دلبەر جزیری: پێویستە ئەوانە لەیاد نەكەین كە گیانی خۆیان كردە قوربانی وڵات
دلبەر لە بارەی بارودۆخی كوردستان دەڵێ: ئێستا بارودۆخی هەموو پارچەكانی كوردستان تایبەت و ناسكە لە هەموو روویەكەوە، هەر كاتێك كورد دەست بخەنە نێو دەستی یەكتر من زۆر خۆشحاڵ دەبم و هەست بە سەربەرزییەكی زۆر دەكەم، روون و ئاشكرایە هەر كاتێك یەكگرتوو بن و پشت و پەنای یەك بن ئەو كاتە كوردستان وەك قەڵایەكی پۆڵایین هیچ كاتێك ناكەوێت و دوژمنان ناتوانن ریزەكانمان لاواز بكەن و بە ئاواتی خۆیان ناگەن، پێویستە تاكی كورد خۆی بە كوردستانی بزانێت و ئینتیما و خۆشەویستیی بۆ كوردستان بێت و كوردستان بە ئێمەوە سەربەرز و ئاڵاكەی گەشاوە دەبێت.
سەبارەت بە ئەركی هونەرمەندان لەو ساتەوەختەدا جزیری دەڵێ: پێویستە ئێمە ئەو كەسانە لە یاد نەكەین كە گیانی خۆیان كردۆتەوە قوربانی ئەو خاكە پیرۆزە و هیچ كات لە یادیان نەكەین، رێز و حورمەتم بۆ خانەوادەی ئەم قارەمانانە هەیە، هیوادارم گەلی كورد لە دوای كۆتایی هاتنی ئەو شەڕە نەگریسەوە ریزەكانی گەلی كورد پتەوتر و قایمتر بێت و هەموومان لە پێناو كوردستان و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان خەبات بكەین.