یەریڤان: هیچ شتێك لە هونەر ساردم ناكاتەوە
دیمانە: زیاد كەریم
* دەڵێن تەمەنی منداڵیت جیاواز بووە لەگەڵ منداڵانی دیكە و لە تەمەنی منداڵیش وەكو گەورەیەك رەفتارت كردووە، هۆكار چی بووە؟
-من تەمەنی چوار ساڵیم بیر دێتەوە، ئەو كاتە هەمیشە ماڵێكی بێدەنگمان هەبووە و كەشوهەوای ماڵەكەمان بێدەنگی تێیدا زاڵ بوو، باوكم هەمیشە گوێی لە گۆرانی رۆژهەڵاتی دەگرت، رەنگە ئەمە هۆكاری ئەو رەفتارانەی من بێت، زۆر شتی ئەو سەردەمە ئێستاش كاریگەریی بەسەر منەوە هەبووە بۆ نموونە بێدەنگی و حەز كردن بە گۆرانی رۆژهەڵاتی و زۆر شتی دیكەش.
* ئەو پرسیارانە چی بوون كە لە منداڵیدا لە خەیاڵتدا دەخولانەوە و دەتویست بیكەی، بەڵام ئەو بێدەنگییە رێگر بووە لەبەردەمت بۆ ئەوەی نەیدركێنی؟
-ئەوەی بیرم بێت لە منداڵییەوە تا ئێستاش، بەڵام بە رێژەیەكی كەمتر بەردەوام بیرم لە گەردوون كردۆتەوە، گەردوون چییە و چۆن درووستبووە، زۆر بە قووڵی دەچوومە نێو ئەو جۆرە بیركردنەوانە، هەروەها بە منداڵی زۆر بە شەو و ئێواران كاتی خۆر ئاوابوون دڵم تەنگ دەبوو و حەزم لەم دوو كاتە نەبوو هۆكارەكەشی نازانم چی بوو، كە ئێوارە دەهات هەندێك جار دەگریام و دەخەوتم، بەڵام ئێستا بە پێچەوانەوە حەز دەكەم گشت كارەكانم بە شەو ئەنجام بدەم تەنانەت نان خواردنیشم بە شەوان پێخۆشترە بگرە حەز ناكەم بە شەو بخەوم و بە هیوام لە داهاتوودا بتوانم گۆرانی بۆ شەو بڵێم.
* لە منداڵیدا حەزت كردووە بگەیت بە لوتكە و ببیت بە كەسێكی ناسراو، لە ئێستادا ئەو حەز و خولیایەت بە كوێ گەیشتووە؟
- راستە، خۆشە كە بگەیت بە لوتكەیەك كە تۆ بە تەواوی هەست بكەی خزمەت بە شتێك بكەی كە سوودی بۆ وڵاتەكەت و ئەو بوارە هەبێت كە تۆ كاری تێدا دەكەی، خۆشبەختانە بەپێی ئیش كردنم تا ئێستا بۆ من باش بووە، چونكە هەست دەكەم لە بواری گۆرانی و موزیك لە سەرەتادام، من دەمەوێ زیاتر ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی منە گوێ لە بەرهەمەكانم بگرن، بەڵام حەزی من بەوەی لە لوتكە بم ئەوە ناگەیەنێت كە من ببم بە ئەستێرەیەكی ناسراو لە نێو خەڵك، لە كوردستان ئەستێرەمان هەیە، بەڵام بەرهەمەكانی لەو ئاستەدا نییە كە مایەی گوێگرتنی هەموو خەڵك بێت.
* تۆ لە كامە قۆناغی خوێندن بەر خۆشەویستی كەوتی؟
- درۆیە گەر بڵێم من تا ئێستا كەسێكم خۆش نەویستبێ، لە تەمەنی هەژدە ساڵیدا كەسێكم بە دڵ بوو كە دەیبینم و هاوڕێمە بێ ئەوەی پەیوەندیمان هەبێت وەك ئەوەی بڵێی شتێكی رۆحی و خەیاڵی بێت، لە خۆشەویستییەكی تاكلایەنەدا ژیاوم، تا ئێستاش ئەم خۆشەویستییەم نەدركاندووە، بەڵام بەو شێوەیە نەبووە كە بڵێم ژیانمی داگیر كردووە، چونكە شتێكی سەرەكی نەبووە لە ژیانم و زۆر گوێم پێنەداوە، نامەوێ لە یەك رووەوە تێڕوانین بۆ عەشق بكەم، كاتێك تۆ عاشقی كەسێك دەبیت مەرج نییە ئەوە تەنیا پەیوەندییەكی خۆشەویستی باو بێت و یەكسەر بیر لە هاوسەرگیری بكەیتەوە.
* تایبەتمەندییەكانی شاسواری خەونەكانت چین؟
-ئەگەر لە داهاتوو بیر كردنەوەم گۆڕا و گەیشتم بە خەونەكانم و بیرم لە ژیانی هاوسەریی كردەوە، بێگومان حەز دەكەم لە بواری هونەریدا ئیش بكات، چونكە تێگەیشتنی زیاتری بۆ كاری من دەبێت جگە لەوە تەنیا نامەوێ خیانەتم لێ بكات، چونكە خیانەت زۆر قورسە، نە كێشەم لەگەڵ رەزیلی و دڵپیسی و هیچ گرفتێكی دیكە نییە.
* لە گەردەلوول وەك ئەكتەر دەركەوتی، بە نیازی بەردەوام بی لە نواندن؟
- من هەست دەكەم گەیشتوومەتە قۆناغێك كە دەزانم چیم دەوێت، كاری من تەنیا گۆرانی وتنە، حەز دەكەم دەرفەتم بۆ بڕەخسێ و تووشی هیچ گرفتێك نەبمەوە بۆ ئەوەی بتوانم ساڵی هیچ نەبێت دوو بەرهەم پێشكەش بكەم كە لە هەموو تەمەنەكان بە دڵیان بێت.
* گەردەلوول وای لێكردی یەكەم گۆرانی تۆمار بكەی و پێشكەشی بكەی؟
- پێش گەردەلوولیش من گۆرانیم بۆ هونەرمەندێك گوتووەك ئەو كاتە دەنگم پاكتر بوو، وتی تۆ بێگومان دەبی گۆرانی بڵێی منیش زۆر خۆشحاڵ بووم، كە بەشداریم لە (گەردەلوول) كرد مامۆستا جەلیل دەنگی من زۆر بە دڵ بوو ئەمەش وایكرد كە شەرم نەكەم لەبەردەم كامیرا، چونكە بە شەرم كردن دەنگت زۆر تێكدەچێت، دواتر دەم بیست لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و پەیجەكان رەنگدانەوەیەكی باشی هەبوو لە نێو جەماوەر، هەرچەندە من لە 2012 بەرنامەم هەبوو كە كارێكی تایبەتی خۆم ئەنجام بدەم، بەڵام بە هیچ شێوەیەك بۆم نەدەرەخسا كە ئەم كارە بكەم.
* یەكەم بەرهەمت چۆن بڵاوكردەوە؟
-یەكەم بەرهەمی خۆم گۆرانی (نەچوو) یە كە گۆرانیەكی لووڕییە و سەرەتا لە لایەن هونەرمەندی گەورەی كۆچكردوی كورد حیشمەتوڵڵای لۆر نەژاد، وتراوەو ئاوازی بۆ دانراوە. گەورەیی و جوانی ئەو گۆرانییە و ئەو هونەرمەندە وای لێكردم كە دووبارە بە شێوازێكی نوێوە كاری تیا بكەم، هەرچەندە من دڵۆپێك نیم لەو دەریایەی دەنگی ئەو گەورە هونەرمەندە، بەڵام بە هیوام بە دڵی هەموو لایەك بێت».
* گرفت و ئاستەنگەكان ساردت ناكەنەوە لە كاری هونەری؟
- هەرگیز هیچ شتێك لە هونەر ساردم ناكاتەوە وەك نەبوونی سپۆنسەر و بێ بەڵێنی، رەنگە لە چواردەورەكەت كۆمەڵە شتێك هەبێت ساردت بكەنەوە، بەڵام هیچ شتێك من سارد ناكەنەوە لە كاری هونەری.