نەوال ئەلزوغبی: لەیەک کاتدا خۆشەویستی و هێز و رق لەناخی ئافرەتدا هەیە
نەوال سەبارەت بە بوونی هیوا و گرنگی لە ژیانی مرۆڤدا دەڵێ: هیوا سەرەتای ژیانێکی نوێیە، کاتێک خۆمان بە هیواوە بژیین هەست دەکەی تۆ لە نوێ بوونەوەی بەردەوامدای و لە شوێنێکی دیاریکراو ناوەستی، بەپێچەوانەوە ژیانت هەمیشە لە هەڵکشاندا دەبێت، سەبارەت بە خۆم، هەمیشە هەست بە بوونی هیوا دەکەم لە ژیانی خۆمدا، لای من ژیان لە رووداوێک یان وێستگەیەک ناوەستێت، بەڵکو هەردەم لە پێشکەوتن و نوێبوونەوەدایە.
نەوال یەکێکە لەو هونەرمەندانەی سەرسەختانە بەرگری لە ئافرەتان دەکات لەم رووەوە دەڵێ: کەسایەتی ئافرەت پڕە لە شتی هاودژی یەکدی کە لەو کەسایەتییەدا خۆیان دەبیننەوە وەک بە هێزی و لاوازەی خۆشەویستی و رق، نەرم و نیانی و دڵرەقی، ئافرەت وەک تەرازوو وایە بۆیە لە کۆمەڵگادا خاوەن قسەی یەکلاکەرەوەیە بەم پێیەش پای تەرازوو بۆ لای خۆی دەبات ئەگەر زیرەک و دانا بێت، بەڵام ئەگەر دانا نەبێت، ئەوا دەبێ هەر بڵێین خوای گەورە بیپارێزێت، چونکە بە گشتی تەرازووە لە ژیانی کۆمەڵگادا وەک دایک یان هاوسەر یان خوشک. من بە هیچ شێوەیەک دژی ئەوە نیم کە ئافرەت نیوەی کۆمەڵە، بەڵام من لەگەڵ حەقدام و واقعیم، پیاو نیوە کۆمەڵە ئافرەتیش نیوە وهەندێک زیاتر بە جۆرێک کە دەتوانێت بەشێک لە سیفات و تایبەتمەندییەکانی پیاو ببات، کەسێکی ئەکتیڤە لە کۆمەڵگادا بەتایبەتی کە لە یەک کاتدا رۆڵی پیاو و ئافرەت ببینێت، بەڵام مەرج نییە هێز لە پیاو ببات دەتوانێت بەرپرسیار و دانا بێت، لە بەرامبەردا پیاو ناتوانێت هیچ شتێک لە ئافرەت بۆ خۆی ببات.
سەبارەت کۆبوونەوەی پیاو و ئافرەت لە یەک کەسایەتیدا وەک ئەوەی ئافرەت رۆڵی دایک و باوک ببینێت لە یەک کاتدا نەوال دەڵێ: بێگومان ئەگەر پیاو و ئافرەت لە کەسایەتی ئافرەتدا کۆببنەوە ئەوا زۆر بەهێزتر دەبێت، چونکە ئەو کە پشت بە خۆی ببەستێت و خاوەنە خێزانێک بێت و لە هەمانکاتدا پشت و پەنای خانەوادەکەی بێت، زۆر بەهێزتر دەبێت ئەگەر هەردوو رۆڵەکە ببینێت، بەرگەی لێدانەکان و فشارەکان دەگرێت و لێرەوە من باسی ئەزموونێکی تایبەتی خۆم دەکەم، ئەمەش بە مانای یاخیبوون لە رابردوو نایەت، بەڵکو زیاتر مەبەستم کەڵەکەبوونی ئەزموون و پێگەیشتنە، رابردوو قۆناغێک بوو پێویستە سوودی لێ وەربگرین نەک بە ئاسانی بەسەرماندا تێپەڕێت و درک بە کاریگەرییەکانی نەکەین.
ئێستا سۆشیال میدیا بۆتە بەشێکی گرنگ لە ژیانی هونەرمەند و ئەستێرە ناسراوەکان لەم بارەیەوە رای نەوال تا راددەیەک جیاوازە و دەڵێ: من تەنیا گوێم لەو ژمارانە دەبێت کە سەبارەت بە سەردانیکردنی خەڵک بۆ یوتیوب و ژمارەی بینینی بەرهەمەکانیان لای جەماوەر، هونەرمەندی راستەقینە ئەوەیە کە جەماوەرەکەی دوای بکەوێت و گوێ لە گۆرانییەکانی بگرێت و داوای ئەنجامدانی ئاهەنگ و کۆنسێرتی لێ بکات نەک پشت بە ژمارەکانی یوتیوب ببەستێت، چونکە ئەگەر ژمارەی بینەرانی هەندێک لە هونەرمەندان لە یوتیوب گەیشتۆتە بیست ملیۆن کەس لە کاتێکدا من باش نایناسم، بێگومان بەشی زۆری ئەو ژمارانە راست نین، سۆشیال میدیا ئەستێرە لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا درووست دەکات کە نابێتە ئەستێرەیەکی رەها و لەگەڵ دەرکەوتنی ئەستێرەیەکی دیکە ئیدی مۆمی ئەویان دەکوژێتەوە و کەس لە بیری نامینێت. بەڵام من بە یەکجاری سۆشیال میدیا پشتگوێ ناخەم و رۆژانەی سەدا چلی کاتی خۆمی بۆ تەرخان دەکەم، چونکە زۆر گرنگە بۆ بەردەوامی پەیوەندیی هونەرمەند بە دەوروبەرییەوە و زۆر وێنەیەک یان هەواڵێک یان تویت وبیرۆکەیەک بڵاو دەکەمەوە، هەروەها لەرووی ریکلامیش سوودی بۆ هونەرمەند هەیە.
نەوال باس لەوە دەکات کە لە سەردەمێک دژایەتیی کراوە تەنیا لەبەر ئەوەی کە ئافرەت بووە، بەڵام ئەو گوێی پێنەداوە و لەم بارەوە دەڵێ: لە کاتێکی زوودا بەر لەوەی بێمە ناو جیهانی هونەرەوە رکابەرایەتییەکی زۆری من کراوە، چونکە متمانەیان بە هێزی من نەبوو وەک ئافرەتێک و هەمیشە پشتیان بە بیرۆکەیەکی هەڵە بەستبوو دەربارەی هاوکێشەی تەڵاق و منداڵ، بەڵام بە تێپەڕ بوونی کات توانیم بیسەلمێنم کە من دەتوانم ئەم کارە ئەنجام بدەم، بۆیە ئێستا بە پێچەوانەوە شانازیم پێوە دەکەن و لە هەمان کاتدا هاوسۆزن لەگەڵ هەر ئافرەتێک کە داوای تەڵاق و جیابوونەوە دەکات، من خۆیشم هەست دەکەم زۆر ئاسوودەم و بە هیچ شێوەیەک هەست بە تەنیایی ناکەم زۆر خۆشحاڵم بەوەی کە منداڵ و بەڕێوەبەری کاری سەرکەوتووم هەیە و لەوە زیاتر هیچی ترم ناوێت.
سەبارەت بە رابردووی ناخۆشی خۆی نەوال دەڵێ: بێگومان لە ماوەی رابردوو بە چەند ساتێکی زۆر ناخۆش و سەختدا تێپەڕیم و رووبەرووی گرفتی زۆر بوومەوە، بەڵام ئەگەر وەک چیایەک خۆراگر نەبوومایە ئەوا هەر لە سەرەتای درووستبوونی گرفتەکان کۆڵم دەدا و سەرکەوتوو نەدەبووم، هەموو دنیا دژی من بوو، سەرەڕای ئەمەش من بە سەرکەوتوویی ئەو قۆناغەم تێپەڕ کرد و دەرگایەکی نوێم لە ژیانی خۆم کردەوە، بەتایبەتی لە بواری هونەریدا چەندین کاری نوێم پێشکەش کرد کە تا ئێستاش دەنگدانەوەیەکی زۆر باشی هەبووە و بەردەوامە.
سەبارەت بە نواندنیش دەڵێ: من بە هیچ شێوەیەک خۆم لەو بوارەدا نابینمەوە،چونکە کات و ئەرکێکی زۆری پێویستە، راستە من بۆ چەند خولەکێک لە کلیپەکاندا ئەکتەری دەکەم، بەڵام ئەمە نابێتە ئەوەی خۆم بە ئەکتەر بزانم، چونکە ئەکتەر کار و خوێندنی زۆری دەوێت و ترسم لەوە هەیە سەرکەوتوو نەبم بۆیە بیریش لە ئەکتەری ناکەمەوە.