برادەر: هەموو شتێك بووەتە ریكلام و هونەریش بە ریكلام پێش ناكەوێ

برادەر: هەموو شتێك بووەتە ریكلام و  هونەریش بە ریكلام پێش ناكەوێ
هونەرمەند برادەر لە ساڵی 1958 ناوچەی مێردین لە خانەوادەیەكی هونەردۆست هاتۆتەدنیا، لە ساڵی 1976 لە شاری وان بە تۆمەتی گوتنی گۆرانی كوردی زیندانی كراوە، دوای 12 ساڵ ناچار بوو كوردستان جێبهێڵێ و رووی لە وڵاتی هۆڵەندا كرد، جگە لە گۆرانی گوتن شیعر دەنووسێت و لە چەندین فیلمدا وەك ئەكتەر بەشداری كردووە لە هۆڵەندا، ئێستاش هەر لەو وڵاتە ژیان بەسەر دەبات، ئێمەش وەك گۆڤاری گوڵان بە پێویستمان زانی ئەم دیمانەیەی لەگەڵ ساز بكەین.


* بارودۆخی ئێستای هونەری كوردی چۆن دەبینی؟
- بەداخەوە هەموو شتێك بووەتە ریكلام و پارە، هونەریش تەنیا بە پارە و ریكلام پێش ناكەوێ، ئەم هونەرە كاتییە و دوای ماوەیەك لەبیر دەكرێ، ئەگەر یاسایەك نەبێت وەكو هونەرمەند مافەكانت بپارێزێت، چۆن هونەر پێش بكەوێت؟ من چەند بەرهەمێكم لە كوردستان تۆماركرد، دوای ماوەیەك لە زۆربەی كەناڵ و رادیۆكان گۆرانییەكەم بڵاوكراویەوە بێ ئەوەی یەك دۆلاریشم بۆ بگەڕێتەوە.
* پێتوا نییە هونەرمەندانیش كەمتەرخەمن لەم رووەوە؟
- بەڵێ، رەنگە ئەوانیش هۆكارێك بن لەو بارودۆخەی ئێستای هونەر كوردی، چونكە بەشێك لە هونەرمەندان گۆرانییەكانیان بەردەوام نمایش دەكرێت لە كەناڵەكانی راگەیاندن كە رەنگە لە ئاستی پێویستیشدا نەبن، بەڵام گۆرانیش هەیە لە بەرزترین ئاستە و نمایش ناكرێ.
* چۆن دەتوانین هونەری كوردی رزگار بكەین لە گرفتانەی ئێستا تێیكەتووە؟
- گرنگترین كار بۆ پێشخستنی هونەر بریتییە لەوەی كە بەردەوامی پێ بدرێت لە كوردستانی ئازاد دەرفەتی باش هەیە، پێویستە ئێمە هەوڵ بدەین ئەوەی لە دەستمان هەیە بەكار بهێنین، بەڵام هونەر و هونەرمەندان پێویستیان بە یارمەتی هەیە بۆ بەردەوامی، هەروەها گرنگترین شت ئەوەیە كە رێز لە هونەرمەندان بگیرێ و ئەرك و ماندووبوونەكەیان لەبەرچاو بگیرێت.
* زانیاریتان دەربارەی سینەمای كوردی و ئاستی سینەمای كوردی چۆنە؟
- خۆم لەگەڵ مۆسیقا كاری شانۆ و سینەماش دەكەم، لە زۆر فیلم لەگەڵ هۆڵەندی و ئەڵمانییەكان رۆڵم بینیوە، بێگومان سینەمای كوردی ئێستا هەنگاوی باش نراوەو جۆرێك لە دەركەوتنی سینەمای كوردی بە ئاشكرا هەستی پێدەكرێت و بەردەوام فیلم بەرهەم دەهێنرێت و لە فیستیڤاڵە جیهانییەكان بەشدارییان كردووە و گەیشتوونەتە فیستیڤاڵی كان ئەمەش كارێكی زۆر باشە، بەڵام سینەما ئەو بەشە گرنگەی هونەرە كە پێویستی بە پارەیەكی زۆر، پسپۆریەتی، فێربوون وخوێندن خەبات ماندووبوونێكی زۆر هەیە بۆ ئەوەی پەرەی پێ بدرێت.
* دوایین كاری سینەمایی كە بەشداریت تێدا كردبی چییە؟
- بەر لە چەند مانگێك بەشداریم لە فیلمێكی كوردیدا كردووە بە ناوی (زاگرۆس) لە دەرهێنانی سەهیم خەلیفە، فیلمێكی كۆمەڵایەتییە باس لە ژیانی كورد دەكات، لەبەر ئەوەی دوورگەی (كریت)ی یۆنانی لە زۆر رووەوە لە كوردستان دەچێت بۆیە لەوێ وێنەمان گرت، هونەرمەند فەیاز دۆمان كە خەڵكی باكووری كوردستانە و حەلیمە یەلتەر كە لە ئەڵمانیا هاتبوو و لەوێ زۆر بە باشی ناسراوە و ژمارەیەك ئەكتەری دیكە لە فیلمەكە بەشدارن.
* بۆچی دەركەوتنت لە فیلمە كوردییەكان وەكو پێویست نییە؟
- ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ گرنگی پێنەدانی میدیاكانی كوردستان بە كارەكانمان، چونكە من پێشتر بەشداریم لە زنجیرە درامایەكدا كردووە بە ناوی (كوڵانەكانی غەریبی) كە پێنج ئەڵقە بوو و نمایش كرا، لێرەدا دەمەوێ باسی ئەوە بكەم كە لە ساڵی 1995 بۆ یەكەم جار بەشداریم لە فیلمێكی درێژی هۆڵەندیدا كرد كە ماوەكەی 90 خولەك بوو، ئەم فیلمە حەوت خەڵاتی بەدەستهێنا، دواتر بەشداریم لە فیلمی (شۆڕش و شیرین) كرد كە باس لە هەڵەبجە دەكات لە بەرهەمهێنانی زانكۆی هامبۆرگ بوو، ئینجا لە فیلمێكی دیكە بەشداریم كرد بە ناوی (گەنگستر بۆی) و چەندین فیلمی دیكە كە هەموویان بە زمانی هۆڵەندی بوون.
* چوونی تۆ بۆ نێو بواری سینەما لە هۆڵەندا چۆن بوو؟
-كاتێك لە باكووری كوردستان بووم لە بواری شانۆم خوێندووە، بەڵام چوونم بۆ نێو بواری سینەما بە رێكەوت بوو، لە هۆڵەندا ساڵی 1995 فیلمێك بەرهەمهات بە ناوی (ئەو مناڵەی قسە ناكات) ویستیان كوڕەكەم رۆڵی تێدا ببینی، بەڵام كاتێك هاتنە ماڵی ئێمە و كوڕەكەمیان بینی وتیان ئەمە گەورەیە بۆ رۆڵەكە گونجاو نییە، ئەو كات دەرهێنەری فیلمەكە كە ناوی ( بەنسۆن بۆخارت) كە یەكێكە لە دەرهێنەرە ناسراوەكانی هۆڵەندا گوتی تۆ فەیسێكی سینەماییت هەیە بۆچی نایەی بەشداری بكەی منییش وتم لە سینەمای بەشداریم نەكردووە، بوڵام چوومەتە سەر شانۆ، وتی: ئاساییە ئێمە ژمارەیەك منداڵمان دۆزیوەتەوە، بەڵام هەندێكیان نازانن بە كورمانجی قسە بكەن و هەندێكی دیكەشیان كورد نین حەز دەكەین یارمەتیمان بدەی بۆ ئەوەی فێرە زمانی كوردییان بكەین، منیش چووم لە بواری وەرگێڕان و فێركردن هاوكاریم كردن، بەڵام دەرهێنەرەكە وتی حەز دەكەم تۆ رۆڵی باوك ببینی، بەم شێوەیە هاتمە نێو بواری سینەما، لە هۆڵەندا نووسینگە هەن سیڤی لە ئەكتەرەكان وەردەگرن كاتێك رۆڵێكیان هەبێت و بزانن ئەو ئەكتەرە بۆ ئەم رۆڵە دەشێت بانگت دەكەن.
* زیاتر چ رۆڵێكتان پێ دەسپێرن؟
- رۆڵی بیانی و غەریبە، چونكە ئێمە لە رووی زمانەوە ناتوانین بە تەواوی وەك كەسێكی هۆڵەندی رۆڵەكان ببینین، بە هەمان شێوە كەسێكی هۆڵەندیش ناتوانێت رۆڵی كەسێكی بیانی یان پەنابەر ببینێت، بەداخەوە میدیای هۆڵەندی زیاتر گرنگی بە كارەكانمان دەدات و لە میدیای كوردی بەو شێوەیە نییە، جگە لە سینەما من لە شانۆش بەشداریم كردووە لە شانۆگەری (ئەو زەڵام) لە دەرهێنانی عادل هەیترووس كە باس لە كوشتنی ئافرەتان دەكات لەسەر شەرەف لە نێو میللەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە چەندین وڵات نمایشمان كرد و تەنیا لە هۆڵەندا (170) نمایش كرا، من حەزم كرد لە كوردستانیش نمایشی بكەم و داوایەكم پێشكەش بە وەزارەتی رۆشنبیری كرد، بەڵام نەكرا.
Top