لیمۆ هەورامی: هونەر پێویستە لە شوێنی راستەقینەی خۆیدا بێت
لیمۆ هەورامی دەربارەی بەرهەمەكانی و دەستپێكردنی كاری هونەری دەڵێ:
-ئێستا خاوەنی زیاتر لە 10 كلیپم كە دوایینیان گۆرانییەكی تایبەت بوو بە منداڵان هەوڵ دەدەم هەموو گۆرانییەكانم كۆ بكەمەوە بۆ ئەوەی وەك سیدییەك بڵاوی بكەمەوە، من چەندین ساڵە لە تاراوگە دەژیم و كاری هونەریش لە دەرەوە زۆر سەختە و ئەرك و ماندووبوونێكی زۆری دەوێ ئەمەش گرفتی زۆری بۆ درووستكردووم. هەر لە منداڵییەوە حەزم لە گۆرانی و موزیك بوو لەبەر چەند هۆكارێكی تایبەت نەمتوانی زوو دەست بەكاری هونەری بكەم، ئاستەنگەكانی ژیان رێگر بوون لەوەی لە تەمەنێكی زوودا بێمە نێو جیهانی گۆرانی و خزمەت بە هونەری هەورامان بكەم و لەو رێگایەشەوە خزمەت بە هونەری كوردی بكەم دەست بە گۆرانی وتن بكەم.
دەربارەی خۆشەویستیی بۆ هونەر لیمۆ دەڵێ: وەك باسم كرد هەر لە منداڵییەوە ئارەزووی گۆرانی وتنم هەبوو زۆریش هەوڵمدا، بەڵام ئاستەنگەكانی ژیان زۆر لە من گەورەتر بوون، سەرەڕای ئەوەش كۆڵم نەدا و لە هەوڵەكانم بەردەوام بووم و دەستم بە كاری هونەری كرد، هەرچەندە دركم بەوە دەكرد كە ئاستەنگەكانی بەردەمم زۆرن لە رووی ماددی و مەعنەوییەوە، چونكە تەنیا پەیدا كردنی بژێوی ژیان لە غەریبیدا كارێكی سەختە بەتایبەتی بۆ ئافرەتان، چ جای تۆ بچی و كاری هونەری بكەی و لە بەرامبەریشدا هیچ وەرنەگری ئەگەر تەنیا دەستخۆشییەك و بەس لە كاتێكدا هونەر ماندووبوون و خەرجی زۆری دەوێ، بۆ نموونە بۆ تۆمار كردنی تەنیا كلیپێك پێویستە بچم بۆ ئەوروپا یان بێم بۆ كوردستان، لە كاتی بڵاوكردنەوەی كلیپەكەش كەسێك نەك قازانج بەڵكو پارەی كلیپەكەشت بۆ ناگەڕێننەوە تەنانە رەنگە كلیپەكەشت پەخش نەكەن، بەڵام خۆشەویستیم بۆ هونەر وام لێدەكات تا ئەو كاتەی هێز لە لەشمدا هەبێت و بتوانم ئەوا بەردەوام دەبم.
هونەری ناوچەی هەورامان تایبەتمەندی خۆی هەیە، بەڵام ئێستا كەسانێك دەڵێن ئەو هونەرە شێوێنراوە و بە شێوەیەكی ناگونجا دەستكاری كراوە، لەو بارەوە خاتوو لیمۆ دەڵێ:
- هەر ناوچەیەك تایبەتمەندێتی خۆی هەیە بۆ ئەوەی هونەر لەسەر فەرهەنگ و كەلتوور و شێوازی خۆیدا بمینێتێەوە، پێویستە لە شوێنی راستەقینەی خۆیدا بێت، ناوچەی هەورامانیش هونەری تایبەتمەندی خۆی هەیە، بە هەمان شێوەی ناوچەكانی دیكەی كوردستان كەوتۆتە ژێر كاریگەری هونەر و كەلتووری دەرەكی، لە هەمان كاتدا كەسانێك هەن بوونەتە شێواندنی هونەری رەسەنی هەورامان، موزیك یەكێكە لە هۆكارەكانی ئەم شێواندنە، چونكە زۆربەی گۆرانییە هەورامییەكان لەسەر بەیات دەوترێن و زۆر بە كەمی شێوازەكەی دەگۆڕن، كەچی ئێستا هاتوون شێوازی دیكەی لەگەڵ تێكەڵ دەكەن و من بۆ خۆم ئەم كارەم كردووە و پێویستە سەرەتا رەخنە لە خۆم بگرم، پێویستە تێكستی گۆرانییە هەورامییەكان تەواو هەورامی بێت نەك تێكەڵ.
سەبارەت بە بوونی ئافرەت لە نێو هونەرمەندانی دەڤەری هەورامان لیمۆ دەڵێ: هەرچەندە من هەورامیم و قوڕگی من زیاتر بۆ گۆرانی هەورامی باشترە لە سۆرانی، بەڵام بە زاراوەكانی تریش گۆرانیم وتووە بەتایبەتی، بەڵام لەبەر ئەوەی لە نێو هەوراماندا ئافرەتانی هونەرمەند ژمارەیان وەكو پێویست نییە، بۆیە زۆر جار هەورامییەكان داوام لێدەكەن تەنیا بە زاراوەی هەورامی گۆرانی بڵێم. دیارە زۆر كچی دەنگخۆش لە هەوراماندا هەن، بەڵام هۆكاری كۆمەڵایەتی و نەبوونی ناوەندی ئەكادیمی لەو دەرڤەرە رێگر و بەربەست لەبەردەم دەركەوتنی كچانی هونەرمەند لە دەڤەرەكە وای كردووە كچ لە دەڤەری هەورامان كەمتر دەربكەوێت، بۆیە من داوا لەو كچە هەورامییانە دەكەم كە دەنگیان خۆشە با بێنە نێو بواری هونەری و هەمیشە خۆیان بە دابونەریتەوە نەبەستنەوە.