێنێ بانگی چایان بۆ ئەكردم، ئەم وت با دیژلەمەبێ، پاش ماوەیەك سەیر ئەكەم هەر گیرفانەم هێندەی شەكردانێ شەكری كڵۆی تیادایە. بە راستی حەزم نە ئەكرد كەس بە حاڵم بزانێ، چونكە ئەمزانی چەندە نەیارم لە بوارەكەدایە، نەبادا نەخۆشی من خۆشبەختی ئەوان بێ.
بەر لەو تووشبوونە، بانگكراین بۆ سەربازی، وتیان ئەگەر ئەو كەسە نەخۆشییەكی بەو جۆرەی هەبێ، ئەوا ئەبەخشرێ، منیش ئەو شەوە داوام لە هاوسەرەكەم كرد قبوڵی و پەتاتەم بۆ لێنێ شەو چەندەم پێ خوراو ناوبەناویش چوار پێنج قل خورمام خواردو یەك شووشە شەربەتی پرتەقاڵ، هەر چەندە هاوسەرەكەم هەوڵی ئەدا دەستم بگرێ بۆ نەئەگیرا، لە شانسی ئەوا هێندە سرك بووم. شەوێ تا بەیانی پەیتا پەیتا سەیری ئەكردم ماوم یان نەماوم، بەیانی نەئەبوو نان بخۆم، چووم و شیكاریان بۆ كردم، كە چوومەوە بۆ وەرگرتنی ئاكامەكەی وتیان: مژدە، مژدە، هەرگیز شەكرەی نییە.
باشە چۆن لەوەوە گۆڕا بۆ ئەمە!؟
ئاكام لەگەڵیا رۆژانی تەمەنم بەسەر برد، بەڵام ئەوەی دڵخۆشكەرەم بوو، بارە نەخۆشییەكەم گۆڕی بە هێزو گوڕی ئەفراندن و بەردەوامی، ئەوا هەنووكەش پاش كاركردنی لە دڵ و چاوەكانم، بەڵام هەر گوڕەی نەسرەوتنمە.