كەی بەهار پڕۆژەی ماتۆرسوارانی جیهانی دەهێنێتە كوردستان

كەی بەهار پڕۆژەی ماتۆرسوارانی جیهانی دەهێنێتە كوردستان
تیمێكی بیانی بە ماتۆرسكیل لە ماوەی 10 رۆژدا شارەكانی كوردستان بەسەردەكەنەوە و دەیانەوێ كوردستان بخەنە سەر نەخشەی گەشتیاریی جیهان

رۆژی 25/4/2017، پڕۆژەیەكی هونەری گرنگ بۆ ناساندنی هەرێمی كوردستان بە گەشتیارانی جیهان دەستیپێكرد، ئەویش بە هاتنی شاندێكی ماتۆرسوارانی جیهان بۆ شاری هەولێر، كە پڕۆژەیەكی هەیە بۆ گەڕان بە جیهاندا و دەیانەوێ كوردستانیش بخەنە خشتەی ئەو وڵاتانەی بە ماتۆرسكیل تێیدا دەسووڕێنەوە.
ئا/ سهنگهر حوسێن

ئەم پڕۆژەیە كە خاوەنەكەی ئەكتەری ناسراوی بەڕیتانی چاڕلی بۆرمان-ـە، هەریەكە لە بیلی وارد، كەی بەهار، كلاودیۆ ڤۆن پڵانتە و میران دزەیی نوێنەرایەتی دەكەن، ئامانجیانە لە ماوەی 10 رۆژدا گەڕانێك بە نێو شارەكانی كوردستان بكەن و زۆرترین وێنەی شوێنە گەشتیارەكان بگرن. زۆربەی وڵاتانی ئەفریقیا و ئەمریكاش گەڕاون و خەریكی ئامادەكردنی پلانێكن بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستانیش بخەنە سەر هێڵی گەشتی ماتۆڕسكیلانی دونیا و لە كاتی گەشتەكانیاندا سەردانی شارەكانی كوردستانیش بكەن.
لەبارەی ئەم پڕۆژەیەوە، دەرهێنەری كورد كەی بەهار كە هاوكاری سەرەكیی تیمەكەیە، تایبەت بۆ گوڵان گوتی: ئامانجی سەرەكیی ئەم پڕۆژەیە ناساندنی هەرێمی كوردستانە بە گەشتیارانی جیهان، هەرچەندە بە ماتۆرسكیل بە كوردستاندا دەسووڕێنەوە، بەڵام ئێمە دەیكەینە فیلمێكی دیكۆمێنتەری، بۆ ئەوەی روویەكی دیكەی وڵاتەكەمان بە خەڵكی جیهان نیشان بدەین.
گوتیشی: پرۆژەكە گشت شارەكانی كوردستان دەگرێتەوەو ماوەی 10 رۆژ دەخایەنێت، هەر لە شاری هەولێرەوە تا ئاكرێ و دهۆك و سۆران و رەواندوزو دۆكان و سلێمانی و هەڵەبجەو قەرەداغ، دواتر بۆ ئاغجەلەر و گۆپتەپە و كۆیە، هەروەها دەمانەوێت شەوێك لەگەڵ پێشمەرگە لەبەرەكانی جەنگ بمێنینەوە.
كەی بەهار زیاتر باس لە پرۆژەكە دەكات و دەڵێت: ئەو تیمە گەشت بۆ زۆربەی شوێنەكانی جیهان دەكەن، ماوەیەكە لەگەڵیان خەریكم بۆ ئەوەی باوەڕیان پێ بهێنم كوردستانیش ئەم گەشتە بگرێتەوەو بیخەنە نێو بەرنامەكەیانەوە.
سەبارەت بە پشتیوانی لە تیمەكە، كەی بەهار گوتی: سوپاسێكی بێ پایانم بۆ بەرپرسانی حكومەتی هەرێم، بەتایبەتی بەڕێز نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و بەڕێز ئیبراهیم شێخەڵا قائیمقامی دەشتی هەولێر هەیە، كە هاوكاریی و كارئاسانییان بۆ تیمەكە كردووە، ئەویش بە دابینكردنی دوو ماتۆرسكیلی هاتووچۆی هەولێر كە بۆ گەڕانی شارەكانی كوردستان بەكاری دەهێنن، تەنیا بۆ پشكنینی ناوچەكان، ئەوەش پاڵپشتییەكی بەهێزە بۆ ئەوان، چونكە لە هیچ شوێنێكی جیهاندا بەمجۆرە پاڵپشتی نەكراون، لە دواڕۆژدا كە گەشتەكە دەكەن، كۆمپانیای جیهانی وەكو بی ئیم و هۆنداو كۆمپانیا زەبەلاحەكان سپۆنسەری پڕۆژەكە دەكەن و ماتۆرسكیلەكان دابین دەكەن.
سەبارەت بە وەرگرتنی كوردستان لە پڕۆژەكە، كەی بەهار گوتی: بریار لەدەست ئەو تیمەیە كە قەناعەت بە بەرنامەكە بهێنن بێنە كوردستان، هەر ئەوانیش بڕیار دەدەن بێنە چ بەشێكی كوردستان، بەش بەحاڵی خۆم گەشبینم كە لە كۆتایی بەرنامەكەدا بڵێن بەڵێ كوردستان شایانی ئەوەیە بیهێننە ناو بەرنامەكەو گەشتیارانی جیهانی بێن بە ماتۆڕسكیل گەشتی كوردستان بكەن.
بیلی وارد كە بە رەچەڵەك خەڵكی بەریتانیایە، سەبارەت بە گەشتەكە دواو گوتی: ئێمە ئەم جۆرە گەشتانەمان بۆ زۆربەی كیشوەرەكانی جیهان كردووە، دەتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم كە ئەم گەشتە نازدارترین و خۆشترین و جوانترین و باشترین میوانداریكردن و بە زەردەخەنەترین ناوچەی جیهانە كە من تا ئێستا سەردانم كردبێت، هەستێكی زۆر سەیرم لا دروست بوو كە بە شێوەیەكی هاوڕێیەتی پێشوازیمان لێكراوە، بۆ نموونە، لە زۆربەی وڵاتان كە دەچیتە ناو بازاڕەكەیان خەڵكەكە ئەوەندە رووخۆش نین، یان هەوڵدەدەن قۆڵت ببڕن، كەچی چوومە نێو بازاڕی گەورەی شاری هەولێر بەشێوەیەكی زۆر جوان پێشوازییان لێكردین و زۆر شادم كە هاتوومەتە ئێرە، بەڕاستی جێی سەرسووڕمانە.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی كە ئایا جارێكی دیكە حەزدەكات دووبارە سەردانی كوردستان بكاتەوە، بیلی وارد گوتی: بە دڵنیاییەوە حەز دەكەم، بیرۆكەكەشمان بۆ ئەوەیە تا قەناعەت بە خەڵكی دیكەی بیانیش بێن بۆ گەشت سەردانی كوردستان بكەن.
سەبارەت بەو پاڵپشتییەی لەلایەن بەرپرسانەوە لە پڕۆژەكە دەكرێت، بێلی گوتی: بەدڵنیاییەوە هەر لەسەرەتاوە پشتگیرییەكی زۆرباش كراین، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر باوەڕمان بەخۆمان هەبێت كە گەشتیارانی بیانی تێبگەیەنین بەوەی شایەنی ئەوەیە بێنە كوردستان، ئەو پێشوازییەی لە ئێمە كرا، زۆر گەرم بوو، ئەوە زیاتر بۆ ئێمە دەیسەلمێنێت كە بۆ هاووڵاتیانی بیانی لە دەرەوە روون بكەینەوە كە لە كوردستان ئارامییەكی تەواو هەیە و شەڕ و كوشتار نییە، بە پێچەوانەوە شوێنێكە میوانداری زۆر دەكرێت، لە هەمووشی جوانتر ئەوەیە كە پێكەوەژیانێكی جوانی نێوان پێكهاتەكانی تێدا هەیە، خەڵكی جیاواز هەیە و خەڵكی ئاوارە بە ئارامی ژیان دەگوزەرێنن، بۆ نموونە لەبەردەم یەكێك لە دوكانەكانی قەڵای هەولێر وێنەو تابلۆی جیاوازم لە تەنیشت یەكتر بینی كە هەریەكەو باس لە ئایینێك دەكات، ئەمەش شتێكی زۆر شارستانی و جوانە.
Top