شیرین عەزام: پێویستە بە كارە هونەرییەكانمان بەرپەرچی هزری تیرۆر بدەینەوە

شیرین عەزام: پێویستە بە كارە هونەرییەكانمان بەرپەرچی هزری تیرۆر بدەینەوە
شیرین عەزام یەكێك بوو لە میوانەكانی دووەم دیداری (سینەما دژی تیرۆر) كە لە سەرەتای ئەم مانگە لە هەولێر ئەنجامدرا بە بەشداری ژمارەیەك كورتە فیلم كە گوزارشتیان لە چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی هزری تیرۆر و تیرۆیستان دەكردەوە، لە دەرفەتێكدا شیرین بەم شێوەیە وەڵامی چەند پرسیارێكی گوڵانی دایەوە.

* با لە ناوەكەتەوە دەست پێبكەین، كێ ئەم ناوەی بۆ هەڵبژاردی؟
- ناوی راستەقینەی خۆم (ئەشجان)ـە، ناوی شیرین زۆر سەرنجی راكێشام و دوای ئەوەی زانیم مانای چی دەگەیەنێت، ئەو ناوەم بۆ خۆم هەڵبژارد.
* بەشداریتان لە دیداری سینەما دژی تیرۆر كرد لە هەولێر، بەشداریكردنتان چ كاریگەرییەكی دەبێت لەسەر پێوەندییە هونەرییەكان لە نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتان بەتایبەتی میسر كە لە بواری سینەمادا زۆر پێشكەوتووە؟

-سەرەتا پیرۆزبایی لە میللەتی كورد دەكەم كە خەبات دەكەن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردی، من زۆر خۆشحاڵم بە بەشداریكردنم لەو دیدارە سینەماییەدا، چونكە پێویستە هەماهەنگی و هاوكاری لە نێوان میللەتاندا هەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە هەر شوێنێك بێت، ئەم دیدارەش كە لە هەولێر ئەنجام دەدرێت، نموونەیەكی باشە بۆ ئەم هاوكارییە.
* پێشتر سەردانی كوردستانت نەكردووە؟
- سەبارەت بە سەردانەكەشم ئەمە یەكەم جارە سەردانی كوردستان دەكەم و یەكەم شوێن كە سەردانم كردبێت مینۆمێنتی ئەو 200 شەهیدە بوو كە لە ساڵی 2004 و لە یەكەم رۆژی جەژنی قوربان بە دەستی تیرۆریستان شەهیدا كران، من زۆر دڵخۆشم كە ئێوە بەهێزتر بوون، نەك هێزی توندوتیژی، بەڵكو هێزی بیركردنەوە و ئیرادەی بەرزی خۆتان، ئەو هێزە نەرمەی كە دەگاتە هەموو شوێنێك، هەروەهات پێویستە بە كارە هونەرییەكانمان بەرپەرچی هزری تیرۆریستان بدەینەوە، ئێمە لە میسر زۆربەی فیلم و زنجیرە دراماكانمان باس لە تیرۆر و چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی دەكەن، لێرەوە دەمەوێ پیرۆزبایی لە رێكخەرانی ئەم دیدارە سینەماییە بكەم، بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە چالاكییە هونەرییانە.

*رات دەربارەی فیلمە بەشداربووەكانی ئەم دیدارە چییە؟
- من هەمیشە بڕوام بەوە هەیە كە تیرۆر هیچ ئایین و وڵاتێكی نییە، زۆر فیلمی بەشداری ئەم دیدارەم بینی هەموویان بڕوای منیان پتەوتر كرد، كە بەڵێ تیرۆر بێ وڵات و ئایینە، لە هەمان كاتدا هیچ جیاوازی ناكات لە نێوان كەس، كورد و عەرەب و موسڵمان و مەسیحی و پەیڕەوانی ئایینەكانی دیكەش وەك یەك دەكاتە ئامانج بە كوشتن و دەركردنیان لە شوێنی خۆیان، بە هەمان شێوە لە میسریش كەنیسەكان دەكەنە ئامانج.

* لەو فیلمە كوردییانەی بینیت، تێبینی چیت كردووە؟
- دوو شت زۆر سەرنجیان راكێشام، یەكەمیان ئەو ئێش و ئازارەی میللەتی كورد كە دوچاری هاتووە تاكو بگات بەم رۆژگارە، دووەمیان ئەوەیە هەستم بە خۆشەویستییەكی بێ سنوور كرد بۆ پێشمەرگە كە لە سەنگەرەكان بەرگری لە گەل و وڵات دەكەن، من گوێبیستی ئەوە بووم كە بەشێك لە پێشمەرگەكان كاردەكەن و دوای تەواوبوونی كارەكەیان دەچوون لە سەنگەرەكان بەرگرییان دەكرد، بە رای من شەڕ تەنیا ئەوە نییە بەرگری بكەی و لە سەنگەرەكان ئامادە بی، بەڵكو پێویستە ژیان بەردەوام بێت.
* ئەو پێشوازییەی جەماوەر لە كوردستان لە تۆی كرد، چی دەگەیەنێت بە لای تۆوە؟
- بۆ من زۆر مانا هەڵدەگرێ، لەوانە خوای گەوری منی خۆشدەوێت، چونكە ئەوەی خوا خۆشی بوێت، وا دەكات خەڵكیش خۆشیان بوێ، هەمیشە دایكم ئەو نزایەی دەكرد كە خەڵك منیان خۆش بوێت.
* تۆ میوانی دیداری سینەما دژی تیرۆری ودوای ئەوەی سەردانی مینۆمێنتی شەهیدانی یەكی شوباتت كرد، چیت هەیە لە یادی ئەم كارەساتە بیڵێی؟
- شەهیدانی ئەو كارەساتە پەیامێكمان پێ دەڵێن، ئەویش ئەوەیە كە ئێمە گیانی خۆمان بەخشی بۆ ئەوەی ئەم رۆژەی ئێستا بێتەدی، دیارە ئەو پێشكەوتنەی كە لە كوردستان هاتۆتەدی بەرهەمی خوێنی ئەم شەهیدە سەربەرزانەیە.

پرۆفایل

شیرین عەزام ناوی راستەقینەی (ئەشجان محەمەد سەید عەزام)ـە ئەكتەر و سەماكاری بالێیە، ساڵی 1956 لەدایكبووە، بەكالریۆسی لە یاسا هەیەو دەرچووی پەیمانگای باڵای بالێیە، سەرەتا بە رۆڵی بچووك لە چەند زنجیرە درامایەك دەستی بە كاری نواندن كردووە. یەكەم دەركەوتنی راستەقینەی بۆ ساڵی 1980 دەگەڕێتەوە لە زنجیرە درامای (عیون)، هەروەها زۆر بە سەركەوتوویی لە شوێنی خانمە ئەكتەر (هوەیدا) رۆڵی سەرەكی بینی لە شانۆگەری (المتزوجون)، تا ئێستاش بەردەوامە و بەشداری لە دەیان زنجیرە و فیلم شانۆگەریدا كردووە.
Top