میلا جۆڤۆفیتــــش لە سەماكاری بالێ بۆ ئەستێرەی هۆڵیۆد
دوو كەلتووری جیا
میلا لە ئۆكرانیا لەدایكبووەو ماوەیەكیش لەوێ ژیاوە بەر لەوەی روو لە رۆژئاوا بكات. لەم بارەوە دەڵێ: لە ئۆكرانیا چاوم بە دنیا هەڵهێناوەو لەوێش تەمەنی منداڵیم بەسەر بردووە، ئینجا لەگەڵ خانەوادەكەم رووم لە ئەوروپا كرد، كەواتە من شارەزای دوو كەلتوورم، یەكیان ئەوروپی و ئەویتریان ئەمریكی و رۆژئاوایی وەك زۆربەی كۆچبەرەكان، ئەمەش بە هاوكاری شانس بۆمان هاتۆتەئاراوە، چونكە ئەو كۆچبەرەی شارەزای دوو كەلتووری گەورەیە، دەتوانێت پشتیان پێ ببەستێت بێ ئەوەی قوربانی بە هیچیان بدات.
خەونی كاركردن لەگەڵ سەلمان خان
میلا یەكێكە لەو ئەستێرانەی هۆڵیۆد كە سەرسامە بە فیلمەكانی بۆڵیۆد و لەم بارەیەوە دەڵێ: پڕ بە دڵ حەز دەكەم ئەو دەرفەتەم بۆ بڕەخسێت كە لەگەڵ سەلمان خانی ئەستێرەی بۆڵیۆد لە كارێكی سینەماییدا بەشداری بكەم، چونكە من نەك تەنیا سەرسامی فیلمەكانی ئەو ئەستێرە ناسراوەم، بەڵكو سەرسامم بە خودی سەلمان خان، چونكە لە كارێكدا بینیم كە زۆر سەرنجی راكێشام، من دڵنیام كە فیلمەكان بۆڵیۆد بەتایبەت ئەكشنەكان رۆژ دوای رۆژ جەماوەر و هەواداریان زیاتر دەبێت لەسەرتاسەری جیهان، فیلمێكی سەلمان خانم بینی كە زۆر سەرنجی راكێشام بەتایبەتی توانای جەستەیی ئەو ئەستێرەیە و دیمەنەكانی كوشتن و جەنگ، بۆیە هیوادارم دەرفەتی ئەوەم بۆ بڕەخسێت كارێكی هاوبەش ئەنجام بدەین.
لە نێوان میلدای و ئالیس
نواندنی رۆڵی ئالیس لە زنجیرە فیلمەكانی (شانشینی شەڕانگێزی) بووە هۆی زیاتر ناساندنی میلا بە جەماوەر، بەڵام بەر لەو رۆڵە لە فیلمی (سێ سوارچاكەكە) رۆڵی میلدای دی وینتری بینی بوو، لەم بارەوە دەڵێ: میلدای یەكێكە لە كەسایەتییە بەهێزەكان لە بواری ئەدەبیات و هەمیشە وەك یەكێك لە بەهێزترین ئافرەتەكان سەیرم كردووە، خانمێكی سەڵت و زیرەكە كە زۆر بە ئاسانی توانای چوونە نێو كۆمەڵگە جیاجیاكان و هاتنە دەرەوەیان هەیە، ئەمەش پێویستی بە ئافرەتێكی بەهێز و زیرەك هەیە كە توانای ئەوەی هەبێت لە جیهانی پیاوان مەلە بكات بەتایبەتی لە سەدەی حەڤەدەهەم كە بینێری بۆ دێرێكی رەبەنەكان، میلدای ئافرەتێكە لە لوتكەی ئەو قۆناغەدای كە تێیدا دەژی، كەسایەتییە ئاڵۆزەكەی وای لێكردووە لە ئاستی پیاواندا بێت،هەست دەكەم من توانیم تێیدا سەركەوتوو بم بێ ئەوەی پشت بە دۆبلێر ببەستم.
دایكی میلا ئەكتەر بووەو لەم بارەوە دەڵێت: راستە دایكم ئەكتەر بووە، بەڵام ئەو رێگای ئەكتەری پێ نیشان نەدام، من هەر لە منداڵییەوە دەمزانی نواندن چییە، بەڵام نەمدەزانی كە دەبمە ئەكتەر.
سەبارەت بەو فیلمانەی كە تێیدا ماندوو دەبێت و پێویستیان بە توانای جەستەیی زۆر هەیە دەڵێ: ئەمە زیاتر پەیوەستە بە توانای جەستەیی خۆمەوە، چونكە ئەگەر كەمێكیتر قەڵەو بووایەم، ئەوا دەرفەتی زیاترم بۆ دەڕەخسا لە فیلمەكانی ئەكشن و دراما رۆڵم پێ بسپێردرێ، من پێشوازی لە هەموو ئەو رۆڵانە دەكەم كە پێشكەشم دەكرێن بێ ئەوەی گرنگی بە جۆری رۆڵەكان بدەم، راستە من زۆر رۆڵی درامیم نەبینیوە، بەڵام ئەمە بۆ من گرنگ نییە، بەڵكو گرنگ ئەوەیە ئەو كارەی ئەنجامی دەدەم تێیدا سەركەوتوو بم، تەنانەت ئەگەر گشت رۆڵەكانم ئەكشن بن، هەموو رۆڵەكان مایەی شانازین بۆ من، زۆر لە خانمە ئەكتەرەكان هەن كە ناتوانن رۆڵەكانی من ببینن ئەگەرچی لە دڵەوە حەز دەكەین بیانتوانیبا بەشداری تێدا بكەن، زۆر كەم لە ئافرەتەكان دەتوانن ئەم رۆڵانە ببینن بۆ نموونە ئەنجلینا جۆلی كە من سەرسامم بە رۆڵەكانی و دەتوانێت لە یەك كاتدا رۆڵی درامی، یان ئەكشن ببینێت، منیش دەتوانم ئەمە بكەم، بەڵام ئەنجلینا دەرفەتی زیاتری پێدراوە.