سیلینا ماریازادە: هیوادارم بتوانم لە كوردستاندا بەشداری كارێكی سینەمایی بكەم
* بەر لە چەند ساڵ وەك شاجوانێك بە ناوی كوردستانەوە لە دەرەوە دەركەوتی، ئێستا لە بواری شاجوانی بە چی گەیشتووی چی نوێت هەیە؟
- لەبەر ئەوەی لە كوردستان و لە ئەوروپاش ریكلامێكی زۆرم نەكرد و وەكو پێویست لە میدیاكانیش دەرنەكەوتم بۆیە لە كوردستان زۆر ئاشنایەتیم نەبوو لەگەڵ خەڵك و كەسیش هاوكاری نەكردووم و ئەو كارانەی تا ئێستاش ئەنجاممداون لەسەر ئەركی خۆم كارم بۆی كردووە.
* بیستوومانە سەرقاڵی كاری ئەكتەریی،ئایا لە شانۆ یان سینەما یا دراما؟
- دیارە من ئێستا لە هەندەران ژیان بەسەر دەبەم و وێڕای سەرقاڵی بوونم بە ژیانی رۆژانە خەریكی نواندنیشم و بەم دواییە بەشداریم لە دوو كاردا كردووە یەكیان كوردی و ئەویتریان نەرویژییە، بەڵام لە دڵەوە حەز دەكەم بچم بۆ ئەمریكا و لەوێ وانەی پێویست لە بواری نواندن بخوێنم بۆ ئەم مەبەستەش ئێستا خەریكم كار دەكەم بۆ ئەوەی خەونەكەم بێتە دی و بچم لە ئەمریكا وانەی تایبەت بە نواندن بخوێنم و پەرە بە تواناكانی خۆم بدەم لەو بوارەوە و لەو رێگایەوە یارمەتی ئەو كەسانە بدەم كە پێویستیان بە یارمەتییە بەتایبەتی منداڵەكان.
* مۆدێل و نواندن پەیوەندییەكی زۆریان بە یەكەوە هەیە، ئایا ئەمە زیاتر هاندەرت بوو یاخود وەكو حەزێك بووە لە لات؟
- پێش هەموو شت من بڕوایەكی تەواوم بە خۆم و تواناكانم هەیە بۆ ئەوەی سەركەوتوو بم لەو بوارە، پێشتر ئەزموونیشم هەبووە لە كورتە فیلمدا، بەشێوەیەكی گشتی حەز لە نواندن دەكەم و بەتایبەتی زنجیرە دراماكان، چونكە زۆرترین جەماوەر دەتوانێت بیبێت لە هەمان كاتدا بەشداری كردن لە سینەماش یەكێكە لە ئاواتەكانم، بەڵام وەك هاندان یان پاڵپشتی كردن كەسێكی دیاریكراو نەبووە كە هانم بدات بۆ نواندن، پێموایە لە چەند ساڵێكی نزیكدا من دەتوانم بە ئاواتی خۆم بگەم ئەویش ئەوەیە ببم بە ئەكتەر و لە رێگای كاری ئەكتەرییەوە خزمەت بە گەلەكەم بكەم.
*لە كام بوار زیاتر سەركەوتوو دەبی؟
- من خولیای هونەر و نمایشكاریی جلوبەرگم ئەمانەش پێوەندییەكی راستەوخۆیان بە شاجوانییەوە هەیە، بەڵام پێشبڕكێی شاجوانی چەند رێنماییەكی تایبەتی هەیە پێویستە جێبەجێ بكرێن.
*كە رووت لە بواری نواندن كرد ئایا چ زانیارییەكت دەربارەی هونەری نواندن بە گشتی هەبوو؟
-من هەر لە منداڵییەوە زۆر سەیری فیلمی هیندیم دەكرد و زۆر سەرسام بووم بەو گۆرانی و سەمایانەی كە لەو فیلمانەدا پێشكەش دەكرا، كاتێك گەورە بووم بە كامیرایەكی تایبەتی خۆم زۆربەی كاتەكانم بە وێنەگرتن بەسەر دەبرد و هەر لەوێشەوە ئاشنایەتیم لەگەڵ نمایشی جلوبەرگ و مۆدێل پەیدا كرد و تا راددەیەك حەزم دەكرد ببم بە مۆدێل، بەڵام حەزی گەورەم ئەوە بوو كە ببەم بە ئەكتەر.
*ئەی سەبارەت بە هونەری كوردی و بەتایبەتی نواندن هەیە؟
-زۆر زۆر حەز دەكەم لە كوردستان بەشداری لە فیلمێكدا بكەم، بەڵام ئەوەی راستی بێت بەهۆی بارودۆخی خۆم و دووركەوتنەوەم لە كوردستان ئەو دەرفەتەم نەبووە كە سەیری فیلمە كوردییەكان بكەم وەكو پێویست تاكو ئاشنایەتیم بەو فیلمانە هەبێت، بەر لە چەند ساڵێك بەردەوام سەیری كەناڵە كوردییەكانم دەكرد لەگەڵ هەندێك فیلمی كۆمیدی كوردی، بەڵام نەگەیشتە ئەو ئاستەی كە ئاشنایەتیم لەگەڵ هونەری كوردی هەبێت.
*ئایا هیچ پەیوەندییەكت لەگەڵ ئەكتەرانی كورد هەیە لە هەموو پارچەكانی كوردستان؟
-بە هۆی ئەوەی من ئاشنایەتیم لەگەڵ هونەری كوردی كەمە، هەروەها كاری كوردیش خۆی كەمە بەتایبەتی لە بواری زنجیرە دراماكان، بەو هۆیەش پەیوەندیم لەگەڵ ئەكتەرانی كوردستانیش زۆر كەمە، لە دڵەوە حەز دەکەم ئێمەی كوردیش بتوانین وەك وڵاتان زنجیرە درامای ئاست بەرز و درێژ بەرهەم بهێنین، چونكە تواناكانمان زۆر لە هەموو روویەكەوە.
*واتە لەمەودوا تەنیا بۆ كاری نواندن هەوڵ دەدەی؟
-نەخێر لە بواری شاجوانیش دانەبڕاوم و بە نیازم بەم نزیكانە بەشداری لە پێشبڕكێی شاجوانیدا بكەمەوە لە وڵاتی هیندستان، بەڵام پێویستم بە سپۆنسەرە و تا ئێستا هیچ كەس و لایەنێك نییە كە سپۆنسەریم بكات، تا ئێستا لە هیچ لایەنێك و هیچ كەسێك هاوكاری ماددی منیان نەكردووە بۆ بەشداری كردن لەو پێشبڕكیانە، بەڵكو هەموو خەرجییەكانی لە ئەستۆی خۆم بووە بۆیە ناچار بووم كار بكەم تاكو بتوانم بەردەوام بم، هەرچەندە بەشداری كردنەكەشم بە ناوی كوردەوە بووە.