ئەنجلینا بە فیلمێك باس لە كۆمەڵكوژی كەمبۆدیا دەكات
دوایین فیلمی ئەنجلینا بە ناوی (یەكەم جار باوكمیان كوشت)ە، ئەم فیلمە باس لە چیرۆكێكی راستەقینە دەكات كە لە سەروبەندی دەسەڵاتی رژێمی (خەمیرە سوورەكان) روویداوە و بریتییە لە ئەنجامدانی كۆمەڵكوژییەك بە شێوەیەكی ئاشكرا و بە ئامادەبوونی دەیان منداڵی ئەو وڵاتە، لە بارەی فیلمەكە ئەنجلینا دەڵێ: من دەرهێنانی ئەم فیلمەم كردووە كە تایبەتە بە خەڵكی كەمبۆدیا خۆیان و هیوادارم یارمەتییان بدات بۆ ئەوەی بە ئازادی باس لە رووداوە خوێناوییەكانی ئەو سەردەمە بكەن كە بووە هۆی كوشتنی دوو ملیۆن كەس.
ئەنجلینان كە نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكانە بۆ كاروباری پەنابەران و بەم دواییە لە براد بێت جیابۆوە، یەكەم جار لە ساڵی 2001 سەردانی كەمبۆدیا كرد بۆ وێنەگرتنی فیلمی (لارا كرۆفت- هێرش كردنە سەر گۆڕەكان) دوای ئەم فیلمە لە كەمبۆدیا یەكەم منداڵی تەبەننی كرد بە ناوی (مادۆكس)، لەم بارەوە ئەنجلینا دەڵێ: بەر لە شازدە ساڵ بۆ یەكەم جار سەردانی ئەو وڵاتەم كرد، گەلەكەیم خۆشویست و زانیاریم دەربارەی مێژووەكەی پەیدا كرد و ئەو كات بۆم دەركەوتن كە زانیارییەكانم دەربارەی جیهان بە گشتی چەند سنووردارن، ئەم وڵاتە بۆ من وەك رابوونێك وایە، تا هەتایە خۆم بە قەرزاری دەزانم و پێموا نییە بتوانم ئەو قەرزە بدەمەوە.
چیرۆكی فیلمی ( یەكەم جار باوكمیان كوشت) لە كتێبێكی نووسەری ناسراوی كەمبۆدی لۆنگ ئۆنگ وەرگیراوە كە بە هەمان ناوە، ئۆنگ تەمەنی پێنج ساڵ بوو كاتێك لەگەڵ خانەوادەكەی ناچار كران ماڵی خۆیان لە بنۆم بنەی پایتەختی كەمبۆدیا جێبهێڵن بە هۆی سیاسەتەكانی خەمیرە سوورەكانەوە كە لە ساڵانی 1975 تاوەكو 1979 دەسەڵاتی ئەو وڵاتەیان گرتە دەست لەژێر سەركردایەتی پۆل پۆت و بە گوێرەی سەرچاوەكان وا مەزەندە دەكرێت لە كاتی دەسەڵاتی پۆل پۆتدا نزیكەی دوو ملیۆن كەس بوونە قوربانی كە دەكاتە 25%ی كۆی دانیشتووانی ئەو وڵاتە لەو كاتەدا.
یەكەم نمایشی ئەم فیلمە لە پەرستگای (ئەنگكۆر وات) بوو لە ناوچەی سیم ریب كە هەمان شوێنی وێنەگرتنی یەكەم فیلمی ئەنجلینایە لە كەمبۆدیا، نۆردۆم سیهانۆمی پاشای كەمبۆدیا و ئەنجلینا و شەش منداڵەكەی ئامادەی یەكەم نمایش بوون، بەم بۆنەوە ئەنجلینا وتی: بینیمان كە ئێمە چۆن وەك پێویست لەو جەنگە نەگەیشتووین كە بەر لە 40 ساڵ روویدا و ئەو خەڵكە چییان بەسەر هات، هیوادارم ئەمە یارمەتی ئەو وڵاتە بدات بۆ ئەوەی زیاتر قسە بكەن، چونكە زۆر لە رزگاربووەكان ئەم چیرۆكانەیان بۆ منداڵەكانیان باس نەكردووە.
نمایش كردنی ئەم فیلمە یەكەم دەركەوتنی ئەنجلینایە دوای جیابوونەوەی لەگەڵ براد بێت بە هۆی چەند گرفتێكەوە كە پێیوایە چارەسەریان نییە، سەبارەت بەم بابەتەش ئەنجلینا گوتی: ئەمە كارێكی زۆر سەختە، چونكە زۆر كەس خۆیان لەو بارودۆخەدا بینیوە، گشت ئەندامانی خانەوادەكەم ئەم بارودۆخە سەختەیان بینی، بەڵام من ئێستا تەنیا گرنگی بە پەروەردە كردنی منداڵەكانمان دەدەم كە بە لای منەوە لە هەموو شتێك گرنگترە، ئێمە خانەوادەیەكین و تا هەتایەش بەو شێوەیە دەمێنینەوە، من ئێستا لەو بارودۆخە راهاتووم و هەوڵ دەدەم شێوازێك بدۆزمەوە كە بۆم بسەلمێنێت ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی بەهێزتر بین.
لە لایەكی دیكەوە لە وتارێكیدا بۆ رۆژنامەی نیۆیۆرك تایمز سەبارەت بە بڕیاری سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بە نەدانی ڤیزا بە هاووڵاتیانی چەند وڵاتێك بۆ سەردانی ئەمریكا،ئەنجلینا داوای كرد ئەمریكا ئەو بڕیارانە بدات كە پشت ئەستوورن بە واقیع نەك بڕیارێك لە ئەنجامی ترسەوە بدرێت، چونكە گەلی ئەمریكا لە هەموو سەرۆكێك گەورەترە، پێموایە من بڕوام بە وڵاتەكەم و ئەو بنەما و بەهایانەی لەسەری دامەزراوە و بە شانازییەوە پێوەی پابەند دەبین، جۆلی هەر لەو بوارەوە زیاتر وتی: پێموایە زۆر لەو شتانەی كە گوێمان لێی دەبێت یان هەستی پێدەكەین لە روانگەی هەست كردن بە ترس یان رق و كینە یان بەپێی نەژادەوە دەدرێت یاخود وەك كەسانی نا ئەمریكی هەژمار دەكرێن.
بە هەمان شێوە لە كاتی نمایشكردنی فیلمەكەش باسی ئازادی تاكەكانی كرد و وتی: ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە ئەوەیە لەو كاتانەدا كەسانێك دەبینین لە سەرتاسەری جیهان باس لە ئازادی مەدەنی و ماف و ئەوەی هەستی پێدەكرێت دەكەن، لە ئەمریكا ئێستا گوێمان لێدەبێت خەڵكانێك بە ئاشكرا دەڵێن: ئەمە ئەمریكی نییە،سەبارەت بە خودی خۆمئەمە كارێكی نادەستووریە ئەمەش هەستی منە سەبارەت بەو جۆرە بڕیارانە.