كازم ئەلساهر ئاهەنگەكانی كەم دەكاتەوە

كازم ئەلساهر ئاهەنگەكانی كەم دەكاتەوە
هونەرمەندی ناسراوی عێراقی كازم ئەلساهر لە ساڵی 2016 ژمارەیەكی پێوانەیی تۆمار لەو ئاهەنگانەی كە سازی كردبوو و بەشداری لە دەیان فیستیڤاڵی جۆراوجۆر كردبوو لە چەندین وڵاتانی عەرەبی، بەڵام بۆ ئەم ساڵ بڕیاریداوە كار و چالاكییە هونەرییەكانی كەم بكاتەوە بەتایبەتی كۆنسێرتەكانی.
تەنیا لە یەك مانگی ساڵی رابردوودا قەیسەری گۆرانی عەرەبی حەوت كۆنسێرتی جیهانی ساز كردبوو، كازم بڕیاری كەم كردنەوەی ژمارەی ئاهەنگەكانی بۆ چەند هۆكارێك گەڕاندەوە لەوانە: ترسی لەوەی كە زۆربوونی ئاهەنگەكانی كاریگەریی نێگەتیڤی هەبێت لەسەر ئاستی هونەریی و ببێتە هۆكارێك كە جەماوەر وەك جاران تامەزرۆی دەركەوتنی و كارە هونەرییەكانی نەبێت، هەروەها هەست كردنی بە ماندووبوونی و پێویستیی بە حەسانەوە دوای یەك ساڵ كە پڕ بوو لە گەشت و گەڕان بە هۆی زۆری ئاهەنگەكان و پێویستی بە پێداچوونەوەی كارەكانی، هەروەها بە هۆی پابەند بوونی بە بەرنامەی (زە فۆیس) كە بڕیار وایە لە ماوەی داهاتوودا وەرزی نوێ دەستپێبكات.
هەر لەم بارەیەوە ساهر رایگەیاند: منیش وەك هەموو كەسێك پێویستم بەوەیە ژیانی ئاسایی خۆم بژیم و پشوویەك بە خۆم ببەخشم و دواتریش خۆم بۆ كار و بەرهەمی نوێ ئامادە دەكەم.
Top