سەرەڕای قەیرانی ئابووری شانۆكارانی كوردستان رۆژی جیهانیی شانۆیان بەرز راگرت
لەم یادەدا شانۆكاران ئاماژەیان بەوە كرد ئێش و ئازاری شانۆكارانی كوردستان چەندین ساڵە وەك خۆی ماوەتەوە و بەردەوام گلەیی و گازاندەی ئەوە دەكەن كە بۆچی وەك پێویست شانۆ پشتگوێخراوە و بزاڤی شانۆیی لە كوردستان لە خولگەیەك دەخولێتەوە و سەرەڕای بەردەوامی نمایشی شانۆیی لێرە و لەوێ، بەڵام تینوویەتی عاشقانی شانۆ تێر ناكات و شانۆكاران زیاتر لەوەی ئێستا هەیە ناتوانن چیتر پێشكەش بكەن تەنانەت ئەوەی ئێستاش هەیە بەشێكی زۆری خۆبەخشانە ئەنجام دەدرێت و لە روانگەی خۆشەویستی و عەشقیانە بۆ شانۆ ئەگینا زۆر لە توانای خۆیان زیاترە
دەستپێكی كار و چالاكییەكانی رۆژی جیهانی شانۆ، كە هەموو ساڵێك لە 27/3 دەكرێتەوە و بە جەژنی هونەرمەندانی شانۆ ناسراوە، هەروەها بە دایكی هونەر دێت، سەرەتای چالاكییەكان لە بەڕێوەبەرایەتی هونەری شانۆ دەستی پێكرد و لەم رووەوە
هیوا سوعاد، بەڕێوەبەری هونەری شانۆی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیریی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە هاوكات سەرپەرشتی فیستیڤاڵی رۆژی شانۆی جیهانی دەكات رایگەیاند: ”ئێمە لەم قەیرانەشدا پێشمەرگەئاسا چالاكیمان هەبووە و نەوەستاوین، خۆشبەختانە چالاكییەكانمان لەمساڵ و ساڵی رابردوودا لە هەموو بۆنە و یادەكان بەردەوام بووە و نمایشمان هەبووە، هەرچەندە قەیران و بارودۆخی هەرێمی كوردستان كاریگەری هەبووە، بەڵام هونەرمەندان لە سنووری پارێزگای هەولێر لە كارە هونەرییەكانیان بەردەوام بوون.
یادكردنەوەی تەها ئاغاجان
مایخان ئەو نازناوە هونەرییە بەرچاوە بوو، كە ساڵانێكی زۆر بوو لە نێو دراما و شانۆی كوردی دا دەدرەوشایەوە، بەتایبەت لە سەرەتای حەفتاكان، كاتێك كە شێوەزاری خانەقینی لە نێو هونەری كوردی دا كردە زمانێك بۆ خەڵكی شارەكەی، (مەیخان) نازناوی (تەها ئاغا جان) بوو، كە بەر لە 40 رۆژ بەبێدەنگی كاروانی هونەری جێهێشت و زۆر بە كەساسی ماڵئاوایی لە هونەر و شانۆ كرد، لەو یادەدا فیلمێكی دیكۆمێنتاری بە هاوكاری (سەلام باپیر) بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی شانۆ ئامادە كرابوو هاتە نمایش كردن، كە تیایدا باسی لەو ئەزموونە گەورەیەی هونەرمەندی كۆچكردوو دەكرد، لەو فیلمە دیكۆمێنتارییەدا هاوڕێكانی هونەرمەند تەنیا باسیان لە هونەری ئەودا نەدەكرد بەڵكو خۆ رەوشتی ئەو هونەرمەندەیان خستبووە پێشەوەی كارە هونەرییەكانی.
لە بەردەوامی كار و چالاكیەكاندا، ئەوەی جێگەی دڵخۆشی هونەرمەندان بوو هەواڵی راگەیاندنی پەیكەرەكەی هونەرمەندی بە ئەزموون (خەلیل یابە كەریم) بوو، كە نزیكەی نیو سەدەیە لە بواری شانۆدا كار دەكات و خزمەتێكی بەرچاوی پێشكەش كردووە، بەتایبەت لە سەردەمی زێڕینی شانۆدا، هەروەها ئێستایش بەردەوامە و لەو بوارەدا هەمیشە وەك گەنجێكی عاشق دڵداری لەگەڵ بەرهەمەكانی خۆیدا دەكات، لەم بارەوە هونەرمەند و وەرزشوانی دێرینی كوردستان و شاری هەولێر خەلیل یابە وێڕای خۆشحاڵیی خۆی لەم باریەوە لە هەمان كاتدا نیگەرانی و دڵگرانی خۆیشی نەشاردەوە و لەم بارەوە رایگەیاند: سەرەڕای بەختەوەریی خۆی بەو دەستپێشخەرییەی (بەكر خالید)ی بەڕێوەبەری پەیمانگای هونەرە جوانەكان، بەڵام جارێكی تر نیگەرانە لەوەی كە نەتوانرا ئەو پەیكەرە لە شوێنێكی گشتی یاخود شەقامێكی گشتی پایتەخت دابنرێت، بەڵكو لە نێو پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێر پەردەی لەسەر لادرا، ئەمەیش گوناهێكی گەورەیە كە لەگەڵ من و هونەرمەندانی تر دەكرێت، چونكە ئەوان تەنیا بڕوایان وایە ئەگەر هونەرمەند بمرێت دەبێت پەیكەری بۆ بكرێت، پێیان رەوا نییە تا لە ژیانە رێزی لێبگیرێت و پەیكەرێكی شایستە بە خزمەتی ئەودا بكرێت و هەمیشەش هەوڵدراوە زیندوو كوژی مردوو پەرست بن.
هونەرمەند (فەرهەنگ غەفوور) ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە لەو رۆژەدا پەیام بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان دەنێرین و پێیان دەڵێن ئەوە ئێوەن پارێزگاری لە خاك و مانەوەی هونەری ئێمەدا دەكەن، ئێمەیش وەك وەزارەتی رۆشنبیری دەبێت كەشێكی لە بار بۆ هونەرمەندانی شانۆ فەراهم بكەین بۆ ئەوەی بتوانن لە بەرهەمە جوانەكانیان بەردەوام بن و ئێمەش بتوانین ژیانێكی ئاسوودە بۆ شانۆكاران فەراهەم بكەین، چونكە ئەوان هەمیشە پێشمەرگەی نێو شارن و ساڵانی رابردووی شانۆن شایتحاڵی كارەكانی ئەوانن.
عەلی ئەحمەد وەك هونەرمەندێكی بەئەزموونەو نزیكەی نیو سەدەیە لەو بوارەدا خزمەت دەكات و دەڵێت: پێموایە دەبێت هەمیشە ئاخ بۆ سەردەمی زێڕینی شانۆ هەڵكێشین، بە بڕوای من هیچ كات ناتوانرێت ئەو سەردەمە زێڕینە بۆ شانۆ بگەڕێتەوە كە بینەری شانۆ دەرگای هۆڵەكانی دەشكاند بۆ ئەوەی بەرهەمەكانی ئێمە ببینێت، كە زۆرجار نمایشەكان پەیامێكی سیاسی بوون بۆ شاخ و پێشمەرگە و گەیاندنی رۆڵی پێشمەرگە بوو بۆ ئازادی كوردستان، بەڵام ئەوەی خۆشحاڵمان دەكات ئەوەیە كە هونەرمەندان سڵ ناكەنەوە لە بەرهەمی جوان و قەیران ناكەن بە پاساو بۆ وەستان لەو بوارە هیوادارم بتوانین لە ساڵانی داهاتوودا بتوانین فیستیڤاڵێكی شانۆیی سەرتاسەری ئەنجام بدەین و تێیدا هونەری خۆمان بە جیهان بناسێنین و هونەری جیهانیش بە خۆمانی بناسێنین .
هیوا سوعاد بەڕێوەبەری هونەری شانۆی هەولێر، هاوكات سەرۆكی سەندیكای هونەرمەندان لقی هەولێر دەڵێت: لە 27/3ـدا تەنیا ئاهەنگ ناگێڕین بۆ بەرز راگرتنی یادەكە، بەڵكو لەو رۆژەدا نەخشە رێگەیەكی نوێ دادەڕێژینەوە بۆ ساڵی نوێ و بەرهەم و پڕۆژەی دیكە لەدایك دەبن، ئەمەیش خۆی لە خۆیدا نوێبوونەوەی شانۆیە لە هەولێر و هەموو ساڵێكیش دەیان بەرهەمی نوێ لە بەڕێوەبەرایەتیەكەماندا پێشكەش دەكەین.
خاتوو دڵسۆز ماوەتی یەكێك لەو هونەرمەندە دیار و بەرچاوانەی شانۆ و دراما و سینەمایە و بە گەشبینیەكی زۆرەوە دەڵێت: لەو رۆژەدا نێرگزی خۆشەویستی خۆمان پێشكەش دەكەین بەو خەڵكە هونەردۆستەی كوردستان كە هەمیشە تامەزرۆیی بەرهەمەكانی ئێمەیە، دڵنیام لەوەی كە ئەمساڵ دەبێتە ساڵی گەشانەوەی شانۆی كوردی و لەدایكبوونی چەندین بەرهەمی بەپێز، هەروەها سڵاو دەنێرم بۆ رۆحی سپی تەها ئاغا جان، كە 40 رۆژ لەمەوبەر بە بێدەنگی خواحافیزی لێكردین و بەبێدەنگی سەری نایەوە و ئێستایش شوێنی ئەو لەو یادەدا خاڵییە.