ئەحلام حەجی: غەدریان لە سعەد كرد

ئەحلام حەجی: غەدریان لە سعەد كرد
خانمە راگەیاندكار و شاجوانی پێشووتری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەحلام حەجی بەرگری لە سعەد ئەلمجەرد كردو ئەو كێشەیەی لە پاریس دووچاری بووە بە پیلانێكی داڕێژراو دانا كە چەند كەسێكی شارەزا لەو بوارەوە دژیان ئەنجامدا بۆ دەستكەوتنی بڕێك پارە.
ئەحلام لە لێدوانێكدا سەبارەت بە دەستگیركردنی سعەد وتی: ئەگەر بە وردی لە كێشەكە بروانین چەند نیشانەیەكی پرسیار دەردەكەون، چونكە وا پێدەچێت ئەو كەسەی پیلانی بۆ داناوە ماوەیەكی زۆرە لە بۆسەدا بووە بۆ سعەد بەڵگەشمان ئەوەیە كە دوای دەستگیر كردنی بە دەیان وینەگر ئامادە بوون بۆ وێنەگرتنی سعەد لە كاتی دەستگیر كردن بۆ ئەوەی هەواڵەكە زوو بڵاوبكرێتەوە وناو وناوبانگی سعەدی پێ لەكەدار بكرێ.
ئەحلام زیاتر وتی: ئەوەی سعەد لە نزیكەوە بناسێت دەزانێت ئەوەی دەربارەی وتراوە هیچ راست نییە، چونكە ئەو لە خانەوادەیەكی بەناوبانگ پەروەردە بووە و توانیی لە كاتێكی زوودا ناوبانگێكی هونەری باش بۆ خۆی پەیدا بكات و سەركەوتوو بێت ئەمەش وایكردووە كە كەسانێك پەست بن بە سەركەوتنەكانی و هەوڵ بدەن بڕە پارەیەكیان دەستكەوێت لە رێگای پلانێكی داڕێژراو.
شایەنی باسە لە مانگی ئۆكتۆبەری رابردووەوە گۆرانیبێژی مەغریبی سعەد ئەلمجەرد لە پاریس دەستگیر كراوە بە تۆمەتی دەستدرێژیكردنە سەر كچێك بە ناوی لۆرال پریۆل و تا ئێستا دادگا بڕیاری لە كەیسەكە نەداوە.
Top