بە دروشمی (ئاشتی و پێكەوەژیان) هەولێر دووەمین دیداری نێودەوڵەتی سینەمایی دژ بە تیرۆری لە ئامێز گرت
سەرەتا فەرهەنگ غەفور بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر گوتی: تیرۆر كە بووەتە هەڕەشەیەكی جددی بۆ سەر جیهان و كوردستان و ناوچەكە، هەموو كەسی بە گێژاوو تاوانەكانی سەرقاڵ كردووە، گەلی كورد بە خوێنی رۆڵەكانی بەرگری لە بوونی خۆی كردووە، سینەماش رۆڵێكی گەورەی هەیە لەسەر ئاڕاستەكردنی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و بڵاوكردنەوەی ئاشتی و مرۆڤایەتی و پێكەوەژیان.
هیوا سوعاد سەرۆكی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان لقی هەولێر، گوتی: لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا ویستیان تاریكی باڵ بەسەر وڵاتەكەماندا بكێشێت و وڵاتیان خەڵتانی خوێن كرد، بەڵام بە بازووی پێشمەرگە و ئەفڕاندنی هونەرمەندان وڵات هەمیشە ئاوەدان و گەشاوە مایەوەو ناحەزانیش شكست بەشیان بوو.
پشتیوان عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری دیدار دەڵێت: لەبەر ئەوەی سینەما رەنگدانەوەی واقیعی ژیانە و نزیكترین هونەریشە لە مرۆڤ كە دەتوانێ بچێتە ناخ و هەستیەوە، بۆیە هەڵگری باشترین پەیامی بەگژداچوونەوەی هزری توندرەوییە لە پێناو دابینكردنی ژیانێكی پڕ لە ئارامی و ئاشتی و پێكەوەژیان.
ئامانجمان وایە لە خولی داهاتوو و ساڵانی ئایندە، دیدارەكە فراوانتر بێ و ببێ بە فیستیڤاڵ بۆ ئەوەی بەردەوام فیلم و بەرهەمی سینەمایی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی هزری توندرەوی و بیری تەسك ئەنجام بدرێت و سینەما پەیامی ئاشتی و خۆشەویستی خۆی بڵاو بكاتەوەو هەموومان لە رێگەی هونەری سینەماوە پەیام و خەونی جوانی مرۆڤ لە پێناو داهاتوویەكی گەش بڵاوبكەینەوە.
مەهدی عەباس سەرۆكی لیژنەی دادوەری فیستیڤاڵەكە لەبارەی كاریگەری فیسیتڤاڵەكە لەسەر گۆڕینی هزری توندڕەوی كۆمەڵگە گوتی: ئەمڕۆ سینەما یەكێك لەو بوارانەیە كە دەتوانی كاریگەری لەسەر شەقام دروست بكات، لە جیهان سینەما توانی زۆر بیرۆكە بێنێتە ئاراوەو كاریگەری لەسەر سیاسەتیش هەبێت، ئامانجی ئەم دیدارەش ئەوەیە كە دەیەوێ لە رێگای سینەماوە بە جیهان بلێ ئەو رۆڵەی پێشمەرگە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، كاریگەرییەكی بەهێزە، ئێمەش دەمانەوێ لە رێگەی فیلمەكانەوە هزری توندرەوی تا حەددێك لەناو ببەین.
شاخەوان مستەفا بەڕێوەبەری هونەری سینەمای هەولێر، سەبارەت بە گرنگیی بەڕێوەچوونی ئەم دیدارە لەم سات و وەختەدا، گوتی: بوونی ئەم دیدارە لەم كاتەدا زۆر پێویستە، چونكە كوردستان لە شەڕێكی دەستەویەخەدایە، بۆیە پێویستە ئێمەی هونەرمەندان پاڵپشتی پێشمەرگەی كوردستان بكەین، ئەمەش بە هزرو لایەنی رۆشنبیری دەبێ، بۆ ئەوەی بتوانین تیرۆر كاڵ بكەینەوە و مەترسیی تیرۆر پیشانی جیهان بدەین.
شاخەوان مستەفا زیاتر گوتی: لە رووی كارگێڕییەوە هاوكاری بەڕێوەچوونی ئەم دیدارەمان كردووە، بەڵام ئەگەر بێتو وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بەم كارەی هەستێت و حكوومەت هاوكاریمان بكات، ئەوا ساڵی داهاتوو بەشێوەیەكی جوان و باشتر درێژە بەم دیدارە دەدەین و سێیەمین دیداری سینەمایی ساز دەكەین. هیچ فیستیڤاڵێكیش بەدەر لە كەموكوڕی نییە، راستە ئەم دیدارەش هەندێك كەموكوڕی تێدابوو، بەڵام ئەگەر كۆی گشتی سەیربكەین، بەشداری 9 وڵات و ئەو هەموو فیلمە، ئینجا خەڵات دابەشكردن و هاتنی میوانێكی زۆر، ئەوە مانای ئەوەیە دیدارێكی باش و سەركەوتوو بوو.
هونەرمەند ناسر حەسەن كە وەك راوێژكاری دیدار بەشداری كرد، سەبارەت بە بیروبۆچوونی لەسەر دیدارەكە، لە لێدوانێكی تایبەت گوتی: ئەم دیدارە كە ماوەی دوو رۆژی خایاند، بە بەشداری 30 فیلم لە 9 وڵاتەوە بەڕێوەچوو، لەوانە سویسرا و بەلژیكا، سووریا، میسرو سربیا بێجگە لە فیلمی كوردی و عێراقی، هەڵبەتە ئامانجمان كۆكردنەوەو چاوپێكەوتن و راگۆڕینەوەی دەرهێنەرو هونەرمەندان بوو، بەمەبەستی زیاتر برەودان بە كاری هونەری. لەبارەی پرۆژەی داهاتووشیان، ناسر حەسەن گوتی: لە داهاتوو پڕۆژەیەكمان هەیە ئەویش ئەو دیدارە ببەینە شارەكانی دیكەی كوردستان، دواتریش بۆ شاری بەغدا، چونكە زۆربەی فیلمەكان كوردین و باس لە تیرۆر دەكەن.
ستافی كارای دیدار بریتی بوون لە:
هیوا سوعاد سەرۆكی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان /هەولێر
شاخەوان مستەفا بەڕێوەبەری هونەری سینەمای هەولێر
ناسر حەسەن راوێژكاری هونەری دیدار
پشتیوان عەبدولڵا بەڕێوەبەری دیدار
وشیار زێرۆ بەرپرسی تەكنیكی دیدار
سیناو سامر بەرپرسی پێوەندی و هەماهەنگیی دیدار.
خەڵاتەكان:
- باشترین فیلمی كوردی، فیلمی (مایكرۆفۆن) لە دەرهێنانی كەریمۆك.
- باشترین فیلمی عێراقی، فیلمی (جوان) لە دەرهێنانی عەلی ئەلجابری.
- باشترین فیلمی بیانی، فیلمی (یاسمین) /سووریا، لە دەرهێنانی موهەنەد كەلسوم.
- باشترین فیلمی دیكیۆمێنتی، فیلمی (دیاب) لە دەرهێنانی مازن شیربەیانی.
- باشترین ئەكتەر، هونەرمەند شادی ئەلسەفەدی (سووریا) لە فیلمی (صرخە الامل)
- باشترین بیرۆكەو سیناریۆ و دەرهێنان، فیلمی (8) (سربیا) لە دەرهێنانی ئاسیم فاسیج.
- خەڵاتی دادوەران درایە فیلمی (هروب) (عێراق) لە دەرهێنانی زولفیقار موتیری.
لیژنەی دادوەرانی دیدار بریتی بوون لە:
- مەهدی عەباس، سەرۆكی لیژنە
- دلبرین موسا، ئەندامی لیژنە
- فەرزین كەریم، ئەندامی لیژنە