پیشانگایەك بۆ هونەری قوتابیان ئا/ تاریق كارێزی

پیشانگایەك بۆ هونەری قوتابیان  ئا/ تاریق كارێزی
رۆژی 14ی شوبات، بەشی شێوەكاری لە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێر، بە سەرپەرشتیی هونەرمەند رزگار فەقێ عەوڵا مامۆستای پەیمانگاكە، پیشانگایەكی هاوبەشی شێوەكاریی بۆ دوازدە قوتابیی قۆناغی سێی بەشی نیگار لە پەیمانگاكەدا كردەوە.
یەكێ لەو بنەمایانەی كە ئاستی خوێندن و پەروەردەی ئەكادیمی بەرەو ژوور دەبات، پیادە كردنی بنەماكانی خوێندنە بە كردار و بەرهەم. ئەم رێسایە لە ئاستی خوێندنی پزیشكیدا تا رادەیەكی باش پیادە دەكرێت، ئەگەرچی لە گەلێ رشتەی دیكەشدا هەوڵ بۆپیادە كردنی بنەماگەلی تیۆری دەدرێت، بەڵام لە واقیعی حاڵدا كەمتر ئەو پیادە كردنە بە كردار دەكرێت، بەڵكوو لە زۆربەی بوار و پسپۆرایەتییەكاندا بە شێوەیەكی رووكەشانە بەڕێوە دەچێت. ئەمەش واتە بە ئامانج نەگەیشتنی پرۆسەی خوێندن و پەروەردەی ئەكادیمی لە رووی ژیانی كردارەكییەوە.
كردنەوەی پیشانگا بۆ قوتابیانی بەشی شێوەكاری لە قۆناغی خوێندندا، هەوڵێكی راست و دروستە بە ئاراستەی بە كردار كردنی هونەر و پیادە كردنی بنەماگەلی تیۆری و ئەو مەشق و هەوڵ و ئەزموونەی قوتابیانی ئەو بەشە لە ساڵانی خوێندندا دەیدەن و دەیكەن. رێی تاقی كردنەوە و خۆ سەلماندن و ئاراستە كردنی پەیامی ستاتیكیشە بۆ جەماوەری وەرگر (بینەرانی پیشانگا و نمایشەكان). هەموو ئەمانەش متمانەیەكی زۆر بە قوتابیانی هونەر دەدەن، بە رادەی ئەوەی رێیان بۆ خۆش دەكات كە بەرەو گۆڕەپانی هونەر (چ وەك بەرهەم و چ وەك مامۆستا و رێ نیشاندەر) هەنگاو بنێن، پاشان خۆیان بە بەشێك لە كۆمەڵ بزانن و پیشە و بەهرەكەشیان وەك بەشێك لە بەرهەم و داهێنان و سامان و داهاتی نەتەوەیی بزانن، توانا و داهێنانی خۆشیان بخەنە گەڕ.
لەم گۆشەنیگایەوە، كردنەوەی پیشانگا و پێشكەش كردنی نمایش بۆ قوتابیانی هونەر كارێكی هەم گرنگ و هەم هەستیارە، ئەوان دەخاتە سەر مەحەكی خۆ ناسین و خۆ تاقی كردنەوە. ئیدی بۆیە كاتێك بەشی شێوەكاری لە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێر پیشانگایەكی هاوبەشی لە 14/2/2017دا بۆ دوازدە قوتابی (ئارام محێدین، ئالا نەوزاد، ئاسان جەلال، جینان هێرش، دلڤین تاریق، زەهرا ئەكرەم، سكاڵا رزگار، شەونم رەمەزان، عەلی عەبدوڵڵا، محەمەد شوان، هێلین نەوزاد، هاوژین خورشید) لە لقی نیگار سەر بە بەشی شێوەكاری كردەوە، ئەوە هەنگاوێكی دروستی هاویشت بە ئاراستەیمتمانە بەخشین بە توانا و مۆراڵی ئەو قوتابیانە، بە تایبەتی كە ئەوان ئیدی لەگەڵ سێ ساڵ خوێندن و پەیدا كردنی ئەزموونی كردارەكی و بەدەست هێنانی زانیاریی تیۆری لە بواری پسپۆرایەتیی خۆیان (هونەر نیگار)، هەست دەكەن خۆیان لە رووبەڕووی جەماوەری وەرگردا دەبیننەوە، لێرەدا ئەوان دەكەونە نێو پرۆسەیەكی خۆ ناسین و تاقی كردنەوەی بەهرە و توانای خۆیان و لە تەرازوو دانی سەلیقەی جەماوەری وەرگر.
وەك هەر پیشانگایەكی هاوبەش، بەشداران هەمەڕەنگییەك لە رووی ئاستی هونەری و تەكنیك و ستایلی كار كردن و بەكار هێنانی رەنگ و گەڵاڵە كردنی فۆرم و هەڵبژاردنی بابەت و داڕشتن و روانینی جوانناسییەوە، جیاوازییەكی مەودا فراوانیان تێدا بەدی كرا. جگە لەوە قوتابیانی بەشداری ئەو پیشانگایە ئەگەرچی ئەوەیان لە خۆدا بەدی كرد، كە دەتوانن بەرهەمی هونەری یان بە لای كەمەوە ئەزموونێك (باوەكوو سەرەتاییش بێت) پێشكەش بكەن. ئەمە بۆ خۆی لایەنێكی دیكەی ئەرێنیی پیشانگای لەم جۆرەیە، بەڵام پێ ناچێ هەموویان بە یەك ئاست و هیمەت هەوڵیان دا بێت تا ئەو پەڕی توانای خۆیان لە بوارەكەدا بخەنە روو.
پێم وایە ئەم پیشانگایە دەكرێ وەك دەسكەوتێكی ئەكادیمی بۆ پەیمانگا و بە تایبەتیش بۆ بەشی شێوەكاری هەژمار بكرێت، كارێكی چاك دەبێت ئەگەر بەشەكانی دیكەی پەیمانگا هەمان هەنگاو بە ئاراستەی پێشكەش كردنی نمایشی مووزیك و شانۆ بنێن، هەڵبەت ئامانجیش متمانە بەخشینە بە بەهرە و توانای قوتابیانی بەشەكانی پەیمانگا، هەروەها پراكتیزە كردنی لایەنی تیۆری و ئەكادیمیشە، كە لەم رووەوە هەم قوتابیان و هەم مامۆستایان بەرچاو روونییان بۆ دروست دەبێت، تا چاكتر سوود لە ساڵانی خوێندن لەو دەزگا ئەكادیمییە وەربگیرێت.
پیشانگاكە رەونەقدار بوو، شێوەی نمایشەكە پوخت و گونجاو بوو، لە هۆڵێكی بازنەییدا كە پیشانگاكەی تێدا كرایەوە، بازنەیەك بەرهەمی هێڵكاریی قوتابیان بە قەبارەی گەورە نمایش كرا بوو. لەو بازنەیەدا قوتابیانی بەشدار توانایەكی باش و ئاست هەوراز و نشێویان پیشان دا. بە گشتی ئاستی هێڵكارییەكان باش بوو، نیشانەی ئەوەیە كە بەشێكی زۆر لە قوتابیانی بەشی نیگار مەشقی زۆر چاكیان لە سەر ئەو بنەمایەی هونەری نیگار كردووە. لە ناوەڕاستی هۆڵەكەشدا بازنەیەك تابلۆی رۆن رەنگ بە قەد ستاندەوە هەڵواسرا بوون. لەو بەرهەمانەشدا قوتابیانی بەشدار ئاستی هەمەچەشن و روانینی جۆراوجۆر و هەوڵ بە ئاراستەی تەكنیكی جیاجیا و تاقی كردنەوەی رەنگ لە بەرهەمەكانیاندا بەدی دەكرا. تێكڕا جۆرێك بوو لە ئەزموونی هونەری، وێڕای ئەوە چەند قوتابییەك ئاستی كار و تەكنیكی خۆیان بەرەو ژوور برد بوو، سەرەتای بەهرەی زۆر گەشیان تێدا بەدی دەكرێت، تەنانەت یەكێ لە قوتابییەكان (عەلی عەبدوڵڵا) هەوڵێكی بوێرانەی دا بوو بۆ تاقی كردنەوەی هونەری پێرفۆرمانس و ڤیدیۆ ئارت، ئەم هەوڵەش لە دەرەوەی بازنەی خوێندنی پەیمانگاكەدایە.
Top