جنیڤەر لۆپێز پەنا بۆ دادگا دەبات دادگاش یارمەتی نادات

جنیڤەر لۆپێز پەنا بۆ دادگا دەبات دادگاش یارمەتی نادات
چەند ماڵپەڕێكی هونەری رایانگەیاند كە دادگا داوایەكی خانمە ئەكتەر و گۆرانیبێژی ئەمریكی جنیڤەر لۆپێزی رەتكردۆتەوە سەبارەت بە دەستگیركردنی یەكێك لە هەوادارانی كە بۆتە هۆی بێزار كردنی بەتایبەتی لە شوێنە گشتییەكان و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش بەردەوام وێنە و نامەی بۆ دەنێرێت.
جنیڤەر لە داواكەی بۆ دادگا دەڵێت: ئەم كەسە شێتە و منی بێزار كردووە لە هەر شوێنێك بزانێت لەوێم و بتوانێت دێتە ئەو شوێنە، بەردەوام بەدوامەوەیە و دیاری جۆراوجۆرم بۆ دەنێرێت، بەتایبەتی ئەو دیاریانەی من حەزیان لێناكەم، تەنانەت جارێكیان لە لۆس ئەنجلۆس بەدوامەوە هاتۆتە لاس ڤیگاس و لە گشت ئاهەنگ و چالاكییە هونەری و رۆژنامەوانییەكانیشم ئامادە دەبێت و خەریكە شێتم دەكات بە ئیمێل و دیارییە سەیرەكانی.
جنیڤەر ئەوەشی راگەیاندن كە بۆ پاراستنی خۆی و منداڵەكانی لەم كەسە داوای لە دادگا كردووە بۆ ئەوەی دەستگیری بكەن، چونكە پێشتر بە تۆمەتی دەستدرێژی كردنە سەر موڵكی خەڵك بە چەكەوە دەستگیر كراوە، بەڵام دادگا فەرمانی دەستگیر كردنی نەدا، بەڵكو تەنیا داوای لێ كردووە كە نابێ لە جنیڤەر نزیك بێتەوە و تەنیا بۆی هەیە ماوەی 91 مەتر لێی نزیك ببێتەوە.
لەلایەكی دیكەوە جنیڤەر لە پێوەندییەكی خۆشەویستی بەهێزدا دەژیت لەگەڵ گۆرانیبێژی ناسراوی جیهانی دریك كە پێشتر خۆشەویستی ریهانا بووە، ئەمەش بووە مایەی سەرهەڵدانی ناكۆكییەكی بەهێز لە نێوانیان.
Top