شەنگە كەركوكی: هەمیشە هەوڵدەدەم پەرە بە توانا هونەرییەكانی خۆم بدەم

شەنگە كەركوكی: هەمیشە هەوڵدەدەم پەرە  بە توانا هونەرییەكانی خۆم بدەم
كچێكی خاوەن بەهرە و توانایەكی زۆرە و لە تەمەنێكی زوودا هاتۆتە نێو بواری نواندنەوەو تا ئێستا بەشداری جیاجیای كردووە، شەنگە كەركووكی لە خانەوادەیەكی هونەرمەند هاتۆتەدنیاوەو بەم دواییە لە بواری دەرهێنان تواناكانی خۆی تاقیكردەوەو فیلمەكەی یەكێك بوو لە پاڵێوراوانی بەدەستهێنانی خەڵاتی روانگە، بۆیە لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد، ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.

* تۆ لە خانەوادەیەكی هونەری لە دایكبووی، كاریگەریی خانەوادەكەت چی بوو بەسەرتەوە؟
- بێگومان كاریگەرییەكی زۆری هەبووە،چونكە ئەگەر لە خانوادەكەم هونەرمەند نەبووایە رەنگە منیش نەمتوانیبایە ببم بە ئەكتەر و بەو شێوەیەی ئێستا لە شارەكانی كوردستان نەدەناسرام، هەروەها پاڵپشتییەكی سەرەكیم بوون بەتایبەتی دایكم و براكانم.
* سەرەڕای پشتگیری خانەوادەكەت ئایا تۆ بەشێوەیەكی ئەكادیمی هاتیتە نێو بواری هونەر یاخود وەك حەزێك؟
-سەرەتا وەك حەز بووە هەرچەندە من زۆر هەوڵمداوە بە شێوەی ئەكادیمیش لە بواری نواندن بخوێنم و ماوەی چوار ساڵە ناوم تۆمار دەكەم بۆ كۆلێژی هونەرە جوانەكان بەشی سینەما، بەڵام لەبەر ئەوەی من دەرچووی پەیمانگای مامۆستایانم بەشی پەروەردەی وەرزشی، ئەمە وایكردووە كە من لە بەشی سینەما وەرنەگیرێم و هەمیشە دەڵێن ئەم ساڵ نا ئەم ساڵ، بەڵام بۆ ئەم ساڵ پێیان راگەیاندووم كە ناوم دێتەوە لە كۆلێژی هونەرە جوانەكان، جا نازانم ناوم دێتەوە یان نا.
* ئەو كارە چی بوو كە بەشداریت تێیدا كردو بووە هۆكاری بەردەوام بوونت لە كاری هونەری؟
- من لە ساڵی 2004ەوە بە بەردەوام كار دەكەم واتە سێزدە ساڵە بەردەوامم، بەڵام دەتوانم بڵێم ئەو كارەی كە منی زیاتر ناساند و خۆم تێیدا دۆزییەوە زنجیرە درامای (گەردەلوول) بوو وجەلیل زەنگەنە وەك مامۆستایەكی گەورەی خۆمی دەزانم، چونكە زۆر نهێنی بوارەكەی پێ گوتم و دەتوانم بڵێم بەو رۆڵە توانیم رێچكەكە بشكێم و ئەو ترسەی بەرامبەر بە كامیرا هەمبوو شكا.

* بەشداریت لە ریكلامدا كردووە؟
- من بۆ خۆم تا ئێستا بەشداریم لە ریكلامدا نەكردووە، چونكە دەرفەتی ئەوەم بۆ نەرخساوە، بەڵام لای من زۆر ئاساییە ئەگەر رۆژێك لە رۆژان بەشداری تێدا بكەم ئەگەر داوام لێبكرێت، چونكە دەتوانین بڵێین ریكلامیش بەشێكە لە هونەر و ئێستا بۆتە پیشە و كار هەر بۆیە زۆرێك لە هونەرمەندە جیهانییەكانی بەشداریی تێدا دەكەن و بە گرنگی دەزانن.
* چۆن بوو رووت لە كاری دەرهێنان كرد؟
-من بە خۆم ناڵێم دەرهێنەرم، بەڵام حەزیشم هەبوو و ویستم شانسێك بە خۆم بدەم لە بواری دەرهێنان، هەروەها سیناریۆیەكی جوان هەبوو ویستم كاری لەسەر بكەم، سوپاس بۆ خوا كاری یەكەمم لە فیستیڤاڵی روانگە یەكێك بووم لە كاندیدەكانی وەرگرتنی خەڵاتی یەكەم لە نێو چەندین فیلمی بەشدار بوو ئەمەش بۆ من دەستكەوت و جێگای شانازییە، ئێستا سەرقاڵی كارێكی نوێم كە لە خانەقین وێنەی دەگیرێت من كاری دەرهێنەر یی ناكەم، بەڵام كورتە فیلمێكی دیكەم بەدەستەوەیە وەك دەرهێنان.

* ئەی كێ هانیدای بۆ دەرهێنان؟
- دایكم بەشێوەیەكی سەرەكیی هانیدام و هەمیشە وزەبەخشی ئێمە بووە، كاتێك پێمگوت بە نیازی كارێكی دەرهێنان بێ دوودڵی گوتی بیكە و بڕوات بە خۆت هەبێ، چونكە من دڵنیام سەركەوتوو دەبی لە كارەكەـ كاتێك فیلمەكەشم لە فیستیڤاڵی روانگە پاڵێورا بوو من باوەڕم نەدەكرد، هەر ئەمەش بووە هۆكاری بەردەوام بوون و گەڕان بە دوای كاری نوێدا بگەڕێم.
* ئەو فیلمەی تۆ (فڕین بەرەو ژێرزەوی) كە لە پاڵێوراوی خەڵاتی باشترین فیلمی روانگە بوو، باس لە چی دەكات؟
- ئەم فیلمە باس لە ئازار و مەینەتییەكانی ئافرەتان دەكات و تێیدا سێ شتی سەرەكیم كۆكردۆتەوە ئەوانیش بریتین لە: تواناكانی ئافرەت، شەڕی داعش و تواناكانی پێشمەر بۆ رووبەڕووبوونەوە، من لەم فیلمەی خۆمدا باسم لە ژنە پێشمەرگەیەك دەكات كە لە باخچەی ساوایان كار دەكات، هەروها هاوسەری كەسێك كە چەكداری داعش بووە و كوژراوە، ئەم دوو ئافرەتە لە یەك شوێن كار دەكەن بۆ پەیدا كردنی بژێوی منداڵەكانیان، بەشێوەیەكی گشتی فیلمەكە باس لەوە دەكات كە ئافرەت دەبێتە قوربانی لە نێوان هاوسەری و كۆمەڵگایەكی پیاو سالاری.
* فیلمەكەت باس لە مەینەتییەكانی ئافرەت دەكات، پێتوایە ئافرەتی كورد لە رێگای سینەماوە دەتوانی چی بكات؟
- ئافرەتی كرد زۆربە توانایە و توانەكانی بێ سنوور و تواناكانی زۆر لە پێشبینییەكانی ئێمە زیاترن، چونكە تا راددەیەكی زۆر ئازادن و توانیویانە سوود لەو ئازادییە وەربگرن و لە بوارە جیاجیاكاندا كار بكەن، بۆ نموونە من جگە لە كاری نواندن و مەیك ئەپ هەروەها كاری دەرهێنانیش دەكەم و بە دەیان ئافرەتی دیكە لە هەموو بوارەكانی ژیاندا توانایان هەیە، بە شێوەیەكی گشتی ئافرەتی كورد لە هەر بوارێكی ژیاندا بێت بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆی پەرەی بە تواناكانی خۆی داوە و خۆی پێشخستووە، هەر كاتێك سەركەوتنی ئافرەتی كورد لە هەر بوارێكدا دەبینم زۆر دڵشاد و خۆشحاڵ دەبم و هەست بە شانازی دەكەم.
* وەك ئافرەتێك هیچ كاتێك لە كارەكەتدا رووبەڕووی چەوسانەوەی پیاوان نەبوویتەوە ؟
- بڵێین و نەڵێین هەر یەكێك لە ئێمە رووبەڕووی جۆرێك لە ئاستەنگ بووینەتەوە، بەڵام بە حوكمی ئەوەی من لە تەمەنێكی زوودا هاتوومەتە نێو بواری هونەر و تا ئێستاش بەردەوامم و لە هەمان كاتدا باوك و دایكم خۆیان هونەرمەندن، هەروەها ئەو هونەرمەندانەی كارم لەگەڵیان كردووە، هەموویانم وەك خانەوادەی خۆم زانیوە، بۆیە كەمتر رووبەڕووی ئەم گرفتانە بوومەتەوە، لەوانەیە كەسانێك دوچاری ئاستەنگ و گرفت بووبنەتەوە و كاریگەریشی لەسەریان هەبێت، بەڵام وەكو گوتم بۆ من كەمتر بووە.
* لە بواری نواندندا هیوا و ئاواتەكانت چین؟
- من سەرەتا بە كۆمبار هاتمە نێو بواری هونەرەوە، بەڵام سوپاس بۆ خوا بوومەتە ناوێك و كاری دەرهێنانیش دەكەم، ئاواتەكانم زۆرن، بۆیە هەمیشە دەڵێم دەترسم تەمەنم ئەوەندە درێژ نەبێت كە بتوانم گشت ئاواتەكانم بهێمەدی، من عاشقی هونەرم و هەمیشە هەوڵدەدەم پەرە بە كارەكانم بدەم، زۆر جار دەپرسم بۆچی من تەنیا بە كوردی رۆڵ ببینم بۆ لە كارێكی عەرەبیدا رۆڵم نەبێت؟
Top