هونەر سەلیم: شانازی بەو كەسانەوە دەكەم كە دەیانەوێ سوود لە ئەزموونی ئێمە وەربگرن

هونەر سەلیم: شانازی بەو كەسانەوە دەكەم كە دەیانەوێ سوود لە ئەزموونی ئێمە وەربگرن
ئەگەر لە دوای راپەڕینەوە لە سینەمای كوردی بروانین، دەبینین چەندین سینەماكار هەڵكەوتوون كە توانییان ناوی كورد لە رێگای سینەماوە بە جیهان بناسێنن.
هونەر سەلیم یەكێكە لەو دەرهێنەرانەی كە لە فیستیڤاڵی كان ساڵی 2008 خەڵاتی شۆڤالێی زێڕینی بە دەستهێنا لە فیلمی (كیلۆمەتر زیڕۆ)پێبەخشرا، دواتر فیلمە سەركەوتووەكانی بەردەوام بوون لەوانەش (بستێك سنوور، بووكی كوردستان، تەنیایی رەها، قاچاغچییەكانی خەون،ڤۆدگالیمۆن،كیلۆمەتر زیڕۆ،دۆڵ، گەر بمری دەتكوژم، my sweet pepper land كە لە كوردستان وێنەی گیراوەو باس لە كێشەی ئافرەتان و پەروەردە وخوێندن دەكات رەخسێنرا.
***
لە فیلمەكانی هونەر سەلیمدا هەست بەوە دەكرێ كە گرنگی بە هەموو پارچەكانی كوردستان دەدات لە هەموو روویەكەوە بەتایبەتی شێوەزار، لەم بارەوە دەڵێ:
یەكێك لە ئامانجەكانی من ئەوەیە كە دەوڵەمەندی بەرهەم و داهاتی كورد لە تێكەڵ بوونی هەموو زاراوەكانیدایە، ئەویش ریتمێكی تازەیە كە لە سۆرمانجی گەورەترە، واتە تێكەڵ كردنی سۆرانی و كرمانجی، ئەگەر تاكی كورد ژیر بێت و باش بیر بكاتەوە ئەمە نیعمەت و دەوڵەمەندییەكی نەتەوەیی و شارستانییانەیە بۆ ئێمە كەواتە پەیامی من ئەوەیە كە ئەم هەموو زاراوانە ببنە مایەی خێرو خۆشی بۆ میللەتی كورد، ئەمەش لە فەرهەنگ و هونەرو زانست و ژیانی رۆژانەی تاكەكانیدا فۆرمەلە بكرێتەوە..

لە (My sweet pepper land) باس لە كێشەی ئافرەت و پەروەردە دەكات كە زۆر گرنگن بۆ پێشخستنی كۆمەڵگا، لەم بارەوە هونەر سەلیم دەڵێ: پێشكەوتن لە پەروەردەوە دەست پێدەكات و لە هەموو جیهاندا گرنگییەكی زۆر بەم بابەتە،لە كوردستان پێموایە بواری پەروەردە لە رەوشێكی خراپدایە، ئەمەش دەبێتە هۆی پەروەردە كردنی شێواو و دروستبوونی گەنجی سەقەت، بۆیە پێویستە سیاسەتێكی راستی پەروەردەیی هەبێت و پێش هەموو شتێكیش پێویستە بیر لە دروستكردنی مامۆستا بكرێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانرێ زانست و زانیاریی و پەروەردەیەكی تەندروست پێشكەشی منداڵەكانمان بكرێ، سەبارەت بە كێشەی ئافرەت زۆر وڵات لە جیهان گەڕاوم و تێبینیم كردووە كە رەوشی ئافرەتی كورد لەژێر دەستی جەلادە داگیركەرەكان بوو، چۆن رق و قینەی لە بەرانبەر كورد دەڕشت، هەست بە شەرمەزاری دەكەم لە هەندێ رەفتاری بەرانبەر ئافرەتان دەكرێت، پێویستە ئافرەت ئازادی خۆی بەدەست بهێنێتەوە، بەداخەوە خەڵكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەموویان بە زمان و رواڵەت شاعیرن و هەست ناسك و پیاوی زۆر باشن، بەڵام لە لە هەڵسوكەوت بەرامبەر بە ئافرەت بە زەبرو توندین، پێویستە كورد پێداچوونەوەیەكی ژیرانە بە بیركردنەوەكانی خۆیدا بكاتەوە، بەتایبەتیش لە رووی هەڵسوكەوتەكانیەوە بەرانبەر ئافرەت، كە قوربانی زۆری بۆ ئازادكردنی خاك و ئاوەكەی پێشكەش كردووە، دەبێ مافی یەكسانی نێوان هەردوو رەگەز بە یاساو بە كردەوەش بسەلمێنن. لە بەشێكی زۆری فیلمەكانیدا هونەر سەلیم رۆڵی سەرەكی بە خانمە ئەكتەری ناسراوی ئێرانی گولیشفتە فەراهانی دەبەستێت، لەم رووەوە هونەر بەم شێوەیە رای خۆی دەخاتە رووزۆر هۆكار بۆ ئەمە هەیە لەوانە هونەرمەندێكی بە توانایە، لە هەمان كاتدا بۆ ئەو رۆڵانە گونجاوە، هۆكاری دووەمیش ئەوەیە: كە لە نێو كورددا كەسێكمان نییە بتوانێت وەكو ئەو بێت ئەگەر ژمارەیەك گوڵشیفتە هەبووایە لە هەر پارچەیەكی كوردستان، یان هەر شوێنێكی دنیا من دەمدۆزینەوە، بەڵام وەك وتم تا ئێستا لەو باوەڕەدا نیم هەبێت، بەو مانایەی كچە ئەكتەرێكی پڕ بە واتای وشە مەدەنی و پێشكەوتووە، كراوەیە، خاوەن بەهرەیە بە پلەی یەك، چونكە ئەمەیان زۆر گرنگە، بەداخەوە تا ئێستا لە نێو ئەكتەرە كچەكانی كوردێكم نەبینیوە، ئەم هەموو تایبەتمەندییانەی هەبێت كە لە گوڵشیفتەدا هەن.

بوونی ستایلی تایبەت یەكێكە لەو بابەتانەی كە باسی لێدەكرێت، هونەر سەلیم سەبارەت بەم بابەتە دەڵێ: هەندێك شتی زۆر تراژیدی هەیە ئەگەر دەرهێنەر وەكو خۆی پێشكەشی بكات، زەحمەتە بینەر بە ئاسانی تەقەبولی بكات، بۆیە پێویستە هونەرێك بدۆزێتەوە كە پێشكەشی بكات، بێ ئەوەی بینەر بێزار بێت بە سانایی لێی وەربگرێت، پێموایە سەتیر (مزاح) بەهێزترین ستایلە و لەو رێگایەوە دەتوانیت هەموو شتێك بڵێی، كەسێكی ئەوروپی دەربارەی سەتیر وتەیەكی زۆر جوانی هەیە دەڵێت: سەتیر وەك كەسێكی بە رەوشت وایە كە شەرم دەكات بگریت و بە سەتیر ئەم هەستەی خۆی دەردەبڕێت واتە دەتوانم بڵێم بێ ئومێد بوونی كەسێكی بە رەوشتە، بەڵام كەسانی دیكە بەشێوازی تر ئەم بێ ئومێدییەی خۆیان دەردەبڕن، بۆ من سەتیر شتێكی زۆر گرنگە و هەموو ئەو كەسایەتییە ناودارانەی دەربارەیان بابەتم لەسەر خوێندوونەتەوە هەموویان سەتیر بەشێك بووە لە ژیانیان.

چەندین ساڵە كورد فیلم پێشكەش دەكات و لەم رووەوە دەیان خەڵاتی جیاجیان بە دەستهێناوە و بەردەوامیشن لە كاركردن لەم بارەوە هونەر سەلیم دەڵێ: خەریكە شتێك دروست دەبێت و گەشبینم پێی، متمانەیەكی تەواوم بە نەوەی نوێ هەیە، بەوەی زۆر لە ئێمە تێبپەڕن و شتی زۆر لە ئێمە باشتر ئەنجام بدەن و زۆریش سەركەوتوو بن، شانازییش بەوەوە دەكەم كە سوودێك لە ئەزموونی ئێمە وەربگرن. زۆر كچ و كوڕی بەتوانای باكووری كوردستان دەبینم لە ئەوروپا هاتوونەتە ناو بواری سینەمایی، لە كاری هونەریدا پێویستە عەقڵ كار بكات،جار بە جار هەست بە جموجۆڵی سینەماكارە لاوەكان دەكرێت، جار جار لە فیستیڤاڵەكاندا كورتە فیلمەكان دەبینم، ئەمەش تا رادەیەك باشە.
Top