ئەحلام حەجی: سەردانی ئەو جارەم بۆ كوردستان جیاوازبوو
• با لەو سەردانەی ئەم جارەت دەست پێبكەین، ئەم جارە چی تۆی هێنایەوە بۆ كوردستان؟
- سەردانی ئەم جارەشم لە رێگای دەزگای سەوسەنی جیهانی بوو، بەڵام جیاوازییەكەی ئەوە بوو كە لەم سەردانەدا وەك چالاكێكی بواری منداڵان رێزم لێگیرا لە بەرامبەر ئەو كارانەی كە ئەنجامم داون، ئەمەش بۆ من شانازییەكی گەورەیە یارمەتیدانی ئاوارەكان بەتایبەتی منداڵەكانیان زۆر دڵخۆشم دەكات، ئەو خۆشەویستییە بووە هۆی ئەوەی كە رێكخراوێكی تایبەت بە یارمەتیدانی منداڵان دابمەزرێنم، سوپاس بۆ خوا سەردانی كەمپی هەرشەمم كرد لە هەولێر و لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشی ئاوارەكان بووم و بەپێی توانای خۆم هاوكاری ئاوارەكان و منداڵەكانم كرد و سەردانی دایەنگە و قوتابخانەیەكی سەرەتاییشم كرد، نیگەران بووم بە رەوشی ئاوارەكان و خۆشحاڵیش بووم كە توانیم زەردەخەنەیەك بخەمە سەر لێوی ئەم منداڵە ئاوارانەی كە ئێستا لە كوردستان نیشتەجێ بوون و لە ترسی شەڕێك كە هیچ پەیوەندیی بە ئەوانەوە نییە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و ئاوارە بوون.
• لە نێوان ئەم دوو سەردانە هەستت بە هیچ گۆڕانكارییەك كرد؟
- لەبەر ئەوەی ماوەی نێوان دوو سەردانەكەم زۆر نەبوو بۆیە گۆڕانكارییەكی بەرچاوم نەدێت، بەڵام ئەوەی تێبنییم كرد ئەوەیە كە میللەتی كورد سەرەڕای شەڕ و ناهەمواری باری ژیانی میللەتێكە حەز لە ژیان دەكات، میللەتێكی مرۆڤدۆستە و لە كاتی پێویستدا دەستی یارمەتی بۆ هەر كەسێك درێژ دەكات كە پێویستی پێی هەبێت باشترین نموونەش ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەر و ئاوارەیە كە باوەشی بۆ كردوونەتەوە، بەراستی كارێكی شایستەی دەستخۆشی لێكردنە. هەروەها سوپاسی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەكەم بۆ هاوكاریەكانیان.
• لە تەمەنی منداڵیدا كچێكی چۆن بووی؟
- دایكم زۆر جار پێم دەڵێت تۆ كچێكی شەڕاوی بووی و هەمیشە حەزت لە شەڕ بووە لەگەڵ منداڵان، بەڵام ئەو كاتیش غەدرت لە منداڵان نەدەكرد و بەبێ هۆكار لە كەست نەداوە.
• هیچ كاتێك بیرت لەوە كردۆتەوە كە رۆژێك لە رۆژان ببیت بە شاجوان؟
- نەخێر، بە رێكەوت هاتمە نێو ئەو بوارە، جارێكیان لە نمایشێكی جلوبەرگ ئامادە بووم، یەكێك لە دیزاینەرەكان پێی گوتم: ئەحلام بۆچی تێستێك ناكەیت؟ ئیدی لەو كاتەوە دەرگاكان بۆ من كرانەوە و بەردەوام تاكو ئێستا.
• مەرجەكانی شاجوان چین؟
- شاجوان مەرجی زۆری هەیە، زۆر كەس پێیانوایە ئەوەی شاجوان بێت پێویستە روخساری جوان بێت، بەڵام راستییەكەی ئەوەیە كە جوانی رووخسار تاكە مەرج نییە بۆ ئەو كەسەی كە بە شاجوان هەڵدەبژێردرێت، بەڵكو پێویستە خاوەن رۆشنبیرییەكی باش بێت و زانیاری زۆری هەبێت، لە هەموویشی گرنگتر ئەوەیە كە پەیامێكی هەبێت لە ژیاندا و لە میانیدا پرۆژەیەكی دیاریكراو پێشكەش بكات جا لە هەر بوارێكی ژیاندا بێت.
• زۆر لە شاجوانەكان دوای دەرچوونیان روو لە بواری نواندن یان گۆرانی وتن دەكەن تۆ بیرت لەو بوارانە نەكردۆتەوە؟
- من ئێستا میدیاكار و پێشكەشكاری بەرنامەیەكی تایبەتم سەبارەت بە فاشیون و جوانكاری لە كەناڵێكی عەرەبی و بریارە لە داهاتوودا بەرنامەیەكی دیكەش پێشكەش بكەم، بۆیە رووم لە گۆرانی وتن و نواندن نەكردۆتەوە و تەواوی گرنگی و كاتی خۆی بۆ میدیا تەرخان كردووە، بەڵام كەس نازانێ لە داهاتوودا چی روودەدات دوور نییە گۆرانی و مۆسیقا و سینەما هەڵبژێرم.
• هیچ كۆمپانیایەك داوای نەكردووە لە كارێكی هونەری نواندندا بەشداری بكەی؟
- بە دڵنیاییەوە چەند بەرهەمهێنەر و كۆمپانیای بەرهەمهێنانی هونەری داوایان لێكردووم بۆ ئەوەی لە زنجیرە دراما و فیلمەكانیا بەشداری بكەم، بەڵام ئێستا تەنیا حەز دەكەم گرنگی زیاتر بە كاری میدیایی بدەم و پرۆژەكانی نواندن و گۆرانی كاتم بۆیان تەرخان نەكردوە هەرچەندە لەگەڵ یەكێك لە ئاوازدانەرە بەناوبانگەكانی مەغریب خەریكی سەرقاڵی نووسین و ئامادە كردنی تێكست و ئاوازێكی نوێیە، بەڵام لە ئێستادا ئەگەر گۆرانیش بڵێم ئەوا تەنیا وەكو حەزێكە و وەك پیشە سەیری ناكەم.
• چ ئامۆژگارییەكت هەیە بۆ ئافرەتان تاكو گرنگی زیاتر بە جوانی خۆیان بدەن؟
- جوانی رووخسار یەكێكە بەشی هەرە سەرەكیی جوانی ئافرەتە و پێویستە گرنگییەكی زۆری پێ بدات ئەمەش بە چەند هەنگاوێك دەكرێت گرنگترینیان جۆر و شێوەی خواردن و ئەنجامدانی وەزرشە بەشێوەیەكی رێكوپێك و بە بەرنامە، چونكە ئەمە بۆ جوانی بۆ تەندروستی مرۆڤیش پێویست و گرنگە.
• تۆ دژی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی جوانكاریی؟
- من لەگەڵ ئەوەم كە ئافرەت بە سروشتی خۆی چۆنە ئاوا جوانترە، بەڵام دژی ئەوە نیم ئافرەت نەشتەرگەری جوانكاری ئەنجام بدات بەتایبەت ئەگەر پێویست كاتێك تووشی رووداوێك دەبێتەوە یان ئەنجامدانی پێویست بێت، بەڵام دژی ئەوەم بەبێ هۆ نەشتەرگەری جوانكاری ئەنجام بدرێت.
• لەگەڵ وەرزش چۆنی؟
- من بەردەوام وەرزش ئەنجام دەدەم بۆ پاراستنی كێشی لەشی خۆم و تەندروستیم، هەروەها بەگوێرەی هەبوونی كات سەیری یاری تۆپی پێ دەكەم، چونكە لە خانەوادەكەی من دوو یاریزانی هەڵبژاردەی مەغریب هەبووە یەكیان مستەفا حەجی بوو كە وازی لە یاریكردن هێناوە لەگەڵ یوسف حەجی كە ئێستاش بەردەوامە و یەكێكە لە یاریزانە باشەكان.